کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانە/ ئاگادارییەک لەلایەن کەسانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیم

12:20 - 19 بانەمەڕ 2724

کۆمەڵێک لە دڵسۆزان و نیشتمانپەروەرانی شاری بانە لە پێوەندی لەگەڵ شانۆگەریی نوێی ڕێژیم بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێکی حکوومەتی لە ڕۆژی  پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕ لەم شارەدا ئاگادارییەکیان بڵاو کردەوە و داوایان لە خەڵکی بانە کرد ئەو شانۆگەرییەی کۆماری ئیسلامی بەتوندی بایکۆت بکەن.

لەو ئاگادارییەدا هاتووە کە فەرمانداری، شارەداری و شۆرای شاری بانە بە یارمەتیی ئیدارەی ئیتلاعات و سپای پاسداران و هێزی ئینتزامیی بانە بەبۆنەی لەدایکبوونی حەزرەتی مەعسوومە کە لە ڕۆژژمێری فەرمیی ڕێژیمدا بە ڕۆژی کچ ناودێر کراوە،  بڕیاڕە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕ، لە سەیرانگای دووکانان و پیرمرادی بانە بەرنامەیەک بە ناوی ڕۆژی کچی کوردی ئێرانی بەڕێوە ببەن.

باس لەوە کراوە کە ئەم بەرنامەیە بە بوودجەی شارەداریی بانە بەڕێوە دەچێت و بریتییە لە ڕێزگرتن لە کچان و ژنانی بەسیجی و جاش و کاربەدەست لە دامەزراوە حکوومەتییەکانی بانە و هەروەها بە بانگهێشتی گۆرانیبێژانی فارس لە تاران بە نیازن بە پێداهەڵگوتن بە حەزرەتی مەعسومە و کاربەدەستانی ڕێژیم ڕای گشتیی خەڵکانی نێو ئێران و جیهان بەلاڕێدا بەرن .

لە ئاگادارییەکەدا هاتووە کە خەڵک بۆ گوێگرتن لە وتەی کاربەدەستانی ڕێژیم بانگهێشت دەکەن و دەیانەوێت ئامادەبوونی خەڵک لەو شوێنەدا بکەن بە مۆری تەئیدی ڕێژیم لەلایەن بەشداربووانەوە. هەروەها بە بیانوی گۆرانی و هەڵپەڕین دەیانەوێت دژی ڕێورەسمی نەورۆز کە لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان و بە ئامادەبوونی لاوان و ژنان و کچانی دلێری وڵات بەڕێوە چوو، بەرنامەی خۆیان بەڕێوە ببەن.

دڵسۆزان و نیشتمانپەروەرانی شاری بانە داوایان کردووە کە هەموو لاوان و ژنان و کچانی نیشتمانپەروەری شاری بانە لە درێژەی خەبات و بەرەنگاریی مەزنیان دژی ڕێژیمی ئێران و بە هەڵوێستێکی ئینسانی و نیشتمانی دژی کوژران و ئەشکەنجە و دەستدرێژی بۆ سەر کچانی بێتاوان و کوشتنی کۆڵبەران و سەرکوتی پتر لە ٤٥ ساڵەی لاوانی ئازادیخواز، ئەو بەرنامەیە بایکۆت بکەن و ئەو شانۆگەریە ڕیسوا بکەن.