کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: بۆ هەموو شتێک دەمانەوێ بە شوناسی کوردی و کوردستانی‌بوونی خۆمان بەرەوڕووی پرسەکانی ئێستا و داهاتووی ئێران ببینەوە

02:42 - 16 بانەمەڕ 2724

ئاماژە: کاک خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تازەترینی وتووێژیدا لەگەڵ "کوردکاناڵ" تیشکی خستە سەر ڕوانگە و سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بەنیسبەت چەندین پرس و بابەتی تایبەت بە حیزبی دێموکرات و چالاکییەکانی ئەم حیزبە. "کوردستان" پوختەیەک لەو وتووێژەی بۆ  خوێنەرانی گواستۆتەوە:

 

لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک ڕەخنە لە سەر تێڕوانین و قسەکانی جەنابت هەبووە، بۆ وێنە: لە میدیایەکی فارسیدا قسە دەکەی و کەڵک لە ناوی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی "ژینا" وەرناگری، یان لە جێگەیەکی تر ئەو ڕەخنەیە هاتووەتە سەر جەنابت کە دەڵێی دین لە سیاسەت جودا نییە، وڵامیی ئێوە بۆ ڕەخنانە چییە؟

پێشەکی زۆر خۆشحاڵم خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌ کاتێک چ بە فارسی چ بە کوردی دەدوێم، بەوردی سەرنج دەدەن و ئەگە ڕخنە و پێشنیاریشیان هەبێ بۆ حیزبی دێموکرات و وتەبێژەکەی پڕ بە دڵ وەری دەگرم. ئەوە بە مانای ئەوەیە بەینی ئێمە وەک حیزبی دێموکرات و کۆمەڵانی خەڵک پێوەندییەکی خۆش هەیە و تێ‌دەکۆشین ڕۆژانە شتەکان بۆ یەک ڕاست بکەینەوە. سەبارەت بە ناوی "ژینا" یان "مەهسا" ئەوە ڕاستە ئەمن لە وتووێژێکی فارسیدا ناوی ژینام نەهێناوە، تەنیا گوتوومە مەهسا و لەو وتووێژەدا بەڕاستی ئەوەم لە بیرچوو، دەنا ئێمە لە ڕێبەریی حیزبیشدا قسەمان لێ کردوە کە ئەوە جووڵانەوەی ژینایە. بەڵام چوونکە ئەو جووڵانەوەیە لە کوردستان و ئێراندا بووە و لە باری ناسنامە و یاساییەوە ناوی فەرمیی ژینا، مەهسایە، هەردووک ناو بەکار هاتوون، تەنانەت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا هەر دووک ناوی ژینا و مەهسا بەکاردێ. چەند ڕۆژ لەمەوبەریش لە کۆنگریسی ئەمریکا گەڵاڵەیەک بەناوی "گەڵاڵەی یاسای مەهسا" بە مەبەستی گوشاری زیاتر بۆ سەر ڕێژیمی ئێران پەسند کرا، بۆیە بەکارهێنانی هەردووک ناوی ژینا و مەهسا لە جێی خۆی‌دایە و هیچیان لە هیچیان کەم ناکات. بەڵام بۆ ئێمەی کورد دەبێ ژینا لە پێشتر بێ، هەروەها ئێمە دەبێ ئاڵقەی پێوەندی خۆمان لەگەڵ خەڵکی غیرە کوردیش کە ڕەنگە ئەوان زۆرتر مەهسا بەکار بێنن لەسەر شتی ئاوا تێک نەدەین.

دووهەم بە نیسبەت ڕەخنەی جیایی "دین لە دەوڵەت'' بەدرێژایی مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئێمە ئەسڵێکمان هەیە کە دەڵێ جیاوازیی دین لە دەوڵەت، بەس ئێمە ناڵێین جیاوازی "ئایین (دین) لە سیاسەت"، ڕەنگبێ لە داهاتووی ئێران هێندێک حیزبی مەزهەبی هەبن بەپێی یاسای بنەڕەتی بێنە نێو سیاسەت. لە یاساکەدا دەڵێت: دین لە دەوڵەت جیا بێ، واتا دەست‌تێوەردان لە کاروباری یاسا و ئیدارەی وڵات نەکات، ئەوە لە ڕۆژئاواش هەیە، ئێمە ئەرکدارین هەوڵ بدەین و بڵێن دین لە دەوڵەت جیاوازە نەک کەسێک بیرو باوەڕی مەزهەبی هەیە و حیزبێکی دینی دروست دەکا حەقی نییە سیاسەت بکا.

خەڵک بە گشتی لە هەڵبژاردنەکانی ڕەشەمەدا بە بایکۆت و دەنگ‌نەدانیان سەلماندیانەوە، ڕێژیمیان ناوێ، یان بۆنەکانی جێژنی نەورۆز لە کوردستان لە هەموو بوارێکەوە ئەوەندە یەکگرتوو و جوان بوو بە باشی پەیامی بێزاریی خۆیان جارێکی دیکەش گەیاند، جەنابت ئەو پێوەندییانەی خەڵک و ڕێژیم چۆن دەبینن؟

ئاماژەت بە دوو شتی باش کرد؛ هەڵبژاردنەکان و بۆنەکانی نەورۆز. ڕووداوی بەشداری‌نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردندنەکاندا لە ڕاستیدا پەیامێکی سیاسیی بەربەرین بوو کە کۆماری ئیسلامی هیچکات بەمجۆرە ڕووبەڕووی نافەرمانییەکی مەدەنی لە پێوەندی لەگەڵ ئەمرێکی یاساییدا نەبووە. لەهەمبەر چالاکییەکانی نەورۆزیش، زۆر پەیامی بۆ هەموولایەک بەتایبەت بۆ حیزبەکەمان تێدا بوو چونکە بۆچوون و هێماکانی حیزبی دێموکرات لە بەشێکدا ڕەنگی داوەتەوە کە دەبێ ساڵ بۆ ساڵ زیاتر پەرە بستێنێت. ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەخۆشییەوە هێندێک قۆناغی تێپەڕاندوە و دەبێ ئەمجارە بچێتە قۆناغی خۆ ڕێکخستنێکی تایبەت بەو دۆخە ئاراییە، تەنانەت ئەگەر باس لە ڕووداو و بۆنە جۆراوجۆرەکانی دیکەش بکەین ئەم ڕووداوانە و هەڵوێستی یەکگرتوانەی خەڵک چ بە ئێمە دەڵێ؟ ئەوە خەڵکە وردە وردە لە قۆناغی خۆڕێکخستنەوە داوا دژی ئەو ڕێژیمە دەکات، وردە وردە خەڵک بە دوایدا دەبێ بڕۆن. یەکێك لەوانە پرسی زمانی کوردییە، تەنانەت زمانی کوردی یەکێک لەو مژارانەیە کە لە هەموو دانیشتنەکانی حیزبی دێموکرات هەمیشە باسی لەسەرە، مەبەستم ئەوەیە ئەو ڕووداوانە دەبێ ئەرک و بەرپرسیارەتی بۆ هەموولایەکمان دروست بکات.

 نەبوونی بەرنامە و گەڵاڵەیەکی هاوبەش و پێکەوە کار کردن بووەتە کێشە و کۆسپێکی مەزن لەبەردەم کاروچالاکی ڕەوتە سیاسییە جۆراوجۆرەکان‌. زۆرێک لەوانەی تەنانەت خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی سەرتاسەریش دەزانن تووشی شپڕزەیی بوون، بۆ وێنە لە باسی "مەنسووری جۆرج‌تاون" کە دواتر ڕەخنەیان لێ‌دەگرت. بەو هەمووە ئاڵۆزی و کێشەیەی نێو ڕەوتە جۆربەجۆرەکان، داهاتوو چۆن دەبینن؟ لەم پێوەندییەدا، حیزبی دێموکرات بەرنامەی بۆ ئەوە چییە؟

پێشەکی بەنیسبەت دواڕۆژ، من گەشبینم، بە هۆی قەیران‌گەلی جۆراوجۆر کە ڕێژیم تووشی بووە وەک قەیران و گرفتی سیاسی، ئابووری، ئەمنییەتی، کۆمەڵایەتی، سیاسەتی هەڵەی نێوخۆیی و دەرەکی و ئاڵۆز و کێشە سازکردن لە جیهان و ناوچەکە، بەڵام نەفسی ئەوە ناتوانێ بنەمای لەنێوچوونی نیزام بێ. بۆیە ئێمە وەک حیزبی دێموکرات بە چوونە نێو خەبات و تێکۆشانێکی چڕوپڕتر و ئاڵتێرناتیڤ سازی بۆ دوای ئەو نیزامە، پێداگرین لەسەر جێگرەوەی ڕێژیم. لە مێژووی خۆمانیشدا و لە سەردەمی شۆرشی گەلانی ئێران حیزبی دێموکرات زۆر هەوڵی دا و یارمەتی بە دامەزراندنی "هەیئەتی نوێنەرایەتیی خەلقی کورد"دا کە دوکتور قاسملوو وتەبێژی بوو و پاشان "شوڕای میللیی مقاومەت" دامەزرا و دوکتور قاسملووش وەک ڕێبەری حیزبی دێموکرات بەشداری تێدا کرد، هەموو ئەوانە لە بیری ئاڵتێرناتیڤ بۆ داهاتووی ئێران بوون بەدوای هاتنەدەر لە شوڕای مقاومەت دیسانەکانە حیزب هەوڵی دایەوە، ئێمە بە دوای چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێران‌داین جا چوونکە لە ئاستی ئێران و کوردستاندا وەک حیزبێکی بەئەزموون و بەڕابردووین چاوەڕوانییەکان لە ئێمە زۆرترە، بەخۆشییەوە سەرنجەکان لە سەر ئێمە زۆرە، دوای "جۆرج تاون" کە ئێمە لەگەڵی نەکەوتین و زۆرێک لە شتەکانیمان پێ خەراپ بوو حیزبێکی ئاوا گەورە و بە ئەزموون کە داخوازییەکانی لە چوارچێوەی مەنشوورەکەدا نەدیتەوە، گەڵاڵەیەکمان داهێنا و دەگەڵ زۆر لایەن باسمان کرد و پۆلێنمان کرد بۆ ئەوەیکە لە چوارچێوەی ئێراندا شتێکی گشتگیر لەگەڵیان دروست بکەین، ئێمە لە قۆناغی کۆبوونەوەی، گفتگۆ و شیکردنەوەی بابەتەکان‌داین. کۆمەڵگەی ئێران تەجرووبەی ڕادیکالیزمی چەپ و ڕاست و مەزهەبی و  شتی سەیروسەمەری جگە لە دێموکراسی هەبووە، بۆیە گۆفتمانێکی هاوسەنگ بەو شێوەیە حیزبی دێموکرات بە دوایدا هەیە ڕاستییەکەی ڕەنگبێ لەگەڵ کێشەش بەرەوڕوو ببێ، بەڵام ئێمە کۆڵمان نەداوە و کاری لەسەر دەکەین.

کاک خالید ئەگە لە ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری بگەڕێین لە نێوخۆی کوردانیشدا بەداخەوە هێزی یەکگرتوو نییە، ئەو پەرش‌وبڵاوییەی لەنێو کورددا هەیە دۆخێکی دڵخواز نییە، ناوەندی هاوکارییەک هەبوو نەما یان کارایی نەما. حیزبی دێموکرات کە پێشەنگی خەباتە و یەکەمین حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، چۆن دەتوانن ئەو کێشە و گرفتانە چارەسەر بکات؟

ئەوە دەردە کوردە، بەداخەوە نەرمی‌نواندن و تەحەممول لە بەرانبەر یەکتردا کەمە، بەڵام ئێمە بە هەوڵ و تێکۆشانی هەموولایەک ناوەندیی هاوکاریمان دروست کرد، ئەوەندەی پێوەندی بە سیاسەتی حیزبی دێموکراتەوە هەبوو هەوڵمان دا گەورە بێتەوە، لە سەرەتای جووڵانەوەی ژینا دەوری باشی گێڕا، بەڵام دواتر کە لە ڕووکاریی پرسەکە تێ‌دەپەڕی و دەچیتە نێو ڕێکارەکان لەوێ لەسەر چۆنیەتیی کار لەگەڵ ئەحزابی ئێرانی بەتایبەت پرسی "جۆرج تاون" و ڕوانگە جیاوازەکان کێشە ساز بوو. هەڵبەت من ئەوە بە کارەسات نازانم، هۆیەکەی چییە؟ ئەو جووڵانەوەیەی سەری هەڵدا، دوای ئەوەیکە ئۆپۆزیسیۆن وەخۆ کەوتن بە تایبەت لە تێلیڤیزیۆنەکانی فارس زماندا، خەڵكێکی زۆر لە سیاسییەکان بە گشتی خافڵگیر ببوون و ڕەنگە ئەزموونی مەیدانی و چۆنیەتیی هەڵسوکەوت بۆ بەرەوڕووبوونەوەیان بەباشی نەبوو. لای حیزبی دێموکرات بنەمای سەرەکی ئەوە بوو بە شۆناس و کەسایەتیی کوردیی و کوردستانی‌بوونی خۆمان بەرەوڕووی پرسەکە ببینەوە، ئێمە ویشک و دەمارگڕژ نین و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێین. دواتر دیسانەکانە بە دەسپێشخەریی حیزبی دێموکرات کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کرا بۆ ئەوەیکە ناوەندیی هاوکاری چ لێ بکەین؟ ناوەندیی هاوکاری پەرەی پێ دەدەین؟ ناوەکەی دەگۆڕین؟ شتێکی دیکە بە وێژمانێکی نوێیەوە دروست دەکەینەوە؟ ئەوە لای حیزبی دێموکرات ئێستاش لە گۆڕێ‌دایە و ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین. ئەوەش بڵێم، بەرلە بزووتنەوەی ژیناش لەنێو ناوەندیی هاوکاری لەسەر چۆنییەتی تەعاموول لەگەڵ حیزبەکانی ئێرانی ڕای جیاواز هەبوو هەربۆیە نەگەیشتبووینە گوتارێکی هاوبەش بەڵام من ئاوای دادەنێم تەجرووبەیەک بوو، خەبات و تێکۆشانیش بەردەوامە.

بەرنامەی حیزبی دێموکرات بۆ ئاڵتێرناتیڤ‌سازی گەیشتە کوێ؟ جەنابتان وەک وتەبێژی حیزبی دێموکرات یان بەرپرسی یەکەمی حیزبی دێموکرات کاک مستەفا هیجری بەردەوام دەڵێن ئێمە بەرنامەمان هەیە و بەرنامەی حیزبی دێموکرات تایبەتییە.

 ئەوەیکە بەرنامەمان هەیە، بەڵێ وایە، ئەوەیکە کاری بۆ دەکەین ئەویش ڕاستە. لەو قۆناغەدا هەتا ئێستا هیچ لایەکمان بەباشی سەرکەوتوو نەبووین. بەرنامەی ئێمە جەوهەرەکەی ئەوەیە، بە دوای درووست‌کردنەوەی ئێرانێک‌داین یەک، کۆجێیی (تەمەرکوز)ی تێدا نەبێ. دوو، جیای دین لە دەوڵەت. سێ، مادام سیستەمی پاشایەتیمان ڕەد کردۆتەوە بەتایبەت لە قەزییەی جۆرج تاون، کەواتە سیستەمی کۆماری جۆڕێک وڵامدەرە. چوار، بنەما لەسەر ئەوەبێ جیاکاری بکرێ لە دەسەڵاتی ناوەند و دەسەڵاتی نەتەوەکان وەک ئەوەی ئێمە کە فیدڕاڵیزمە. هەر لە دوامین کۆبوونەوەی کۆماریخوازەکان کە خۆم لە ئاڵمان لەلایەن حیزبەوە بەشدار بووم لێ‌نزیک هێڵە گشتییەکانش هەر ئەوە بوون. لەڕاستیدا بەنیسبەت جاران بەردەنگمان هەیە، چونکە ئێمە لەوێ لەسەر چەندوچۆنی دامەزراندنی بنەما و لێک حاڵی بوونێک قسە دەکەین بۆ ئیدارەی داهاتووی ئێران، خۆ ئیدارەی داهاتوویی ئێران هەتا ڕێژیم نەڕووخێ جێبەجێ نابێ. جا ئەگەر وایە ئێمە داروولەلەمان بۆ ئەوەیکە ئەو نیزامە نەمێنێ چییە؟ یانی هەر دووک ئەو خوێندنەوەیە و چەندوچۆنی ڕووخانی ئەو نیزامەوە و چۆنییەتی ئیدارەی داهاتووی ئێران یەکێک لەو پرسانەیە، بەهەرحاڵ تەتەڵە و کێشەی جۆراوجۆری هەیە بەڵام ئێمە لەو باوەڕەداین نەچینە نێو خانەی خۆای نەخواستە دوژمنی و دوژمن‌داتاشی، جووڵانەوەی ئێمە دژی عەقڵییەتی دەسەڵاتە لە تاران، دەیهەوێ بڵێ ناتوانی پەراوێزم بخەی.

 

لە هێندێک مێدیای سێبەری کۆماری ئیسلامی باس لەوە کراوە جەنابتان یان کاک مستەفا هیجری لەو ماوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دانیشتوون، ئایا ئەوە ڕاستە؟

 مەسەلەکە دوو لایەنی هەیە، لایەنێک بنەمایە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئێمە تەنانەت لەسەردەمی پێشەوا و دواتر لە سەردەمی زێڕینی دوکتور قاسملووشدا هەبووە و گوتراوە کە چارەسەری کێشەی کورد لە هیچ‌کام لە پارچەکان بەتایبەت لە ئێران لە ڕێگەی شەڕەوە چارەسەر نابێ. لەو ماوەیەدا کۆماری ئیسلامی بە هەموو هێزەوە هەوڵی داوە ئێمە لەبەین بەرێ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، لە ئاکامدا وتووێژ لەلای حیزبی دێموکرات لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی قەت ڕەد نەکراوەتەوە و ئێستاش ڕەدی ناکەینەوە. ئەگە بگەڕێینەوە سەر بەشی دووهەمەکەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زۆر جار لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە داوای وتووێژ لە ئێمە کراوە، گرنگترینیان چەند ساڵ پێش بە نێوبژیوانی ڕێکخراوێکی نۆڕوێژی بوو لەوکاتەوە هەتا ئێستا هیچ وتووێژێک لە بەینی ئێمە و کۆماری ئیسلامیدا نەبووە.

وەک دوایین پرسیار، گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گرێبەستە تەناهییەکەی نێوانیان بە مەبەستی جۆراوجۆر بۆ سەر حیزبەکان بەتایبەت حیزبی دێموکرات چی بەسەرهات و بە کوێ گەیشتووە؟

لەو پەڕی گوشارەکان بۆ سەر ئێمە بەتایبەت لە کاتی مووشەک‌بارانەکاندا خەڵکی خۆشەویستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە نیگەران و هاودەردمان بوون. پێم خۆشە لێرە شتێکیان پێ‌بڵێم؛ حیزبی دێموکرات قۆناغی وای زۆر بینیوە، لە تێرۆری ڕێبەرانەوە بگرە هەتا مووشەکباران و کوشتن و بڕین و هەمووی ئەوانە، بەڵام ئێمە کۆڵمان نەداوە، کۆڵمان لە چیی نەداوە؟ لە خەبات و تێکۆشان لەدژی کۆماری ئیسلامی. بەشی دووهەم ئەوەیە ئێمە ئەو خەبات و تێکۆشانەی لە یەک شێوازدا نابینین و شوێنی ئەو خەباتەش ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، شوێنی لەدایکبوونی ئەو حیزبە ئەوێیە و ئەو شوێنەیە هەمیشە ئەو حیزبەیان پاراستوە، بۆیە ئەگەر گۆڕانکارییەک لە چەند و چۆن و مانەوەی ئێمە لە باشووری کوردستان ڕوو بدا ڕاستییەکەی کاریگەری زۆری لەسەر ستێراتیژی ئێمە نییە. ئێمە وتوومانە بە مووشک لێمان دەدەن، بەڵام ئێمە مووشکمان نییە لێیان بدەینەوە، بەڵام ئێمە شتی گەورەترمان هەیە، ئێمە خەڵکمان هەیە. لە کوردستان هەمیشە حیزبایەتی و کاری ڕێکخراوەیی ئەزموونێکی زۆری بووە کە ڕێژیمی ترساندوە هەر بۆیە بەدوای لێدانی جووڵانەوەی ژینا و ڕێبەرانی ئەو بزاڤە، بە مووشک و دڕۆن لێی‌ داین هەروەها پاکەتێکی ئەمنییەتی دا بە حکوومەتی عێراق و ئەو خاڵانە لەلایەن عێراقەوە لەگەڵ ئێمە باس کراوە و لەلایەن حکوومەتی هەرێم و هەروەها یوئێنیش لە جەریان دایە، ئێمە گوتوومانە کێشەمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و هەرێم نییە و دەست لە کاروباری عێراق وەرنادەین، بەڵام ئەوەندەی پێوەندی بە ئێرانە، دەتوانێ بە عێراق بڵێ لە خاکی ئێوەڕا پێشمەرگە نەنێرنەوە، ئێمەش نەمانکردووە و بە هەموو لایەکیشمان ڕاگەیاندوه، کاتێک هەزاران خەڵک لە نێوخۆی وڵاتدا خەبات و تێکۆشان دەکات چ پێویستیمان بەوە هەیە بچینەوە نێو شەڕ و عەمەلیات، مانەوەی ئێمەش لێرە پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە، کوردستان و عێراقیش ئەوە دەزانن.

هەروەها ئێمە ئەو بابەتەمان لەگەڵ هێندێک لایەن و وڵاتیش باس کردوە ئەوان حیزبی دێموکرات باش دەناسن و دەزانن ئێمە لەسەر ئاشتی و وتووێژ قوربانیمان داوە و دەزانن جووڵانەوەیەکی مەدەنی نێوخۆ لە گۆڕێدا هەیە و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی هەوەڵ دەدا ڕای گشتی بەلاڕێدا بەرێ و بڵێ لە دەرەوەی سنوورەکان هەڕەشە لە دژی ئێمە هەیە. دەمهەوێ بە خەڵکی کوردستان بڵێم، بەڕاستی خۆشحاڵین ئێوە هەمیشە لە خەمی ئێمەدان، کارەساتی زۆر ناخۆشمان بەسەر هاتووە و ئیوەش مافی خۆتانە نیگەران بن بەڵام، هەتا ئیوە لەوێ لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا بن، هەتا ئێوە بە نیسبەت مافەکانی نەتەوایەتی و سیاسی خۆتان تێ‌بکۆشن ئەو حیزبە لە ڕابردووشدا خۆڕاگر بووە و لەمەو بەدواش ئەو حیزبە هەر دەمێنێتەوە. بۆ؟ چونکە ئێوە هەن و ئێوە ماونەتەوە و ئێوە بەردەوام دەچنە پێش و ئێوەش ئەو حیزبەتان دروست کردوە.