کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیاری مێژوویی

14:57 - 21 خاکەلێوه 2724

شەماڵ تەرغیبی

٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی، مەئموورەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، دوكتور سادق شەرەفكەندی، فەتاح عەبدولی ئەندامی كومیتەی ناوەندی و همایون ئەردەڵان كادری دێرین و نووری دێهكوردی، دۆستی حیزبیان، لە ڕێستورانی میكۆنووس لە بێرلینی ئاڵمان تێرۆر كرد. ئەم تێرۆرە ڕێك‌خراوە، لەلایەن دەوڵەتی كۆماری ئیسلامی بە مەبەستی زۆركردنی ترس و تۆقاندن لە كوردستان، بەرەبەست خستنە ڕێی چالاكییە سیاسییەكان و پێشگرتن لە خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەی كورد و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ئەنجام درا. بڕیاری جێبەجێ كردنی عەمەلیاتی میكۆنووس لە لایەن كومیتەی كاروباری تایبەتی كۆماری ئیسلامی درا كە لەو سەردەمەدا، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم، بەرپرسایەتی ئەم كومیتەی لە ئەستۆ بوو و سەرۆك كۆماری ئەوكات ئەكبەری هاشمی ڕەفسەنجانی، وەزیری ئیتلاعات، عەلی فەلاحیان و وەزیری كاروباری دەرەوە، عەلی ئەكبەر ولایەتی لە ئەندامەكانی ئەم كومیتەیە بوون. كومیتەی كاروباری تایبەت، فەلاحیانی كردبووە بەرپرسی چاوەدێری بەسەر بەڕێوەچوونی عەمەلیاتەكە. بە بوونی شایەت و دەسبەسەركردنی چەند كەس لە بەڕێوەبەرانی ئەم جینایەتە لەلایەن دەوڵەتی ئاڵمان و موحاكمە و سزادانی بەڕێوەبەرانی، لە بەر بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری لەگەڵ كۆماری ئیسلامی بەڕێوەبەرانی سەرەكی ئەم تێرۆرە سیاسییە تاكوو ئێستا دادگایی نەكراون.

تێرۆری دوكتور شەرەفكەندی و هاوڕێكانی درێژەی تێرۆرە بەرنامەرێژی‌كراو و ئامانجدارە سیاسییەكان لە لایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بوو. كۆماری ئیسلامی بۆ ناكاریگەركردنی دژبەرانی خۆی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دەستی داوەتە و دەیداتە هەموو جۆرە كردەوەیەكی نامرۆیی و نایاسایی لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا. یەكێك لەم كردەوانە، تێرۆرەكانی دەرەوەی وڵات بوو كە لە ڕەوتی ئەم كردەوەدا دوو كەس لە هەڵكەوتووترین ڕێبەرانی كوردی ئێران هاوڕێ لەگەڵ دەیان كەسایەتی هەڵكەوتووی سیاسی دیكە بوونە قوربانی.

خومەینی هەر لە سەرەتای شۆڕش، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی بە دوژمنی خۆی دانا و بە ڕاگەیاندنی جیهاد لە دژی نەتەوەی كورد بە فەرمی ڕێبەرانی حیزبی كردە ئامانج. لە بەر ئەوەیكە لە ڕوانگەی ئەوەوە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە ڕێبەرایەتیی دوكتور قاسملوو بەربەستێكی گەورە بوو بۆ گەیشتنی كۆماری ئیسلامی بە ئامانجە دژە مرۆییەكانی. دوكتور قاسملوو ڕێبەری هەڵكەوتووی حیزب بە سیاسەت و لێزانی دووربینانەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێراندا و هەروەها لێزانی لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا، پێگەیەكی شیاوی هەبوو كە بۆ خومەینی، كاربەدەستانی دیكەی حكوومەتی ئیسلامی و سیاسەتە دژە مرۆییەكانی ئەو قەبووڵ نەدەكرا.

دوكتور قاسملوو بە سیاسەتە ژیرانەكان و نیازی ئاشتیخوازانەی خۆی، كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كێشایە سەر مێزی وتووێژ. دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی كە لە ناخی خۆیاندا باوەڕیان بە مافی نەتەوەكان، كەمایەتییە ئایینیەكان بێجگە لە نەتەوەی حاكم و ئایینی شیعە نەبوو، ئەم دەرفەتەیان بە هێند وەرگرت و بە تێرۆرکردنی، ئەم سیاسەتڤانە هەڵكەوتوو و پەیامهێنەری ئاشتی و پێكەوەبوونەیان شەهید كرد.

كۆماری ئیسلامی بەڵام بە تێرۆری دوكتور قاسملوو نەتەنیا نەیتوانی پێش لە خەباتی مافویستانە و ئازادیخوازانەی نەتەوەی كورد بگرێ بەڵكوو ئەمجارەیان بە شێلگیری و فیداكاری زیاتر ڕێبوارانی ئازادی و هاوسەنگەرانی قاسملووی شەهید بەرەوڕوو بوویەوە. دوابەدوای ئەم كردەوە تێرۆریستیەی كۆماری ئیسلامی، حیزبی دێموکرات توانی بە ڕێبەری دوكتور سادق شەرەفكەندی، خەباتێك كە قاسملووی شەهید بەدەستیەوە گرتبوو، بە باوەڕێكی پوڵایین و هەنگاوی قایم بەرەو پێش بەرێ. پڕكردنەوەی بۆشایی ڕێبەریی حیزبی دێموكراتی كوردستان دوای شەهید بوونی دوكتور قاسملوو لە لایەن دوكتور شەرەفكەندی هەموو هەوڵەكانی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە مەبەستی سڕینەوەی دژبەران و بەتایبەت حیزبی ئێمە كە ڕۆڵی بنەڕەتی بۆ ئۆپۆزیسیۆن هەبوو، بێ ئاكام هێشتەوە. ڕێبەرانی شەهیدی ئێمە لە سیاسەتی وتووێژ و چارەسەركردنی ئاشتیخوازانەی پرسی كوردستان بەرگرییان دەكرد و لە هەوڵدا بوون تاكوو شێوازێك بێجگە لە توندوتیژی بكەنە بنەمای بنەڕەتی سیاسەتی حیزب. كۆماری ئیسلامی كە لە چارەسەركردنی ئاشتیخوازانەی پرسی كورد و هەروەها یەكگرتووی و یەكگرتنی حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن لە سێبەری هەوڵ و ڕۆڵی بنەڕەتیی دوكتور شەرەفكەندی لەو سەردەمەدا ترسیان لێ نیشتبوو، دیسانەوە بە دووپاتكردنەوەی سەرلەنوێ سیاسەتی جنایەتكارانی خۆیان و جارێكی دیكە ڕوویانكردە تێرۆری ناجوامێرانەی ڕێبەری حیزبی ئێمە.

بەڵگەكانی تێرۆری میكۆنووس وەها ڕوون بوون كە شوێنێكی بۆ گۆمان نەهێشتەوە. دادگای میكۆنووس یەكێك لە گرینگترین و درێژترین ماوەی دادگایی لە مێژووی ئاڵمان بوو. گوشارەكان و ئەو هەڕەشانەی كە لەلایەن ئێران و تەنانەت هێندێكجار كارشكێنی دەوڵەتی ئاڵمان لەبەر بەرژەوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ ئێران بۆ سەر دادستان و قازییەكانی پەروەندەكە، نەبووە هۆی بەرەوپێش نەچوونی و بڕیاری  بێ وێنەی دادگا، سیستم قەزایی و لێزانی قازییەكان بۆ ڕوونبوونەوەی پەروەرندەكە، زۆریەك لە هاوكێشە ڕەشەكانی كۆماری ئیسلامی ئاشكرا كرد. بە ڕوونبوونەوەی بڕیاری دادگا و مەحكوومكردنی كردەوەكانی "كومیتەی كاروباری تایبەتی كۆماری ئیسلامی" كە تا ئەوكات ئەركی سڕینەوەی فیزیكی دژبەرانی ڕێژیمی لە دەرەوەی وڵات لە ئەستۆ بوو، بۆ ماوەیەك پێوەندی ئێران لەگەڵ ئاڵمان و تەنانەت یەكیەتی ئۆرووپا ڕووی لە ساردی كرد. ئەم ڕێژیمە لە سەرەتای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات بە مەبەستی پارێزگاری كردن لە حكوومەتی ناڕەوای خۆی، هەموو بەها ئەخلاقی، مرۆیی، سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی ژێر پێ ناوە و كەڵكی وەرگرتووە لە هەموو شێوازە جۆراوجۆرەكانی توندووتیژی بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە نامرۆییەكانی . بۆیە ڕسوایی خۆیان و تەریك كەوتنەوە، زیانە ئابوورییە پشت‌شكێنەكان بۆ سەر ئێرانییەكانی گۆڕیوەتەوە بە لەنێوبردنی دژبەرانی كە خوازیاری مافی بەرابەر و دێموكراسی بوون.

ئەگەرچی ٢٧ ساڵ لەمەوپێش و لە ڕۆژی ١٠ی ئاوریلی ١٩٩٧ی زایینی کۆماری ئیسلامی مەحکوم کرا بەڵام وەک دواتریش دیتمان ئەم بڕیارە نەیتوانی بەتەواوەتی دەستی ڕێژیمی تاران لە ڕەشەکوژی و تێرۆر بقرتێنی و دەیان چالاکی سیاسی کوردی ڕۆژهەڵات بە دەستی ڕەشی سپای پاسداران تێرۆر و شەهید کران؛ هەر ئەم باسەش ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێتەوە کە تەنیا ڕێگا بۆ نەمانی ڕەشەکوژییەکانی ڕێژیمی تاوان لەڕاستیدا نەمان و سەرەونخوون بوونی ئەو ڕێژیمەیە کە بە تێرۆر و رەشەکوژی فرچکی گرتووە.