کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆچی دوایی باوكی شەهیدێكی كوردستان لە ڕەبەت

11:07 - 15 بانەمەڕ 2724

شەوی پێنجشەممە، ١٣ی بانەمەڕ، حاجی سلێمان حوسێن پوور، باوکی شەهیدێکی کوردستان بە هۆی پیری و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کوڕێکی حاجی سلێمان بە ناوی حوسێن حوسێن پوور، ناسراو بە حوسێن ڕەبەتی

لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا شەهید بووە.

‎حاجی سلێمان پیاوێكی نیشتمانپەروەر، گەلدۆست و خۆشەویستی خەڵک بوو؛ حیزبی دێموكراتی زۆر خۆشدەویست و شانازیی  بەوە دەكرد كە حوسێنی كوڕی پێشمەرگەی دێموكرات بووە.

‎ شەهید حوسێن لە هێزی موعینیی سەردەشت پێشمەرگە بوو؛ ناوبراو كوڕێكی ئازا و ڕووخۆش و بە پڕەنسیب  بوو کە بەداخەوە لە تەمەنی لاویدا، لە ١٥ی گەلاوێژی ١٣٦٢، لە نزیک گوندی  بێشاسپی ناوچەی سەردەشت، لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگەی تر  كەوتە نێو كەمینی جاش و پاسدارەكانی خومەینیی جەلاد و شەهید  بوو.

تەرمی شەهید حوسێن لەلایەن هاوسەنگەرانیەوە بردرایە گوندی گڵكەند و لەوێ بە خاكی نیشتمان ئەسپێردرا.

‎ حاجی سلێمان دوای شەهیدبوونی کوڕەکەی لە كوێستانەكانی ڕەبەت و دەوروبەری، لە مارەدوێ و سوونێ و دەشتی كۆیە سەردانی كۆمیتە شارستانی ڕەبەتی دەكرد و لە نزیكەوە لە جێگەی حوسێنی  كوڕی، كادر و پێشمەرگەكانی حیزبی لە باوەش دەگرتن.

‎ ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم  و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.