کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی خواردنگەی ڕۆمانۆی سەقز بە هۆی پێبەندنەبوون بە حیجابی زۆرملێ

12:34 - 18 بانەمەڕ 2724

بەپێی زانیارییەکان ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بانەمەڕ خواردنگەی ڕۆمانۆی شاری سەقز لەلایەن ئیدارەی چاوەدێریکردن بە سەر شوێنە گشتییەکانی فەرماندەیی ئینتزامیی ڕێژیم لەو شارە، بە هۆی پێبەندنەبوون بە یاسای حیجابی زۆرەملێ، بۆ ماوەیەکی نادیار داخرا.

بەڕێوبەرایەتیی خواردنگەی ڕۆمانۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە کە بە هۆی داخرانی خواردنگەکە لە چوارچێوەی گەڵاڵەی حیجاب، پیشەی ٥٠ کەس لە کارمەندانی ئەم خواردنگەیە کەوتووەتە مەترسییەوە.

خواردنگەی ڕۆمانۆ یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری سەقزە و لە شەواندا گۆرانی و بەرهەمی کوردی بە شێوەی زیندوو بەڕێوە دەچێت و  داخرانی خواردنگەکە ناڕەزایەتییەکی بەرچاوی لەلایەن خەڵکی شارەکەوە بە دواوە بووە.

شایانی باسە کە ڕێژیم بە مەبەستی جێبەجێکردنی سیاسەتە دژەژنەکانی خۆی ماوەیەکە هەوڵ ئەدات تاکوو بە داخستنی شوێنە بەناوبانگە گشتییەکان لە شارەکانی ئێراندا وا بکات کە ئازادیی پۆششی ژنان و کچان لەو شوێنانەدا سنووردار بکریت.