کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زایەڵەی دروشمی "کرێکارانی جیهان یەک‌گرن"

13:03 - 17 بانەمەڕ 2724

دارسمە

ئەم‌ساڵ کەمتر لە هەفتەیەک بەسەر ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا تێ‌دەپەڕێت و جارێکی دیکەش ئەم ڕۆژەمان بە خێروخۆشی تێ‌پەڕاند. لەم دواییانەدا بە دەرکەوتنی ئامێری مێدیا و پێوەندی‌گرتن، بۆنە و ڕۆژانی گرینگ بە چەشنێک دەکەونە بەر باس و دەبنە بنێشتەخۆشکەی نێو دەم و ددانی مێدیا هەر مەپرسن. لە نێو جۆرەکانی مێدیاشدا تۆڕگەلی کۆمەڵایەتیی وەک "ماڵ بیلامانێ‌ پەڕ" و فەیس‌بووک و ئینستاگرام و تیک‌تۆک و ئەم شتانە هەر مەپرسن. جودا لە دەوڵەت و دەستەڵات و حیزب و میزب و گرووپ و مرووپ و دەزگا و مەزگا و نێوەند و مێوەند و ڕووناکبیر و مووناکبیر و شتی ئا لەم بابەتە، خەڵکی ئاسایی و سڤیل و ناسڤیل و ڕەشۆک و مەشۆکیش، هەر کامەیان لەبەرخۆیانەوە لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی چەند نەقیزەیەک دە مۆبایل یان کامیپوتیڕەکەیان دەکوتن و بەوێدا چەند لەت و سواڵەتێک دەخەنە سەر خەرمانی پێداهەڵدان و لێدوان و مێدوانی کۆن‌بووی سەبارەت بە ڕۆژانی گرینگ و مێژوویی.

خوا نەکات ساڵڕۆژی لەدایک‌بوونی گەورە کەسایەتییەکی باش یان خراپ و جەژنێکی کۆمەڵە کەسانێک و یان ڕوودانێکی سرووشتی بێت. ئەوکاتە لە سەروخواری کۆمەڵگەوە دەست دەکرێت بە ڕەنگاندن و نەخشاندنی تۆڕی بەربەرینی کۆمەڵایەتی و هەر پێت دەکرێت وێنە و گرافیک و لێدوان و دەقی هەمەچەشن بە زمانی جۆراوجۆر لەبەر یەکتر ڕابگری و لەعنەت و ڕەحمەتان بۆ دانەرانیان بە دوای یەکدا هەر بەوێدا تەنیا بە جووڵاندنی یەک دوو پەنجەی دەستان ڕەوانە بکەی و تۆش بەرەو دەریای هەراو و بێ‌بەستێنی دنیای مەجازی خۆت تووڕ هەڵدەی و پشت بکەیە ڕاستەقانی و لەنێو ئەم دەریا پڕ لە ڕاستگۆیی و درۆ و دەلەسەیە دەست بە مەلەباسکە و مەلە بۆقە بکەی. دیارە پەنجەبازیی سەر ئەم تەختەکلیلەی ئێستا بەندەی موخلیستان دەیکات، ئەویش بەشێکە لە بیلامانێ ئەو پڕۆژەی دەریا بێ‌بنەی داگیری کردووین.

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بۆنە و یادان، وەک هەمووتان دەزانن هێندێکیان لەوانی دیکە خۆشترن. یادی لەدەستدانی خۆشەویستان زۆر لە جەژنی نەورۆز و قوربان و ڕەمەزان و کوڵە چوارشەممە سۆر ناخۆش‌ترە. بەڵام لەنێو ئەوانی خۆشیشد‌ا هێندێکیان خۆشترن.

دیارە هەموویان بۆ خاوەنی مێدیا و دامودەزگای ڕاگەیاندن هەر خۆشن و لاپەڕەی پەڕگە و ڕۆژنامە و کاتی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنان پڕدەکەنەوە. بەڵام قسەی خۆمان بێت و لەنێو خۆمان دەرنەچێت و هەر من و تۆی خوێنەر بزانین، بۆ ژنان و پیاوان لە جیهانی سێهەمی ئێمەدا هیچکام لەم بۆنە و یادانە ناگەنە ٨ی مارس. لەم ڕؤژەدا ژنان و پیاوان یەک دەنگن و هەر دوولایان بە ژنان هەڵدەڵێن. تەنانەت پیاوانی ژن‌کوژ و کچ‌کوژ و دایک‌کوژیش دەسڕۆکەی سەرچۆپیی گەڕی شایی ڕۆژی ٨ هەشتی مارس دانانێن.

ڕۆژی کرێکارەکەی خۆشمان ئەوەندی لە ٨ی مارس کەمتر نییە. لەم ڕۆژەدا سەرۆک و بنۆک و وەزیر و گزیری وڵاتان دەست بە پێداهەڵدان بە شان و باهۆی کرێکاران دەکەن و لە سەر ئاسانکاری و ڕێکخستنی بژێوی ژیان و تێر و تەسەل‌کردنی ئەندامانی خێزانی کرێکاران دەیکەن بە شەڕە ڕاگەیەندراو و لێدوانێک، لەم نێوەدا سەگ خاوەنی خۆی ناناسێتەوە.

لەم ڕۆژەدا کۆنەچەپ و ڕێکخراو و سەندیکای کرێکاران دۆخەکە بە هی خۆیان دەزانن و هەست دەکەن خانەخوێی هەموو ئەو کەسانەن ئەم یادە دەکەنەوە. ئەوانی بە تەمەنیان، بایەک داوێنە بەرچێڵەیان و مێژووی دەیان ساڵ چالاکیی کرێکاری لەنێو گۆپیاندا کۆ دەکەنەوە و بە کارگە و باڵەخانە بەرزەکانی‌دا دەپڕژێنن و ئەگەر کرێکارانی زەحمەتکێش خۆی لەبەر لانەدەن ڕەنگە لە سەر ئەسکەلەی باڵەخانەی ناتەواو بکەونە خوارەوە یان دەستان بکەوێتە بە مەنگەنەی ئامێری گارگان و دیسان هەواڵێک ببێتە بێشتەخۆشکەی مێدیای نێوخۆ و جیهانی.

لەم ڕۆژەدا دروشمی "کرێکارانی جیهان یەک گرن" لە هەموو دروشمان بەوەج‌ترە. ئەمە لەکاتێک‌دایە داواکاریی یەکەم ڕۆژی جیهانیی کرێکاران لە سەد و سی و حەوت ساڵ لەمەوبەرەوە هەتا ئێستا بەدی‌نه‌هاتووە و زۆربەی هەر زۆری کرێکارانی جیهان هەروا هەوڵ دەدەن ماوەی کارکردنیان لە ٢٤ کاتژمێردا تەنیا ٨ ڕۆژ بێت.

بەشێکی زۆری ئێمەی کوردیش پشتمان کردووەتە دروشمی ڕزگاریی نەتەوە و بەوپەڕی خوێنگەرمییەوە دروشمی "کرێکارانی جیهان یەک گرن" دەڵێینەوە و لە دەستمان نایەت کرێکارانی پەرش و بڵاوی وڵاتێکی وەک ئێرانیش لە دەوری ئەم دروشمە کۆ بکەینەوە. لە ماوەی ئەم چل پەنجا ساڵەی ڕابردوودا هەر ئێمە ئەم دروشمە دەڵێینەوە و کرێکارانی "فوولادی موبارەکەی ئیسفەهان" و "کۆمپانیای مینۆی ئەبهەر" و "کۆنسێرڤی چین‌چنی خوراسانی ڕەزەوی" و "نەیشکەری جنووب" و ئەوانی دیکەش بەشی هەرە بەرچاویان دەبن بە بەسیج و بەگژ کرێکارانی ئەوێ و هەموو میلەتی کورددا دەچنەوە. دێن لە کوردستان فیشکان دەتەقێنن و گوللـه بە تاریکییەوە دەنێن و دڕۆنەوە لەوێ خۆیانی پێ خانەنشین دەکەن و هەتا کۆتایی ژیانیان لە تەڕی دەخۆن و لە وشکی دەخەون. بەڵام ئێمە وەک نیوە هوشیاران دروشمەکەمان لەسەر دەمە و دەڵێینەوە: "کرێکارانی جیهان یەک‌گرن".