کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک لە وڵاتی نۆروێژ دژ بە لەسێدارەدانەکان لە ئێران، بەڕێوە چوو

11:45 - 17 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ١٥ی بانەمەڕ، خۆپێشاندانێک بە مەبەستی مەحکوومکردنی سەرکوتی ئازادیخوازانی ئێران و کوردستان و لەسێدارەدانی لاوانی شۆڕشگێڕ و بەتایبەتی تووماج ساڵحی بە بەشداریی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی و بەلووچ لەبەر دەرگای وەزارەتی دەروەی وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان لەلایەن هاوڕێ ئەمیر باباخانی، بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی ئۆسڵۆوە دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی ئامادەکراو بۆ ئەم گردبوونەوەیە بە زمانی کوردی لەلایەن کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە خوێندرایەوە و دواتر پەیامی فارسی لەلایەن کۆمەڵە-ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمیتەی نۆروێژ پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەم گردبوونەوەیەدا پەیامی نۆروێژی لەلایەن هاوڕێ ئەمیری باباخانییەوە خوێندرایەوە.

پاش خوێندنەوەی چەند سروودی شۆڕشگێڕی و وتنەوەی دروشم دژی کۆماری ئیسلامی وەک کۆتا بڕگە، پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان لە نۆروێژ لەلایەن ڕێبوار ئەحمەدزادەوە خوێندرایەوە.