مستەفا هیجری: دژایەتیی رێژیمی ئێران لەهەمبەر سەربەخۆیی کوردستان بۆ ئێمە شتێکی تازە و سەیر نییە

زایینی: ٠٥-٠٨-٢٠١٤ - هەتاوی: ١٣٩٣/٠٥/١٤ - ١٢:٥١ تاران
مستەفا هیجری: دژایەتیی رێژیمی ئێران لەهەمبەر سەربەخۆیی کوردستان بۆ ئێمە شتێکی تازە  و سەیر نییە
کوردستان میدیا: رۆژنامەی دەستوور لە ژمارەی ٨٤ی خۆیدا وتووێژێکی لەگەڵ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهێناوە.


دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

دەستوور: بەڕێزتان بەگشتی‌ گۆڕانکارییەکانی‌ عێراق و هەرێمی‌ کوردستان لەدوای دەستبەسەرداگرتنی‌ هەندێک ناوچە لەلایەن داعشەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

مستەفا هیجری: گۆڕانگارییەکانی عێراق دوای دەسبەسەرداگرتنی موسڵ و چەند شوێنێکی دیکە لە عێراق بە بۆچوونی من بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی بەڕێوەبردنی حکوومەتی عێراق کە بەڕێوەبەرییەکی سەقەتە، ناسیاسی و نا قانوونی بووە. ئەو حکوومەتە لە سەرەتای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتەوە تا ئێستا نەیتوانیوە متمانەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە کەلە چەند نەتەوەی جیاوازی ئایینی و تایفی پێکهاتووە بەدەست بهێنێت، بە شێوەیەک کە هەمووی ئەو نەتەوانە عێراق بە وڵاتی خۆیان بزانن و لەژێر چەتری یاسایەکی دێموکراتیکدا هەموو لایەک بە مافی یەکسانەوە پێکەوە بژین و وڵاتەکەیان بەرە‌و پێش بەرن ناڕەزایی‌ بوونی پێکهاتە جیاوازەکان لەو حکوومەتە بە درێژایی ساڵانی رابردوو ‌و دەستەوەستانی حکوومەت لە دۆزینەوەی رێگاچارەی‌ ئەم کێشانە فەزایەکی سیاسی گونجاوی پێکهێنا بۆ ئەوەی داعش، پاشماوەکانی ئەفسەر‌و ئەمنەکانی بەعس، عەشیرەتە سوننییەکان لە پەنای خەڵکی ناڕازیدا ریزەکانی خۆیان یەکگرتوو بکەن و بتوانن بەشێک لە ناوچەکانی عێراق کە لە باری سیاسی و جوغرافییەوە گرنگن داگیر بکەن و بیبەستنەوە بەو ناوچانە لە سووریە کە لەژێر کونترۆڵی داعش دایە.

خاڵێکی گرنگی دیکە کە لێرەدا پێویستە هیمای بۆ بکەین ئەوەیە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە وڵاتانی بەهێزی ناوچەش لەم فەزایە کەڵکیان وەرگرت و بە مەبەستی مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەستیان خستە ناو عێراق و هەرکام لە پێکهاتەکانیش وەک سوننە و شیعە بۆ بەهێزبوونی خۆیان ‌و شکست پێهینانی لایەنی دژ بەخۆیان پاڵی وەیەکێک لەو هێزانە دا و دەتوانین بڵێن تا ئاستێک بوونەتە کارتی کایەی دەستی ئەو هێزانە و لە ئاکامدا شەڕە ناوخۆیی‌یەکەی عێراق بوو شەڕی پراکسی proxy ( شەڕی نیابەتی) کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەک و بەرەی بەشێک لەو وڵاتانی‌ دەوڵەمەندی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودی لەلایەکی دیکە.

ئەم هۆیانە ‌و زۆر هۆی دیکە پێمان دەڵێن کە پێدەچێ‌ ئەم ئاڵۆزی و ئاژاوەیە درێژخایەن ‌و خوێناوی بێ، گۆڕینی سەرۆک وەزیرانیش لەوپەڕی خۆیدا دەتوانێ تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت ئارامییەکی رێژەیی پێک بێنێ، بە کورتی دوورە دیمەنی پێکەوە هەڵکردنی ئەم پێکهاتە فرە جیاوازییانە کە هێندێکیان دوژمنایەتیی مێژوویی‌یان لەگەڵ یەکتر هەیە جێگای هیواداری نییە.

ئەو گۆڕانکارییانە دەتوانێ بۆ کورد ببێتە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ئەوەی بە قازانجی خۆی کەڵکی لێ‌ وەربگری و مسیری چارەنووسی خۆی دیاری بکا بەشێوەیەک کەلە بەرژەوەندی خۆیدا بێ، بە مەرجێک هێزە سیاسییەکانی کورد یەکڕیز بن و دوژمنانی گەلی کورد و لەسەرووی هەموویان کۆماری ئیسلامیی ئێران نەتوانێ جیایی لە نێوانیاندا ساز بکا ‌و ئەو دەرفەتەیان لە کیس بدا.

دەستوور: پێتان وایە گۆڕانکارییەکی‌ بەرفراوانی ناوچەیی بەڕێوەیە؟

مستەفا هیجری: ئەگەر ئەم لێکدانەوەی لەسەرەوە باس کرا لێکدانەوەیەکی دروست بێ ئاکامەکەی دەبێتە گۆڕانکاری لە ناوچە بەتایبەت لە پانتایی عێراقدا. بەرفراوان بوون یان بەرتەسک بوونی ئەو گۆڕانکارییانەش بەشێکی بەستراوەتەوە بە وەزعی داهاتووی سووریە و دەوڵەتەکانی ناوچە کە رەوتی کایەکەیان بەدەستەوەیە.

دەستوور: پێتان وایە دوایین گۆڕانکارییەکانی‌ عێراق لە درێژماوەدا لە قازانجی‌ کورد کۆتایی پێ بێت بەتایبەتی‌ داوی ئەوەی‌ کورد کەرکوکی‌ گرتەوە؟

مستەفا هیجری: من لەو بڕوایە دام کە ئەگەر کورد بە یەکگرتوویی و هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی ورد بچێتە نێو کایەکەوە دەتوانێ زۆرترین قازانج لەو وەزعە بکا، تەنانەت بە مانەوە لە چوارچێوەی عێراقیشدا. بەڕاستی هەلێکی نایابە کە بۆ کوردی باشوور هەڵکەوتوە ‌و ئەگەر لە کایەکەدا هەڵە بکا‌ و لە کیسی بدا لە بەرانبەر مێژوودا بەرپرسیار دەبێ.

دەستوور: ئێوە چۆن دەڕواننە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی‌ کوردستان؟ پێتان وایە کاتی‌ ئەوە هاتووە هەرێمی‌ کوردستان دوای راپرسی سەربەخۆیی راگەیەنێت؟

مستەفا هیجری: بۆ سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستان فاکتەری سەرەکی ئابوورییەکی بەهێزە کە کوردستان بە بوونی یەدەکێکی بەرفراوانی نەوت ئەو فاکتەرەی لە بەردەست دایە کە ئەو فاکتەرە دەتوانێ فاکتەرە سیاسییەکەشی بۆ دەستەبەر بکا، ئەگەر بێت و خەڵک بۆ ماوەیەک قەناعەت بکەن و بەرگەی زەخت و زۆرەکانی دوژمنانی سەربەخۆیی کوردستان بگرن و پشتی حکوومەتەکەیان بگرن.

فاکتەری گرنگی دیکەش بێجگە لە قسە و باسەکانی ئاشکرا کە لەسەر راگەیانە گشتییەکان دەکرێن، چۆنیەتیی سات و سەودای حکوومەتی هەرێم لەگەڵ وڵاتەکانی ناوچە و رۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکایە کە تا چەند لەو راستایەدا یارمەتیدەری دەبن، رێگای بەڕووی دنیادا بۆ دەکەنەوە لە کۆتاییدا ئەو سەربەخۆیی‌یە بەڕەسمی دەناسن. ئەو بەشەش بۆ من ئاشکرا نییە، بۆیە ناتوانم پێشنینی بکەم کە سەربەخۆیی رادەگەیەنن، یان نا.

دەستوور: ئێران بە ئاشکرا و راستەوخۆ دژایەتیی‌ خۆی بۆ سەربەخۆیی‌ هەرێمی کوردستان راگەیاندووە، هەڵویستی‌ حیزبی دێموکرات لەبارەی‌ کاردانەوەکانی‌ ئێران چییە؟ پێتان وایە ئێران بۆ ئاوا خێرا و بە توندی‌ هەڵویستی‌ گرت؟

مستەفا هیجری: ئەوەی کە ئێران لە پێش هەمواندا‌ و بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ هەرێم راگەیاندووە بۆ ئێمە شتێکی تازە نییە ‌و لامان سەیر نییە. کۆماری ئیسلامی دژی مافە نەتەوایەتییەکانی کوردە لە هەموو بەشەکاندا. کۆماری ئیسلامی بە دیدێکی ئەمنیەتی سەیری ئەم پرسە دەکا و دەزانێ بە شێوەیەکی گشتی وەزعی ئێران و عێراق لەو خاڵەدا وەک یەک وایە چونکە لە ئێرانیشدا هەموو نەتەوەکان و بە تایبەت کورد لەو رێژیمە بێزارن، بۆیە سەربەخۆبوونی باشووری کوردستان، یان هەرکام لە بەشەکانی دیکە دەتوانێ هاندەرێک بێ بۆ نەتەوەی کورد لە ئێرانیش بۆ ئەوەی ئەوانیش بچنە ناو ئەو پرۆسەیە و بەم شێوەیە ئێران دابەش بێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مافی دیاریکردنی چارەنووس بە مافی کورد دەزانێ و خەباتی دەیان ساڵەشی لەو پێناوەدا بووە. بۆیە ئێمە پشتی حکوومەتی هەرێم و خوشک و براکانمان لە باشوور دەگرین لە حاڵەتێکدا کە سەربەخۆیی‌ خۆیان راگەیەنن و لەو پێناوەدا چیمان بۆ بکرێ دەیکەین.

دەستوور: بە بڕوای ئێوە کاردانەوەکانی‌ ئێران بە شێوەی‌ کردەیی (عملی) لەبارەی‌ راگەیاندنی‌ دەوڵەتی‌ کوردی چی دەبێت؟

مستەفا هیجری: ئێران دەتوانێ سنوورەکانی بەڕووی هەرێمدا دابخا، هەروەک ساڵانی رابردوو بەهانەیەک ساز بکا بۆ تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکان، لە نێوخۆی کوردستاندا بەهۆی هێندێک بە کرێگیراوی خۆی تەقینەوە بکا، کاری تیرۆریستی بکا، کێشە‌ و دووبەرەکی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا پێک بێنێ و هتد ...

دەستوور: پێتان وایە ئێران بۆ پاراستنی‌ بەرژەوەندییەکانی‌ لە ئەگەری‌ دابەشبوونی‌ عێراق، دەستێوەردانی‌ بەرفراوانی‌ سەربازی بکات؟

مستەفا هیجری: ئێران نەک بەشێوەی ئاشکرا، بەڵکوو لەژێر فەرماندەهی سپای عێراقدا و بە ناوی سپای عێراق بە مەبستی دەست بەسەردا گرتنەوەی ئەو بەشەی کە بە ناوچە ناکۆکەکان ناسراوە بە تایبەت کەرکووک کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دایە، هێزەکانی خۆی بنێرێ بۆ شەڕی پێشمەرگە بنێرێتە ئەو بەشانە.

دەستوور: کاریگەری‌ سەربەخۆیی هەرێمی‌ کوردستان لە سەر پارچەکانی‌ تر و بە تایبەتی‌ رۆژهەڵاتی‌ کوردستان چی دەبێت؟

مستەفا هیجری: کاریگەری ئەرێنیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لەسەر هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان بە تایبەت خۆرهەڵاتی کوردستان زۆر بەهێز دەبێ. هەر بۆیەش کۆماری ئیسلامی لەوە تۆقیوە ‌و لە ئێستاوە کەوتووەتە هەڕەشەکردن.

دەستوور: لەدوای سەربەخۆیی کوردستان، چارەنووسی پارتەکانی‌ رۆژهەڵات و بەتایبەتی (حدکا)، چۆن دەبێت، پێتان وایە دەوڵەتی‌ کوردی لێرە چۆن مامەڵەتان لەگەڵدا بکات؟

مستەفا هیجری: من هیچ هۆیەک نابینم کە مامەڵەی کوردستانی سەربەخۆ لەگەڵ حیزبەکانی خۆرهەڵات کە لەو بەشە نیشتەجێن لەگەڵ ئێستا فەرق بکا، بەڵکوو دەتوانێ باشتر بێ.

دەستوور: ئایا لەداوی سەربەخۆی‌ هەرێمی‌ کوردستان، حیزبی دێموکرات بە هەمان شێوازی پێش سەربەخۆی‌ درێژە بە خەبات و چالاکی سیاسی و راگەیاندن دەدەن، یان چاوەڕوانی دیکەتان لە دەوڵەتی‌ سەربەخۆی‌ باشوری‌ کوردستان دەبێ؟

مستەفا هیجری: ئێمە خەبات‌ و چالاکیی خۆمان بەگوێرەی توانا درێژە دەدەین ‌و تا ئەو کاتەی بەشی ئاشکرای حیزبەکەمان لە باشوور نیشتەجێیە تێدەکۆشین نەبینە کۆسپ، بەڵکوو یارمەتیدەری ئەو حکوومەتە دەبین ‌و بە دەرکی هەلومەرجی سیاسیی ئەو حکوومەتەش چاوەڕوانیمان لێی دەبێ.

دەستوور: بۆچی‌ حیزبی دێموکرات هەڵوێستێکی‌ ئاشکرای نەبووە لەبارەی‌ هێرشەکانی‌ داعش بەتایبەتی‌ هێرشەکانی‌ ئەو رێکخراوە بۆ سەر هەرێمی‌ کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان؟

مستەفا هیجری: داعش وەکوو ئەلقاعیدە‌ و باقی گرووپە رادیکاڵە ئیسلامییەکان ساڵانێکە خەریکی کوشتار و وێران کردنن و رۆژانە لە ناوچە ‌و شوێنە جیاجیاکانی دنیا جینایەت دەخولقێنن، لە خۆرئاواش یەکەم جار نییە کە هێرش دەکەنە سەر ناوچەیەکی کوردنشینی وەکوو کوبانی، بۆیە بە پێویستمان نەزانیوە کە هەڵویست دەرببڕین.