کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی فەرماندەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە سوید

11:47 - 12 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی سێشەممە ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، کادری لێوەشاوە و فەرماندەری بەوەجی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کەریم پوورقوباد لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا لە شاری ستۆکۆڵمی پێتەختی وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.

کاک کەریم پوورقوباد ١٢ی خەرمانانی ساڵی ١٣٢٤ لە شاری سنە لە دایک بووە.

 کاک کەریم لە کاتی دەسپێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی لە ساڵی ١٣٥٧دا بە پلەی گرووهبان یەکەم لە پادگانی مەهاباددا خزمەتی دەکرد و یەکێک لەو پلەدارە سەربازییە شۆڕشگێڕانەی کورد بوو کە لە گرتنی پادگانی مەهاباد ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا.

کاک کەریم پوورقوباد دوای هاتنە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتەوە وەک فەرماندەیەکی لێوەشاوە ئەرکی فەرماندەیی هێزەکانی شەهید ''شەریف زادە''ی سنە، ''شاهۆ''ی هەورامان و شەهید ''پێشەوا''ی مەهابادی پێ ئەسپێردرا و بەوپەڕی لێوەشاوەییەوە ئەو ئەرکەی بەڕێوە برد.

ناوبراو لە ماوەی فەرماندەریی خۆیدا هەوڵی زۆری دا هێزەکانی ژێر فەرماندەریی خۆی لەگەڵ تێکنیکی نوێی شەڕ ئاشنا بکات و توانای بەرەنگاربوونەوەیان لە بەرامبەر هێزی دوژمندا بەرێتە سەر.

کاک کەریم وەک بەشێکی دیکە لە تێکۆشەرانی کورد ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی ئاوارەی هەندەران بوو و لە وڵاتی سوئێد دوور لە زێدی خۆی ژیانی تێپەڕ دەکرد، بەڵام دڵ و هۆش و بیری هەر لای کوردستان بوو. کاک کەریم پوورقوباد لەو ساڵانەی دواییدا بە دەست نەخۆشییەوە گیرۆدە ببوو. سەرەنجام هەر بە هۆی ئەو نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە کەسوکار و هاوسەنگەر و هاوبیرانی خۆی کرد و و درێژەدانی ڕێگای خەباتی بە ڕێبوارانی ڕێگای پڕ لە شانازیی خۆی سپارد.

ناوندەی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک کەریم پوورقوباد سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی ڕۆژهەڵات بە گشتی و شاری سنە بەتایبەتی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت .