کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆی نوێ دەخاتە سەر کۆماری ئیسلامی

11:19 - 30 خاکەلێوه 2724

وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیاندا لە برووکسێل بڕیاریان دا کە گەمارۆکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاتر بکەن.

شارڵ میشێل بەرپرسی شۆرای یەکیەتیی ئورووپا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند کە یەکیەتیی ئورووپا لە هەمبەر هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل هەڵوێستێکی یەکگرتووانەی هەبووە.

میشێل پشتڕاستی کردووەتەوە کە یەکیەتیی ئورووپا هێرشەکە مەحکووم دەکات و ژمارەیەک گەمارۆی نوێ بۆ سەر کۆماری ئیسلامی پەسەند دەکات.

بەپێی وتەکانی بەرپرسی شۆرای یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆ نوێیەکانی ئەو ڕێکخراوە بۆ سەر ئەو شیرکەتانەی دەبێت کە لە بەرهەمهێنانی دڕۆن و مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕۆڵیان هەیە.

لەم کۆبوونەوەدا ژمارەیەک لە ڕێبەرانی وڵاتانی ئورووپا وێڕای مەحکوومکردنی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا، داوایان لە ئیسرائیل کردووە دانبەخۆداگرتنی هەبێت تاکوو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوە زیاتر بەرەو شەڕ و پێکدانان نەڕوات.

ئیسرائیل لە ڕۆژانی ڕابردوودا و ڕوو لەو کەسانەی وا پێشنیاری ئارامبوونەوەی دۆخەکەیان بە ئیسرائیل کردووە، ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل خۆی بڕیار ئەدات کە چۆن بەرگریی لە خۆی بکات.

شایانی باسە کە ڕێبەرانی ئەم وڵاتانە لەو کۆبوونەوەیەدا ڕێککەوتوون کە چەکوچۆڵی نوێ ڕادەستی ئۆکراین بکەن.