کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری ڕێکخراوی یەکگرتوویی دژی ئێرانی ناوکی سەبارەت بە کەڵکوەرگرتنی سپای پاسداران لە زانکۆکانی سوید

11:28 - 18 بانەمەڕ 2724

ڕێکخراوی یەکگرتوویی دژی ئێرانی ناوکی لە ڕاپۆڕتێکدا ڕایگەیاندووە کە لە توێژینەوەکانیاندا دەرکەوتووە سپای پاسداران بە کەڵکوەرگرتن لە پێوەندییەکانی نێوان زانکۆکانی ئێران و سوید، بەرنامە سەربازییەکانی خۆی پەرە پێ بدات.

لەم ڕاپۆڕتەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە دەوڵەتی سوید ئاگاداری ئەم هەوڵانەی سپای پاسداران نییە هاتووە کە ٨ زانکۆی سوید کە هاوکاریی زانستییان لەگەڵ زانکۆکانی ئێراندا هەیە، لەلایەن سپای پاسدارانەوە بۆ پێشکەوتنی بەرنامە سەربازییەکان کەڵکیان لێ وەرگیراوە.

ئەم ڕێکخراوە زیادی کردووە کە ڕێککەوتننامەیەک لەژێر ناوی "یاسای گشتیی زانست و تێکنۆلۆژی لە بواری بەرگری و ئەمنییەتی ئیسلام"دا لە نێوان فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، وەزارەتی زانستی ئێران و "شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی" واژۆ کراوە و لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوییەوە لە زانکۆکانی ئێران بەڕێوە دەچێت.

ئەم ڕێککەوتننامە هەموو زانکۆکانی ئێران ئەرکدار دەکات تاکوو خاوەندارێتی ڕۆشنبیری و مافەکانی هەموو توێژینەوە زانستییەکان ڕادەستی سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بکەن.

یەکگرتوویی دژی ئێرانی ناوکی جەختی کردووەتەوە کە ئامانج لەم ڕێککەوتننامە ئەوەیە کە لە هەموو توانا زانستییەکان بۆ گەشەی تێکنۆلۆژییە سەربازییەکان کەڵک وەربگیرێت و زانکۆکان لە هەر دوو ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی وەک ئامرازێک بۆ گەیشتنی ڕێژیمی ئیسلامی بە ئامانجەکانی لە بواری چەکوچۆڵدا، بەکار ببرێت.

لە ئاکامدا ئەم ڕێکخراوە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بەپێی وەها ڕێککەوتننامە و ستراتێژییەک سپای پاسداران دەستی بە هەموو هاوکارییە زانستییەکانی نێوان زانکۆکانی ئێران و سوید ڕادەگات و کەڵکی لێ وەردەگرێت.

ئەم ڕێکخراوە باسی لەوە کردووە کە لە ڕێگەی نامەوە هەموو ئەو زانکۆیانەی سوید کە لەگەڵ زانکۆکانی ئێران هاوکارییان هەیە ئاگادار کردووەتەوە و نیگەرانییەکانی خۆیان سەبارەت بەم پرسەیان پێ ڕاگەیاندوون.

شایانی باسە کە پێشتریش هەندێک لە زانیارییەکان دەریخستبوو کە لانیکەم ١١ زانکۆی بەناوبانگی بریتانیایی کە هاوکاریی ئاکادیمیکیان لەگەڵ زانکۆکانی ئێران هەبووە، ئاکامی توێژینەوە زانستییەکانیان لە پەرەدان بە بەرنامە دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆڵی هەبووە.