کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خولێکی دیکەی وتووێژەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەبێ ئاکام کۆتایی پێهات

11:31 - 17 بانەمەڕ 2724

گرووپی حەماس، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بانەمەڕ بە دووپاتکردنەوەی داواکارییە سەرەکییەکانی خۆی ڕایگەیاند کە دوایین خولی وتوویژەکانی ئاگربەستی غەززە دوای وتووێژێکی قووڵ و جیددی لە قاهیرە کۆتایی هات.

 حەماس جەختی لەسەر داواکارییەکانی کردەوە کە ئیسرائیل جارێکی دیکە ڕەتی کردەوە و بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''ئاسۆشەیتێدپرێس''، دوای دەرکەوتنی نیشانە سەرەتاییەکان لە  بەرەوپێشچوونی وتووێژەکانی ئێستا، دورەدیمەنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە چاو پێشوو خراپترە.

هاوکات لەگەڵ ئەو وتووێژانە، ڕۆژی یەکشەممە حەماس هێرشی کردە سەر ڕێڕەوێکی سەرەکیی ئیسرائیل کە بۆ ناردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە بەکار دەهێنرا و ئیسرائیلیش ئەو ڕێڕەوەی داخست.

کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، بڵاوی کردەوە، لەم هێرشەدا ١٢ کەس بریندار بوون و دۆخی سێ کەسیشیان ناجێگیرە.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، حەماس سەبارەت بە ڕێککەوتن جیددی نییە و لەسەر ئۆپەراسینۆنی بەهێز لە داهاتوویەکی نزیک لە ڕەفەح و ناوچەکانی دیکەی غەززە، هۆشداری دا.

میدیاکانی میسر بڵاویان کردەوە، شاندی حەماس لە وتوویژەکانی ئاگربەست، قاهیرەی بۆ پێداچوونەوە بە دانوستانەکانی قەتەر بەجێ هێشت و بڕیارە ڕۆژی سێشەممە بۆ وتووێژی زیاتر بگەڕێتەوە پایتەختی میسر.

ئیسرائیل دەڵێت دژایەتیی ئاگربەستی هەمیشەیی دەکات و دەبێ حەماس لەناو ببەن. حەماسیش دەلێت خوازیاری ڕێککەوتنێک بۆ کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لە غەززەیە.