کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە چەند شاری کوردستان و ئێران

11:48 - 17 بانەمەڕ 2724

بەپێی زانیارییەکان ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بانەمەڕ چەند کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بازاڕییان و سەندیکاکان و خانەنشینکراوان لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی گرتەڤیدیۆیەک ڕۆژی ڕابردوو کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی شاری کرماشان لە ناڕەزایەتی بە دابیننەکردنی مافەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و دژی گەندەڵی لەلایەن دەسەڵاتەوە دروشمیان دا.

ناڕازییان لە کرماشان بۆ پشتیوانیکردن لە مامۆستایان و کرێکارانی بەندکراو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دروشمیان دا و خوازیاری ئازادکرانی هەموو مامۆستایان و کرێکارانی بەندکراو بوون.

هەروەها ژمارەیەک لە خانەنشینکراوان لە شاری شووش سەر بە پارێزگای ئەهواز لە ناڕەزایەتی بە دۆخی خراپ و پێڕانەگەیشتن بە مافەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

لەلایەکی دیکەوە و لە درێژەی ناڕەزایەتیی زێڕنگەرییەکان ڕۆژی ڕابردوو زێڕنگەرییەکانی شاری مەشهەد مانیان گرت و دووکانەکانیان داخست.

پێشتر و لە ڕۆژانی ڕابردووشدا زێڕنگەرییەکانی شارەکانی تاران، ورمێ، شیراز، یەزد، ئێسفەهان، تەورێز، هەمەدان، زەنجان، ئەردەبێڵ و قوم لە ناڕەزایەتی بە پەسەندکراوێکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی سەبارەت بە باجدان، بە مانگرتن ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

هەر لەم ڕۆژەدا ژمارەیەک لە بازاڕییانی بەندەرعەباس و دوورگەی قشم لە ناڕەزایەتی بە نرخی باجی زێدەبایی (مالیات بر ارزش افزوده) کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی یاسای پەسەندکراوی بوودجەی ساڵی ١٤٠٣ نرخی باجی زێدەبایی لە ٩ لەسەدەوە بۆ ١٠ لەسەد بەرز بووەتەوە کە بە بڕوای کارناسانی ئابووری دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە بۆ بەرزتربوونەوەی هەڵاوسان و گرانیی شت و مەک لە ئێراندا.