کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهید و هاوسەری شەهیدێکی کوردستان لە سەردەشت

11:12 - 15 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی بانەمەڕ، خاتوو زێڕین کچی مەلا وسووی ئاڵوەتان، بە هۆی نەخۆشیی دڵ و دەمار کۆچی دوایی کرد.

خاتوو زێڕن کچی مەلا وسووی ئاڵوەتان، هاسەری فەرماندەی شەهید مەحمووده دۆڵ و دایکی شەهید باپیرە دۆڵ بوو.

ناوبراو لە گوندی ئاڵوەتانی سەردەشت چاوی بە دنیا هەڵێنا و هەر لەوێش لەگەڵ شەهید مەحموودە دۆڵ ژیانی هاوسەری پێک هێنا.

خاتوو زێڕین ژنێکی ڕووخۆش و دەم بە بزە و دایکێکی لێهاتوو و قارەمان بوو. خاتوو زێڕین لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا بە دایکی نیشتمان و قارەمانپەروەر ناودێر بوو.

خاتوو زێڕین شانبەشانی هاسەری شەهیدی وەکوو ڕۆڵەیەکی ئەمەگناسی نیشتمان هەر لە سەرەتای هەڵگریسانی شەڕەکانی ناوچەی سەردەشت و پیرانشار و ناوچەکە وەکوو پشتێکی بەهێز و قایم بوو بۆ هاوسەرەکەی و لە خزمەت نیشتماندا بوو و چەندین جار تووشی ئاوارەیی و ماڵ سووتان هات، بەڵام ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ورەی زیاتر دەبوو و زیاتر و باشتر پشتی هاوسەرەکەی و ڕۆڵەکانی هێزی پشتیوانی دەگرت.

لە دوای شەهیدبوونی فەرماندەی بەورە و وڵاتپارێز شەهید مەحموودە دۆڵ لەساڵی ١٣٧٢ی هەتاویدا، بە شێوەیەکی زۆر ئازایانە و سەربەرزانە هەردوو ڕۆڵی دایک و باوکی بۆ ڕۆڵەکانی بەجێ گەیاند و بە سەربەرزی ڕۆڵەکانی بە کۆمەڵگە و نیشتمان سپارد.

لە ساڵی ١٣٩١دا دوایادگاری شەهید مەحموود لە باوەشی خاتوو زێڕین دادەبڕن و بە دەستی ڕەشی تاوان و شەمشەمەکوێرەکانی تاریکپەرست شەهید دەکرێ.

ئەوەش دەبێتە هۆی برینێکی تازە و خەمێکی نوێ لەو بنەماڵەدا، بە تایبەت کە شەهید باپیر کۆرپەیەکی دوو ساڵان لە دوای خۆی بەجێ دێڵێ و ئەو تراژیدیایە لەو بنەماڵەدا دووپات دەبێتەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەماین دەزانێت.