کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەنگەسوارەکەی میراتگری حەماسەتی ماد و سەکاکان

12:57 - 17 بانەمەڕ 2724

شەنگەسوارەکەی میراتگری حەماسەتی ماد و سەکاکان (شەهید خەلیل مرادی)

 

برایم چووکەڵی

ڕێژیمی خو‌ێنڕێژی کۆماری ئیسلامی شەڕی لە دژی خەڵكی کوردستان‌ و جیهاد بۆ قەڵتوبڕی کوردستانی ڕاگەیاندوە. لە سەرتاسەری کوردستان شەڕ بەگەرمی بەردەوامە. سەعات ٣ی دوانیوەڕۆی دوایین ڕۆژەکانی هاوینی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوییە. لە گەڕەکێکی شاری سەقز بەرەو جادەی بانە شەڕەکە گەرمە و هەتا دێ گەورەتریش دەبێتەوە. بەردەوام لە پادگانیشەوە وەک تەرزە و باران تۆپ ‌و خۆمپارە بە سەر سەنگەر و هێزەکانی پێشمەرگە و ماڵی خەڵکدا دەبارێ. هەموو جارێ بە گرمە و بەرکەوتنی گوللەتۆپێک، ماڵێک یا لادیوارێک تێک‌دەڕمێ و دێتە خوارێ.

پێشمەرگە زۆربەی کۆڵانەکانیان گرتوە. هێلی‌کۆپتێر بە سەر شاری سەقزدا دەسووڕێتەوە و جارجارەش شوێنێک ڕاکێت‌باران دەکات. هێزەکانی جاش ‌و پاسدار کە بەردەوام پشتیوانیان بۆ دەهات بە کۆڵاناندا فشاریان خستووەتە سەر پێشمەرگەکان و بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزی دوژمن و پاشەکشەپێکردنی هەموو جارێ شەهیدێک یا چەند شەهید دەدران. لەپڕ ٥ پێشمەرگە لە پشتەوە گەیشتنە ئەو شەڕگەیە بۆ یارمەتیدانی هێزەکەی ئەو شوێنە. یەکیان پەستەک لەبەر و تەمەنی ٢٠ ساڵ بۆ سەرێیە و هەموو پێشمەرگەکان بە دیتنی گەشاونەتەوە. ئەو زۆر زوو لە ماوەی چەند دەقەدا پێشمەرگەکانی ڕێک خستەوە و هەر چەند کەس بە کۆڵانێکدا و، خۆشی لە پێشەوەی هەمووان دەستی بە پێشڕەوی کرد. لە ماوەی سەعاتێکدا هێزی ڕێژیم تێک شکا و بەرە و دواوە ڕاماڵدران. کەلاکێکی زۆری دوژمن لە کۆڵانەکاندا بەجێ ماون... . ئەوەی ئەو ڕۆژە بە ئازایەتی و لێزانییەکە هێزی دوژمنی بەزاند خەلیل مرادی بوو. خەلیل هەر ئەو ڕۆژە و بە فەرماندەیی ئەو شەڕە و تۆمارکردنی سەرکەوتنەکە پێشانی دابوو کە جێگەی هیوا و هۆمێدی حیزبەکەیەتی. "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەی "کوردستان" باسێک لە یاد و بیرەوەریی ئەو فەرماندە بلیمەت و ئازایەی حیزبی دێموکراتە:

ساڵی ١٣٣٨ و لەو سەروبەندەدا کە بەکرێگیراوانی شا، ساواک ‌و پۆلیس پەلاماری ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەدەن؛ ناوچەی سەقزیش لە ڕاوەدوونان ‌و گرتنی ئەندامانی حیزب بێبەش نەبوو. لە وەها بارودۆخێکدا خەلیل مرادی لە شاری سەقزی خوێناوی و لە داوێنی دایكێکی ڕووسوور چاوی بە دنیای ڕوون کردەوە. خەلیل لە تەمەنی ٧ ساڵیدا دەفتەر و قەڵەمی وە بن پیلی دا و ڕێگای خوێندنگەی گرتە بەر و دیپلۆمی وەرگرت. ئەو لە قوتابخانەش زۆر زیرەک، دەرس‌خوێن و لە هەمان کاتدا خۆشەویستی هەڤاڵانی بوو.

خەلیل پاش وەرگرتنی دیپلۆم بەڕێی ئیجباریی سەربازی کرا و پاشان لە ئەرتەش وەک دەرجەدارێک دامەزرا. ئەو لەو ماوەیەی لە ئەرتەشدا بوو، بەتەواوی هەستی بە هەڵاواردنی نەتەوەیی و چەوسانەوەی گەلەکەی کردبوو. بۆیە پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی‌ و ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزب هاته‌ نێو ڕیزی پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکرات. خەلیل زۆر زوو پێشانی دا که‌ ڕۆڵه‌یه‌کی هه‌ڵکه‌وتووی گه‌له ‌و ئیمانی به‌ ڕێباز و ئامانجەکەی هه‌یه ‌و ئاماده‌یە له‌پێناو ڕزگاریی گه‌له‌که‌یدا‌ هەموو گیانبازییەک بکات. ئەو کە لە ئەرتەشدا ئەزموونە نیزامییەکان فێری ببوو، هەمووی وەک وانە بۆ پێشمەرگەکان دەگواستەوە. خەلیل له‌ کاتی هێرش و په‌لامار بۆ سه‌ر دوژمندا ئازایانه‌ هه‌ڵی ده‌کوتایه‌ سه‌ریان و له‌ زۆربه‌ی شه‌ڕه‌کانی ناوچه‌ی سەقزدا به‌شداریی کرد و‌ هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌ری پێشەوەی شه‌ڕدا بوو. سەنگەرێک خەلیلی مرادیی لێ با دوژمن نه‌یده‌توانی خۆی ڕاگرێ و له‌به‌ر زه‌ربه‌ی ئه‌و نه‌ده‌وه‌ستا. قاره‌مانه‌تی و فیداکاریی ڕۆڵه‌کانی هێزی عەزیزی یوسفی به‌ تایبه‌تی شه‌هید خەلیل مرادی وێردی زمانی هه‌موو پێشمه‌رگه‌کان بوو.

زۆری پێ نەچوو خەلیلی قارەمان، لاوی دڵپاک ‌و شۆڕشگێر لەگەڵ نواندنی ئازایەتیی خۆی سەلماندی کۆڵنەدەر، لەخۆبوردوو، بەنەزم‌ و دیسیپلینە و زۆر زوو بوو بە جێی باوەڕی هاوسەنگەرانی‌ و خەڵكی ناوچەی سەقز. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بە فەرماندەری لک لەهێزی شەهید عەزیزی یوسفی دیاری بکرێ. شەهید خەلیل مرادی لاوی تێگەیشتوو و پیگەیشتوی حیزبەکەمان. کوڕی ڕەنج و کوێرەوەری توانی بە لێوەشاوییەکی زۆرەوە  وەک فەرماندەیەکی لێزان ئەرکی خۆی زۆر بەباشی بەڕێوە بەرێ. قارەمانەتیی ئەم ڕۆڵە تێکۆشەرە لە شەڕی نێو شاری سەقز، جادەی سەقز- بانە، سەقز-مەریوان  و شەڕەکانی ساڵەکانی ١٣٦٠و ١٣٦١ بۆ هاوسەنگەرانی پتر دەرکەوت. لەم شەڕانەدا خەلیل قارەمانانە هەڵی دەکوتایە سەر دوژمن و سەنگەر بە سەنگەر لەگەڵ دوژمنانی کوردستان شەڕی دەکرد. ساڵی ١٣٦١ لەسەر داوای خۆی نەقڵی دەفتەری سیاسی کرا و بەهۆی ئەوە لە سەرەتای شۆڕشەوە لەگەڵ شەهید دوکتور قاسملووە پێوەندیی هەبوو، لەلایەن ئەوەوە ڕێزی تایبەتی لێ‌ دەگیرا.

خەلیلی مرادی پاش ماوەیەک مانەوە لە بنکەی دەفتەری سیاسی وەک فەرماندەری لک لە هێزی شەهید هەژار دیاری کرا و لەو هێزەشدا زۆر ئازایانە لە بەربەرەکانی دژی هێزی داگیرکەر وەستایەوە. ئەو لە شەڕەکانی جادەی سەردەشت-پیرانشار و ناوچەی ئالانی سەردەشت ڕۆڵی زۆر باشی گێڕا، بە چەشنێک کە ببوو بەخۆشەویستی هەموو پێشمەرگەکانی ‌هێزی هەژار و وەک مامۆستایەکی سیاسی و نیزامی چاوی لێ دەکرا.

کاتێک ‌هیزەکانی کۆماری ئیسلامی لە پاییزی سالی ١٣٦٢ هێرشیان کردە سەر ناوچەی ئالانی سەردەشت‌ و ئەو ناوچەیان داگیر کرد، ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەر لە کاتی هێرش بۆ پایەگای نۆڕێ لە ناوچەی ئالانی سەردەشت پاش شەڕێکی قارەمانانە و دەستەویەخە گیانی پێشکەش بە نیشتمان کرد و بە شەهید بوونی تەمی خەم ناوچەی سەقزی خوێناوی ‌و هەموو کوردستانی داگرت.