کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٢ی بانەمەڕ ڕۆژی خوێندکاری کورد

01:35 - 12 بانەمەڕ 2724

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

ئەندامانی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان!

خوێندکارانی بەهەست و خەباتگێڕی کورد!

بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی خوێندکاری کورد بەگەرمی پیرۆزباییتان پێ دەڵێین و ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی سیاسی و شوێندانەرتان لە سەنگەری خەباتی ڕووناکبیری شوناسخوازیدا دەگرین.

١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ ٥٦ ساڵ بەسەر ڕووداوێکدا تێ‌دەپەڕێ کە وەک لاپەڕەیەکی درەوشاوە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تۆمار کراوە و بۆتە ئیلهامدەری خەباتکاران و نیشتمانپەروەران، بەتایبەت خوێندکارانی دەروەستی کورد.

لەساڵی ١٣٤٦ی هەتاویدا ژمارەیەک لە خەباتگێڕانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەژێر ناوی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان و بە ئامانجی شکاندنی شەقڵی شەوەزەنگی چلەکانی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی چەخماغەی ڕاپەڕینێکی چەکدارییان لێدا و بەناو دوڕگەی سەقامگیری حەمەڕەزا شای پەهلەوییان شڵەژاند. لەو ڕاپەڕینە مێژووییەدا سمایلی شەریفزادە وەک یەکێک لە ڕێبەرانی ڕاپەڕینەکە و وەک خوێندکارێکی تێگەیشتوو و پێگەیشتووی کورد دەورێکی کاریگەر و شوێندانەری لەسەر وشیاریی نەتەوەیی و خەباتی شوناسخوازیی کورد هەبوو. سمایلی شەریفزادە، سەرچەشن و پێشەنگی ئەو پۆلە لە تێکۆشەرانی سیاسیی کورد بوو کە بە هەڵوێستی سیاسی و ئەکتی خەباتگێڕییان پێناسەیەکی نوێ و شوناسێکی نەتەوەییان بە خوێندکاری کورد و تێکۆشانی سیاسی و سینفیی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران بەخشی.

لەکاتێکدا کەشی سیاسیی ئێران لە دەیەی ٤٠ی هەتاویدا بەتەواوی کەوتبووە ژێر کاریگەریی بیری چەپ لەلایەک و بیری نەتەوەگەرای ئێرانی لەلایەکی تر، ژمارەیەک لە خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی تاران -یەک لەوان سمایل شەریف‌زادە- پەیوەندییەکی گوتاری و سیاسییان لەگەڵ بزووتنەوەی میللی-دیمۆکراتیکی کوردستان دامەزراند کە بوو بە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕەوتێکی رادیکاڵ و نەتەوەیی لە هەناوی بزووتنەوەی کوردستاندا کە حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێبەریی دەکرد. هاوکات پەیوەندییەکی مەعریفی و لە هەمان کاتدا دوولایەنە لەنێوان چەپی ڕادیکاڵ و نەتەوەخوازیی کوردیدا هاتە ئاراوە کە بزوتنەوەی چەکداریی ساڵانی ٤٦-٤٧ بەرهەمی ئەو گۆڕانکارییە بوو.

لەو قۆناغە لە مێژووی ئێراندا کە ئازادییە سیاسییەکان بەتوندی سەرکوت دەکران و هیچ هیوایەک بۆ ڕێفۆرمی سیاسی لە ئێراندا بەدی نەدەکرا، شەریفزادە و پۆلێکی دیکە لە لاوانی خوێندەوار و زانکۆدیتووی ئەو سەردەم سەنگەری خەبات و تێکۆشانیان لە زانکۆ و نێوخۆی وڵاتەوە بۆ چیاکانی کوردستان و بۆ نێو ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان گواستەوە. ئەوان وێڕای هەوڵدانیان بۆ بردنەسەرێی ئاستی وشیاری سیاسی و هزری نەتەوەیی و بەرجەستەکردنی خەسڵەتی سەربەخۆیی سیاسی لە حیزبی دێموکرات و بایەخدان بە تێکۆشان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بوونە هەوێنی وەڕێکەوتنی ڕاپەڕینێکی چەکداری لەدژی دەسەڵاتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی.

جووڵانەوەی چەکدارانەی کوردستان (١٣٤٧-١٣٤٦) یەکەم بزووتنەوەی چەکداری بوو لە ئێراندا کە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی جەماوەری وەزاڵەهاتوو بەرەوڕوو بوو، و بوو بە سەرەتایەک بۆ هەڵگیرسانی خەباتی پارتیزانی لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیشدا. سەرەنجام ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی کاک سمایل شەریفزادە و چەند هاوسەنگەرێکی دیکەی لە بۆسەیەکی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ناوچەی بانەدا شەهید کران.

خوێندکارانی نیشتمانپەروەری کورد!

خوێندکارانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەم و قۆناغی ئێستاشدا، بەشێکی چالاک لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەیانن. ئەوان لە نێوخۆی ئێران سەرەڕای زەبروزەنگی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەنێو زانکۆکان و لە سەنگەری شەقامیشدا لە ڕیزی پێشەوەی خەبات و تێکۆشاندا بوون. ئەویش لە بارودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاریەوە زانکۆکانی بە مەترسی بۆ سەر بنەما ئیدئۆلۆژیکەکانی دەزانێ و، ئۆرگان و دامەزراوەی جۆراوجۆری ئەمنیەتیی لە زانکۆکاندا جێگیر کردوە و هەوڵ دەدا دەنگی ئازادیخوازی و مافخوازی خوێندکاران کپ بکات. بەڵام سەرەڕای ئەوەش بینیمان کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، خوێندکاران لە بەشێکی زۆر لە زانکۆکانی کوردستان بوونە پێشەنگ و ئاوانگاردی ئەو شۆڕشە. کچان و کوڕانی خوێندکاری کورد لە زانکۆکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خواست و داواکارییە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکانیان لە کۆنتێکستی خەباتێکی ناسنامەخوازیی نەتەوەییدا کردە هەوێنی چالاکییەکانیان و کۆی پێکهاتەی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکی ڕێژیمیان کردە ئامانج.

شۆڕشی ژینا و ڕاپەڕینی بەربڵاوی خوێندکاران لە ڕەوتی ئەو شۆڕشەدا لە زۆر ڕووەوە درێژەی خەباتی شەهید شەریفزادە و هاوڕێیانی لەو سەردەمە دابوو و زۆر خاڵی هاوبەش لەو دوو قۆناغەدا بەرچاو دەکەون. ڕۆحی شۆڕشگێڕی و پێکهاتەشکێنی شەریفزادە و هاوڕێیانی لە بەگژداچوونەوە و ڕابوون دژی ستەمکاری و دیکتاتۆڕی، دەروەستیی نەتەوەیی و نیشتمانی و پەیوەستبوون بە بزووتنەوەی نەتەوەیی و هەروەها بووژانەوەی هیوای خوێندکاران بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی ئەو وێکچوونانەن کە چالاکییەکانی خوێندکاران لە شۆڕشی ژینادا بە خەباتی خوێندکاریی دەیەی ٤٠ی هەتاوی بە پێشەنگایەتیی شەریفزادە پێکەوە دەبەستنەوە. ئەوەش وای کردوە ڕێبازی شەریفزادە وەک ڕێبەر و هێما و پێشەنگی خوێندکاری کورد بەردەوام بەرهەم بێتەوە و ژیریی ناونانی ڕۆژی شەهیدبوونی شەریفزادە وەک ڕۆژی خوێندکاری کورد لە لایەن یەکیەتیی خوێندکارانی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە و پێشوازیی کۆمەڵگەی خوێندکاریی کوردی لەو ناونانە بەرجەستەتر بێتەوە.

حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران سەرەڕای ئەوەی بزاڤی خوێندکاریی کوردی بە بزاڤێکی گۆڕانخواز، نەتەوەیی و عەداڵەت‌ویست دەزانێ، بڕوای قووڵی بە ڕێکخستنی هەرچی زیاتری خوێندکاران هەیە بۆ وەسەریەکخستنی تواناکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆڕی و هەموو جۆرەکانی ستەمی نەتەوەیی، ڕەگەزی و چینایەتی، و لەو پێناوەدا هانی خوێندکاران دەدا پوتانسیەل و وزەی خۆیان لەپێناو ئامانجە بەرزەکانی ئەو بزاڤە بخەنە گەڕ.

حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لەژێر سێبەری گرینگیی خەباتی خوێندکاران و گرێدانیان بە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکیەتیی خوێندکارانی دیمۆکڕاتی کوردستانی دامەزراندوە و لەو ڕێگەیەوە پشتیوانی لە خەباتی خوێندکارانی کورد لە وەدیهاتنی ئامانجە بەرزەکانیان دەکا.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران وێڕای بەرزنرخاندنی یاد و بیرەوەریی شەهید سمایلی شەریفزادە سیمبۆلی بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردی، پیرۆزبایی ١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی خوێندکاری کورد لە بەڕێوەبەرانی یەکیەتیی خوێندکارانی دیمۆکڕاتی کوردستان، کۆمەڵگەی خوێندکاری و هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا و پشتیوانیی خۆی لە خەباتی شێلگیرانە و ڕوو لە گەشەی خوێندکارانی بوێر و پێشەنگی کۆمەڵگەی کوردی دووپات دەکاتەوە و زانکۆ و ناوەندە ئاکادمیکەکان چ لە بەرهەمهێنانی ئەندێشە و چ لە بواری چالاکیی مەیدانیدا بە بزوێنەرو پێشەنگی خەباتی جەماوەری دەزانێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی

١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی