کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووانەی خەڵک و دەسەڵات، هەنگاوێک هەتا داڕمان

19:45 - 18 بانەمەڕ 2724

ڕەزا دانشجوو

ڕەنگە یارییەکانی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی فوتباڵ لە قەتەر کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینا، بتوانرێت وەک خاڵی وەرچەرخان لە گەورەبوونەوەی کەلێنی نێوان حکومەت و خەڵکی ئێراندا دابنرێت. کاتێک لە کۆتایی کێبڕکێی نێوان کۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوژمنی ساختەکاری هەمیشەیی دەزگای پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامی و حکومەتێک کە ڕێژیم بە شەیتانی گەورە  ناوی دەبات، دەیان هەزار کەس لە خەڵکی شارە جیاجیاکانی ئێران هاتنە سەر شەقامەکان و سەبارەت بە دۆڕانی ئێران بەو ئەمریکایە ئاهەنگیان گێڕا و چەپڵەیان بۆ دوژمن لێدا! ڕێژیم ناتوانا لە لێکدانەوەی ڕووداوەکان و تێگەیشتن لەو وەرچەرخانە مێژوویییە، وەک هەمیشە لە تەنگانەکاندا چارەسەری لە پەنابردن بۆ هێز و ئەمجارە تەقەکردن ڕاستەوخۆ لە خەڵکەکەی بینی! ئەو ڕۆژەی کە خەڵکی ئێران ئاشکرا خۆشحاڵیی خۆیان لە سەرکەوتنی شەیتانی گەورە! بەسەر کۆماری ئیسلامیدا نیشان دا، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەر کاتێکی تر هەستی بە دوورکەوتنەوەی خەڵک و بارودۆخی نالەباری خۆی کرد.

ئەمە سەرەتایی بزووتنەوەیەکی بەردەوام بوو کە بە تێپەڕبوونی کات بووە هۆی دابەشبوونێکی سیاسیی ڕوون لەنێوان خەڵکی ئێراندا. کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی عەلی خامنەیی کە ساڵانێکی زۆر بە سیناریۆی" خودی و غیرخودی" و دابەشکردنی بە سەر دوو لایەندا، لە کاتی قەیرانە نێوخۆیەکان سەدان کەسی لە بازنەی دەسەڵاتی خۆی دوور دەخستەوە، ئەمجار بینەری پەراوێزخستنی خۆی و بەکرێگیراوانی لەلایەن خەڵکەوە بوو. ئێستا هەرکەسێک لە هەر پلەوپایە و پۆست و مەقامێک ئەگەر لایەنگری و پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی بکات لای خەڵک گوێ‌لەمستی حکومەت، بەکرێگیراو و بریکاری دیکتاتۆره و دەخرێتە لیستی ڕەشی گەڵ. وەرزش، سینەما، سیاسەت هیچ جیاوازییەکی نییە. ئێستا تەنانەت نیزیکبوونەوە لە کەسانی سەر بە دەسەڵات یا بەشداریکردن لە کۆرو کۆبوونەوە حکومییەکان لای خەڵک گوناحێکی گەورەیە و شەرعیەت بەخشینیە بە حکوومەتی دیکتاتۆر.

ئەوەی لەم نێوەندەدا زۆر جێی سەرنجە ئەوەیە کە هەموو ئەم بزووتنەوەیە بەتەواوی سەربەخۆیە و لە نێوخۆی ئێرانەوە ڕێک‌دەخرێت و بە پاڵپشتیی خودی خەڵک دەچێتە پێش. خاڵێکی گرنگی تر کاریگەریی ئیرادەی خەڵکە کە بووەتە هۆی ئەوە کە تەنانەت زۆر لە کەسانی نزیک لە دەسەڵات لە ترسی بایکۆتی خەڵک هەوڵ بدەن لانیکەم بەڕواڵەت خۆیان لە دەسەڵات دوور پێشان بدەن. ئەم ئاسته لە کاریگەریی بیروڕای گشتی وای کردوه زۆرێک لەو کەسانەی که لە ڕووی سادەیی یان بە مەبەستی سوودوەرگرتن دۆستایەتی دەسەڵاتیان کردوە ، ناچار بن لهژێر بارگرانی ئەو گوشارانەدا داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن!

ئێستا میتر و مێعیار و پێوەریی ڕاستگۆیی دژایەتیکردنی لێدوانەکانی ڕێژیمە، هەر هەواڵێک لە میدیاکانی ڕێژیمەوە بڵاو بێتەوە لای خەڵک باوەڕپێنەکراو و دوور لە ڕاستیییە. لەم وەرچەرخانە مێژوویی و چارەنووسسازەدا دووانەیی دەسەڵات و خەڵک بە جۆرێک لە یەکتر دوور دەکەونەوە کە هەر ڕۆژ بە بەراورد بە ڕۆژی  پێشووتر زیاتر بیروبۆچوونەکانیان دژ بە یەکترن. بەڕوونی دەتوانین بڵێین میللەت و حکومەت هیچ زمانێکی هاوبەش بۆ دیالۆگ شک نابەن و هیچ ئیرادەیەکیشیان بۆ دۆزینەوەی زمانێکی هاوبەش و چارەسەری ئەم کێشە نییە. بۆ خەڵک تەنیا بژاردە تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامییە و بە هیچ شتێکی کەمتر لەوە ڕازی نابن. ئەم دژایەتی کردن به ڕادەیەک گەیشتووه کە تەنانەت ئەو هێزانەی ئێستا دژی کۆماری ئیسلامین بەڵام سەردەمانێک بەشێک لە کۆماری ئیسلامی بوون، لەلایەن خەڵکەوە ناڕاست و جێی متمانە نین! لەڕاستیدا ئەوەی خەڵکی ئێران بەدوایدا دەگەڕێن، تەنیا لابردنی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو لە نێوبردنی هەموو ئەو بایەخ و نۆرمانەیە کە کۆماری ئیسلامی بۆ بنەما ئایینیەکانی یان لانیکەم بۆ پێشاندانی پڕەنسیپە ساختەکارییەکەی ساڵانێک هەوڵی پاراستنیانی داوە.

ڕەنگە بتوانرێت یاسای حیجابی زۆرەملێ بە گەورەترین نۆرم و بەهای دەستووریی کۆماری ئیسلامی دابنرێت کە لە ئێستادا لە دووانەی حکومەت و خەڵکدا باسی لێوە دەکرێت. کۆماری ئیسلامی حیجاب وەک خاڵێکی سەقامگیرکردنی بەها دەستوورییەکانی خۆی دەزانێت و هەر پاشەکشەیەک لێی بە کوشندە و ناڕەوا بۆ خۆی دادەنێت. لەلایەکی دیکەوە کومەڵگە بە تایبەت ژنان سەرەڕای تێچوویەکی یەکجار، زۆر بە ئیرادەتر لە پێشوو لە دژی ئەم حوکمە حکوومەتییە ڕێژیم خەبات دەکەن.

نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە ئەوەی بە ململانێی دژی حیجابی زۆرەملێ ناو دەبرێت زۆر فراوانترە لە چەمکێکی سادەی ئایینی کە پێی دەگوترێت حیجاب. ئەوپەڕی کاڵفامییە ئەگەر کەسێک خەیاڵی ئەوە بکات هۆکاری ئەو هەموو توندوتیژی و هەراسانکردن و زیندانیکردن لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ڕێزگرتن لە حوکمێکی شەرعی و دینییە! حوکمێکی ئایینی و شەرعی کە مشتومڕی زۆری لەسەرە و تەنانەت چەندین جار لەلایەن زۆرێک لە ئاخوندەکانی نزیک لە دەسەڵاتەوەش ڕەخنەی لێ گیراوە ! حیجاب بۆ کۆماری ئیسلامی هەمان ڕووخانی دیواری بێرلینە! داڕمانی دۆمینەی نۆرم و بەها درۆیینەکان کە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە لە پشتیەوە خۆی حەشارداوە! بەدڵنیاییەوە  ئەگەر کەسێک هەر ئەمڕۆ بەڵێنی بە کۆماری ئیسلامی بدا خەڵکی ئێران بە لابردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ ڕازی دەبن و هیچی تریان گەڕەک نییە، ڕێژیم هەر ئەمڕۆ لەم یاسایە پاشەکشەی دەکرد!

هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل وەک کاردانەوە بە کوشتنی چەندین فەرماندەی ڕێکخراوی تێرۆریستیی سوپای پاسداران لەلایەن ئیسرائیلەوە دەتوانرێت وەک تازەترین بەشی چیرۆکی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک و حکوومەت ناو ببڕێت. کاتێک دوای ماوەیەکی زۆر پڕۆپاگەندە و هەواڵ بێ‌بنەما و قیژەوهەرا و لێدوانی یەک لە دوای یەک بۆ وەرگرتنی  تۆڵەیەکی سەخت لە ئیسرائیل, هەموو شتێک بە هاویشتنی چەند مووشەک کە زۆرینەیان تەنانەت نەگەیشتنە ئیسرائیل کۆتایی پێ هات. جگە لە فەزیحەی مووشەک و درۆنەکان کە بۆ ماوەیەک بوون بە بابەتی نوکتە و گاڵتەکردنی بەشێک لە میدیاکانی ناوچە وجیهان، پێویستە ئاماژە بە کاردانەوە سەرنجڕاکێشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بکەین. ئەو کاردانەوەیەی کە هەر لە یەکەم ساتەکانی دەسپێکی ئەم شانۆ گاڵتەجاڕییە بە دروستکردنی سەدان بابەت و ڤیدیۆ و نوکتە بۆ گاڵتەکردن تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی گرتەوە و هاتە سەر لوتکەی ڕووداوەکان! کۆماری ئیسلامی کە هیوادار بوو بە نواندنی ئەم شانۆیە لانیکەم بەشێک لە کۆمەڵگە لەگەڵ خۆی هاوڕێ بکات، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی زۆر ئالۆز بوو. چڕیی ئەو لێشاوە ئەوەندە گەورە بوو کە سازمانی ئیتلاعاتی ڕێکخراوی تیرۆریستیی سپای پاسداران لە کاردانەوەیەکی بێوێنەدا هەڕەشەی لە خەڵک کرد کە هەر چەشنە سووکایەتی کردن و گاڵتەکردن بەم هێرشە، تاوانە و بەتوندی مامەڵە لەگەڵ تاوانباران دەکرێت!

 ئێستا دەتوانین بڵێین خەڵک و دەسەڵات بەتەواوی لە یەکتر جیابوونەتەوە و لە دوو بەرەی جیاواز ڕووبەڕووی یەکتر سەنگەریان گرتوە! شەڕی نێوان خەڵک و دەسەڵات چووەتە قۆناغی خەباتی ئایدیۆلۆژییەوە، ئێستا لە چاوی خەڵکەوە، هەر کەس و هەر شتێک کە لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی‌دایە دوژمن و چەوتە و، هەرکەس و هەرشتێک کە دژایەتیی کۆماری ئیسلامی بکات، دۆست و هاوپەیمان و باشە!

دوای گەندەڵیی سیستماتیک و قەیرانی مەشروعیەت کە بوون بە هۆکاری بۆشایی نێوان خەڵک و حکوومەت، ئێستا دوا ئەڵقەی زنجیری پەیوەندی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ خەڵک پساوە و ڕێژیم لە لێواری هەڵدێرە. ڕەنگە با و بارانێک بێتە کۆتایی‌هێنەری ئەم ڕەشاییە و سڕینەوەی ئەم پیساییە لە مێژوو. بایەک لە هەناسەی هەزاران فەقیر و هەژاری بندەستی کۆماری ئیسلامی و بارانێک لە فرمێسکی هەزاران دایکی خەمگین کە ڕۆڵە قارەمانەکانیان بوون بە قوربانیی دڵڕەقیی و دڵڕەشیی دیکتاتۆری پیر! دووانەی خەڵک و دەسەڵات ئاخرین ئاڵقەی ئەم چیرۆکە تاڵەیە! هەنگاوێک هەتا داڕمان!