کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی باوکی شەهیدێکی کوردستان لە مەهاباد

11:04 - 15 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی سێشەممە ١١ی بانەمەڕ، کاک عوسمان ڕەمەزانی ناسراو بە عوسمان دۆستاڵی، باوکی شەهیدێکی کوردستان لە گوندی سارەوانان سەر بە ناوچەی مەحاڵی مەهاباد، لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا و بە هۆی جەڵتەی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد.

کوڕێکی کاک عوسمان ڕەمەزانی بە ناوی عەلی ڕەمەزانی لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا بووە کە لە ڕۆژی ٣٠ی بانەمەڕی ١٣٦٣ی هەتاویدا، لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم لە گەڕەکی ئەرمەنییانی مەهاباد شەهید بووە و تەرمەکەی لە لاچین بە خاکی کوردستان سپێردراوە.

 کاک عوسمان له ساڵەکانی دوای شۆڕشی گەلانی ئیران له ناوچەی مەحاڵی مەهاباد و‌ ناوچەی مەنگوڕایەتی و شامات و شاروێران  یار و یاوری پێشمەرگەکانی حیزبی  دێموکرات بووه.

ماڵی کاک عوسمان لە گوندی سارەوانان شوێنی حەسانەوەی پیشمەرگە و بەتایبەت بەرپرس و‌ فەرماندەکانی هیزی شەهید پێشەوا بووە.

کوڕێکی ناوبراو بە ناوی ئیبراهیم ڕەمەزانی لە نێوان ساڵەکانی ٧٤ هەتا ٨٠ی هەتاوی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە و ئێستا لە وڵاتی ئەمریکا دەژیت.

تەرمی کاک عوسمان لەنێو ئاپۆڕای خەڵكی نیشتمانپەروەری ناوچەکەدا لە قەبرستانی سارەوانان و لە داوێنی شاخی بۆزداغ بە خاکی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.