کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ڕێپێوانی ١ی مەی لە شاری ستۆكهۆڵم

16:27 - 13 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕ، بەرانبەر بە  ١ی مانگی مەی، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی كرێكار،  پارتی سۆسیال دێموكراتەكانی سوید لە شاری ستۆكهۆڵم ڕێپێوانێكی بەرینی وەڕێخست كە وێڕای ڕێكخراوەكانی سەر بەو پارتە، ڕێكخراو و لایەنە سیاسی و ئێتنیكییەكانی وڵاتانی دیكە لەو ڕێپێوانەدا بەشدارییان كرد.

 لەو ڕێپێوانەدا ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە شاری ستۆكهۆڵم چالاکانە بەشدارییان کرد و بە وتنەوەی دروشمەکانی ''ژن، ژیان، ئازادی'' و ''ڕووخان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران'' سەرنجی بەشدارانیان بۆ لای خەباتی ڕەوای گەلەکەمان و نوێترین بەگژداچوونەوەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، واتە شۆڕشی "ژینا" یان وەبیر بەشداران هێنایەوە.

لە كۆتا وێستگەی ڕێپێوانەكەدا، چەند وتار و بڕگەی هونەری تایبەت بە ڕۆژی كرێكاران پێشكەش كران.

كۆمیتەی حیزبی دێموكرات لە شاری ستۆكهۆڵم برووشورێكی تایبەت بە ئاماری زیندانییان و ئێعدامەكانی ساڵی ڕابردووی لە ئێراندا، لەنێو بەشداراندا بڵاو كردەوە كە ئاماژەی دابوو بە سیاسەتی سەركوت و دیكتاتۆرییەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە نەتەوە جیاوازەكان بەگشتی و خەڵكی كوردستان بە تایبەتی.