کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوتریش/ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بۆ پێشگرتن لە لەسێدارەدانی تووماج ساڵحی

10:42 - 12 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی شەممە، ٨ی بانەمەڕ (٢٧ی ئاوریلی ٢٠٢٤)، لەسەر بانگهێشتی فۆرموی ئێرانییەکانی وڵاتی ئوتریش کە حیزبی دێموکراتیش ئەندامی چالاکی ئەو فۆرومەیە، ئەندامان و لایگرانی حیزب بەشدارییان لە خۆپیشاندانێک لە بەردەم پارلەمانی وڵاتی ئوتریش کرد.

لەم خۆپیشاندانەدا چەندین پەیام و وتە پێشکەش کران.

پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن دوکتور سەدیق زەرزا بە زمانی ئاڵمانی پیشکەش کرد.

دوکتۆر زەرزا لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە شۆڕشی گەلانی ئێران کرد کە نەتەوەی کورد لە ئێران هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، "نا"ی بەم ڕێژیمە وتووە. هەر ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی کە داخ لە دڵانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرش بکەنە سەر کوردستان و دەیان کۆمەڵکۆژیان لە گوندەکانی کوردستان کرد و بە دژی نەتەوەی کورد جیهادیان ڕاگەیاند و ئەوە دوای ٤٥ ساڵ ئەم بەڵا و موسیبەتە هەروا بەرۆکی نەتەوەکانی ناو جوغرافیای ئێرانی گرتووە.

کورد لە هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران زیاتر کەوتووەتە بەر زەربە و توندوتیژی و ڕەشەکوژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. هەر لە شەهیدکردنی خەڵکی بێتاوان، کۆڵبەران، ناڕازییانی سەر شەقام، چالاکانی بوارەکانی فەرهەنگی و ژینگە تا دەگاتە گەورە ڕێبەرە سیاسییەکانی وەک دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی کەە بەداخەوە بە دەستی کۆماری ئیسلامی شەهیدی کران.