کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤەنکۆڤێر/ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە تووماج ساڵحی

10:52 - 10 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕ(٢٧ی ئاوریلی ٢٠٢٤)، خۆپیشاندانێک لە ناوەندی شاری ڤانکۆوێری کانادا و بە مەبەستی پشتیوانی لە  گەلانی ڕاپەریوی ئێران و شەرمەزارکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ تووماج ساڵحی بەڕێوە چوو.

هەڵوەشاندنەوەی سزای ناڕەوای لەسێدارەدان بۆ تووماج ساڵحی و  ڕەزا ڕەسایی و هونەرمەندان و چالاکانی سیاسی، بە تێرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران، و دەرکرانی نوێنەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوەند و بنکە نێونەتەوەییەکان، بەشێک لە داوا و ویستی ئامادەبوانی ئەو خۆپیشاندانە بوو.

بەڕێز جۆناتان  ویلکینسۆن ئەندامی پارلەمان و وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکان، کە ئەرکی وەکاڵەتی تووماج ساڵحی وە ئەستۆ گرتوە، لە پەیامێکدا ناڕەزایی توندی خۆی و  دەوڵەتی کانادای ڕاگەیاند و بەڵینی دابوو لە هەوڵەکانی بەردەوام بێ.

لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمە، هەر یەک لە هاوڕێیان کەیۆمەرس بەیگی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب، سۆهراب کەریمی، بەرپرسی ڕێکخستن و ڕەسووڵ سوڵتانی ئەندامی حیزب، پەیام و وتاریان پێشکەشی ئامادەبووان کرد و وێڕای دژایەتی لەگەڵ سزای ئێعدام، باسیان لە سەرکوت و جینایەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە دژی گەلی کورد و نەتەوەکانی تری ئێران کرد چون تەنیا ڕێگای لەناوبردنی ئەو ڕێژیمە نگریسە و دواڕۆژێکی ڕوون بۆ ئێران یەکیەتیی گەلانی ئيران لەسەر ئەساسی ڕێزگرتن، دێموکراسی و مافی نەتەوایەتییە.

شایانی باسە کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئيران- ڕۆژاوای کانادا وەک ئەندام لە کۆمیتەی بەڕێوەبەری، لە ڕێکخستن و ئامادەکاری و بەڕێوەبەردنی ئەو خۆپیشاندانە دەوری سەرەکیی هەبوو و بەشداریی بەربڵاوی هاوڵاتییان و ئەندامان و دۆستانی حیزب بە ئاڵای کوردستان و هێما نەتەوەییەکان بەرچاو جێگای ڕێز بوو.