کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار

12:42 - 12 بانەمەڕ 2724

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە. دەقی ڕاگەیەندراوەکە ەم چەشنەیە:

هاونیشتیمانیانی هێژا؛

ئێمە لە ساتەوەختێکدا پێشوازی لە سەد و سی و پێنجەمین ساڵوەگەڕی یەکی مەی دەکەین، کە پێکهاتەی ئابووری کوردستان و بەم پێیەش دۆخی چینی کرێکار لەم نیشتمانە بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی خاوەن سەروەری هەڵگڕی جیاوازییەکی بەرچاوە.

هۆکاری سەرەکیی ئەم جیاوازییەش دەگەڕێتەوە سەر ئەو سیستەمە کؤڵۆنیالیستییە کە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی ئێران لە کوردستاندا جێگیر کراوە. یەک لە دەرهاویشتە وێرانەکەرەکانی ئەم سیستەمە ئیستیعمارییە ئەوەیە کە لە هەنگاوی یەکەمدا سەرجەم سەرچاوە و سامانە سروشتییەکانی کوردستان لە فۆڕمێکی داگیرکارانەدا بە دەستی دەوڵەتی ناوەند و کاربەڕێکەرانی ناوچەیی و هەرێمی ئەو ناوەندە بەڕێوە دەچێت و سوودی لێوەردەگیرێت.

لە هەنگاوی دووهەمدا، ئەم مودێلە داگیرکارانە ڕێگا نادات کە سەرمایەداری کورد لەسەر جوگرافیای کوردستان وەبەرهێنان لە پرۆژەگەلی ئابووری زەبەلاح و بەرهەمهێنەردا بکات. لە دۆخێکی ئاوادا، نە تەنیا پێشەسازی لە کوردستاندا پێک نایە، بەڵکوو بەم پێیەش

کرێکاری کوردیش لە پرۆسەی گەشەکردنی خۆیدا هیچکات نابێتە خاوەن ئەم پێشمەرجانەی کە بتوانێت بە گوێرەی پڕۆلیتیاریای وڵاتانی خاوەن پیشەسازی فۆرم بگریت.

دەرئەنجامی پڕ ئێش و ژانی ئەم دۆخە، شکڵگرتنی نموونەیەکی تایبەتە لە هێزی کاری هەرزان لە کوردستان کە هێندیک جار لە فۆرمی کۆچێکی داسەپاو، دەبنە ئەو گشتە کرێکارە ڕەش و ڕووتانە کە بە مەبەستی پەیداکردنی بژیوی ڕۆژانە بە لێشاو ڕوو لە شارە گەورەکانی ناوەند دەکەن، هێندێک جار لە هەیبەتی هەزاران هەزار ژن و منداڵ و بنەماڵەدا دەبنە کرێکاری وەرزیی کوورەخانەکان و سەختترین دۆخی کاردا خشتپێژی دەکەن و هێندێک جاریش لە کاراکتەری کۆڵبەردا، لە هەژماری هەزاردا، بە باری گرانەوە لەسەر پشت، لە سەرما و گەرمادا بە دۆڵاندا دادەگەڕێن، بەرەوە لووتکە هەڵدەکشێن و ڕێچکە دەبەستن، سنووری دەستکرد دەبڕن و زۆر جاریش لە گەڕانەوەدا دەکرێنە نیشانەی فیشەکی سەربازیی دەوڵەتی داگیرکەر هەتا بە خۆینی گەشیان دوند و کەند و تەلان و پێدەشتەکانی نیشتمان ڕەنگین بکەن.

ئێمە وەکوو یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێمان وایە و پێداگرین لەسەر ئەوەی کە پەیوەندییەکی دیالیکتیک لە نێوان سیستەمی چەوسانەوەی داسەپاو بە سەر کرێکار و هەژاری کورد لە لایەک و کوردبوونی ئەم هەژار و کرێکارە لەلایەکی دیکەوە هەیە.

بە واتەیەکی فۆرمگرتنی کاتێگۆڕیگەلی کۆمەڵایەتیی وەکوو کۆڵبەری کورد، ژنی خشتپێژی کورد، کرێکاری هەرزانی کورد و هەموو ئەم تراژێدیایە پەیوەندیدارانەی کە ئەزموون دەکرێت پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە کوردبوونی ئەم تۆێژانەوە هەیە. هەر بۆیەش ئێمە پێمان وایە کە ڕەهایی چینی کرێکاری کورد تەنیا و تەنیا لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕزگاری نیشتیمانی دا دەستەبەر دەکرێت.

 

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١ی مەی ٢٠٢٤