کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزب لە ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی شۆرای ئورووپا

18:15 - 17 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی بانەمەڕ (٢٥ی ئاوریلی ٢٠٢٤)، مستەفا قازیزادە، بەشی پێوەندییەکانی دەرەوە لە وڵاتی ئاڵمان، لەسەر بانگهێشتنی فەرمیی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان لە رێوڕەسمی ٧٥ ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی شۆرای ئورووپا لە پارلەمانی ئاڵمان بەشداریی کرد.

شۆرای ئورووپا لە ڕۆژی ٥/٥/١٩٤٩ لە دوای شەڕی جیهانیی دووهەم بە مەبەستی چاوەدێریکردنی ڕەوتی ئاشتی، دێموکراسی و مافی مرۆڤ دامەزرا. ئەو ڕێکخراوەیە نەخشی سەرەکی لە دەستەبەرکردنی دێموکراسی و مافی مرۆڤ لە ئورووپا دەگێڕێ کە ٤٧ وڵاتی ئورووپا ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیەن.

چەند کەسایەتیی یاسایی و سیاسیی ئاڵمان لە چەند بەشدا باسی مێژوو و چۆنیەتیی پەرەئەستاندی ئەو  ڕێکخراوەیەیان کرد. خاڵێکی دیکەی باسەکە مافی مرۆڤ لە وڵاتی تورکیا بوو.

مستەفا قازیزادە لە پەراوێزی ئەو ڕێوڕەسمەدا گفتوگۆی لەگەڵ دوو ئەندام پارلەمانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان، خاتوو دەریا تورک ناخباوێر و بەڕێز فرانک شوابێ هەبوو.