مستەفا هیجری: رێژیمی ئێران شەڕی داعشی بەرەو کوردستان هێنا

زایینی: ٢٣-٠٩-٢٠١٤ - هەتاوی: ١٣٩٣/٠٧/٠١ - ١٧:٢٦ تاران
مستەفا هیجری: رێژیمی ئێران شەڕی داعشی بەرەو کوردستان هێنا
کوردستان میدیا: بڵاڤۆکی نا بۆ ئیعدام، سەر بە کۆمیتەی نێونەتەوەیی دژی ئیعدام، لە ژمارەی چواری خۆیدا، وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات پێک هێناوە.

دەقەی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

نا بۆ ئیعدام: بەپێی ئەو زانیارییانەی كە بڵاو بوونەتەوە، داعش لەلایەن ئەمریكاوە بۆ دابەشكردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزراوە. روانگەی ئێوە لەم پێوەندییەدا چییە؟

مستەفا هیجری: ئەگەر ئەم بۆچوونە دروست بێت كە ئەمریكا دەیهەوێ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە دابەش بكاتەوە، گرووپێكی تاوانباری وەك داعش ناتوانێ ئامرازێك بێت بۆ ئەو مەبەستەی كە بەستێنی ئەم دابەشكردنە بە دڵخوازی ئەمریكا ئامادە بكات، بە تایبەتی كە دوژمنی ئاشتی هەڵنەگری داعش، رۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریكا و شیعەكانن. داعش هەروەك رایگەیاندووە و بە كردەوەش هەنگاوی شوێندانەری هەڵگرتووە، لە هەوڵی دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی ــ بەپێی پێناسەی خۆیان لە ئیسلام ــ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە و لەم پێوەندییەشدا تا ئێستا توانیویە ناوچەیەكی بەربڵاوی پێكهاتوو لە چەندین پارێزگای سوننەنشینی عێراق بلكێنێت بە هێندێك ناوچەی سووریەوە و هەنووكەش بە مەبەستی بەرفراوانكردنی سنوورەكانی خەلافەتی خۆی لە عێراق و سووریە دەستی داوەتە شەڕ و لە لوبنانیش بۆ ئەم مەبەستە كۆمەڵێك كردەوەی ئەنجام داوە. ئەم شێوازە لە داگیركردنی وڵاتان و پێكهێنانی خەلافەتی ئیسلامیی رادیكال كە دوژمنی ئەمریكایە، ناتوانێ هاوئاراستەی ئامانجەكانی ئەمریكا بە مەبەستی دووبارە دابەشكردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت.

نا بۆ ئێعدام:
ئەمریكا هێرشە ئاسمانییەكانی دژ بە داعش لە عێراقدا دەست پێ كردووە. پێكهێنانی ئەم بارودۆخە چ بەرژەوەندییەكی بۆ ئەمریكا بە دواوەیە؟ دیوی پشتەوەی ئەم رووداوانە چییە؟

مستەفا هیجری: هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا كاریگەرییەكی زۆریان لە رزگاركردنی ئەو دەڤەرانەدا هەبووە كە لە دوای پاشەكشەی پێشمەرگەكانی كوردستان كەوتبووە ژێر دەستی داعش و ئەمە دەتوانێ بۆ ئەمریكا لانیكەم ئەم بەرژەوەندییانەی تێدا بێت:
ــ لە كاتی پاشەكشەی سەربازەكانی ئەمریكا لە عێراق دوابەدوای رووخانی رێژیمی سەدام حسێن، ئەمریكا پێی خۆشبوو كە ژمارەیەك لە هێزە سەربازییەكانی خۆی لە عێراقدا بهێڵێتەوە، بەڵام حكوومەتی عێراق لە ژێر گوشاری كۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕێگەی بە ئەمریكاییەكان نەدا، بەڵام ئێستا حكوومەتی عێراق لە رووی پێویستییەوە ئەم ئامادەبوونەی بە شێوەیەك قبووڵ كردووە.
ــ داعش هەوڵی دا هەڕەشە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رووی شێوازی بەڕێوەبردنی حكوومەت و پەرەسەندنی ئازاداییەوە خەریكە بەرەو ئەوە دەچێت كە ببێتە حكوومەتێكی دێموكراتیك كە تا ڕادەیەكی زۆر لەگەڵ ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمریكا هاوئاراستەیە، بەم پێیە ئەمریكا بەم یارمەتییە سەربازییانە یەكێك لەحكوومەتەكانی دۆستی خۆی لە مەترسیی رووخان رزگار كردووە.
ــ ئەمریكا لە ناوچەی خودموختاری كوردستان خاوەنی كونسوولخانە و ناوەندەكانی بازرگانی و... بوو كە بە ئەنجامدانی ئەو كردەوانە، ئەوانەی لە مەترسیی داعش ڕزگار كرد و بە بۆچوونی من گرینگتر لەوانە ئەوەیە كە بۆ جارێكی دیكە هێز و توانای سیاسی و سەربازیی خۆی لە پاراستنی دۆستانی و رۆڵی شوێندانەری خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە كردەوە سەلماند.

نا بۆ ئێعدام: لە روانگەی ئێوەوە ئەمە دووپاتبوونەوەی مێژوو نیە؟ هەر ئەوەی كە ساڵی ٥٧ لە خەڵكی ئێران قەوما، سێ دەیە پێشتر داعشیان بە سەر ئێراندا زاڵ كرد و ئەمڕۆ دەیانهەوی هەمان سیناریۆ لە سووریە و عێراق دووبارە بكەنەوە؟

مستەفا هیجری:
بە بۆچوونی من كاتی ئەوە هاتووە كە ئێرانییەكان خۆیان لە دەستی "وەهمی پیلان" كە دەیان ساڵە بۆتە بەشێك لە فەرهەنگی ئەم خەڵكە، رزگار بكەن و هەر دیاردە و رووداوێكی نەخوازراو نەخەنە ئەستۆی ئەمریكا و ...، تەنیا بۆ ئەوەی كە بسەلمێنن خۆیان هیچ هەڵەیەكیان نەكردووە و بەم شێوەیە بە تێگەیشتوویی و بیرمەندیی خۆیانەوە شانازی بكەن. ئەگەر پاش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ داعشێك بە سەر ئێراندا زاڵ بوو، ئەوە خودی ئێرانییەكان بوون كە هەموو بەستێنە هزری و سەربازییەكانیان بۆی ئامادە كرد، ئێرانییەكان بوون كە وێنەی خومەینیان لە مانگدا دەدیتەوە و لە ئاكامدا هەنووكە نزیك بە ٣٦ ساڵە كە باجی ئەم هەڵەیە دەدەن و هێشتا روون نیە كە تا چ ساتێك دەبێ ئەم باجە بدەن و پاش تێپەڕینی سێ دەیەش هێشتا رووناكبیران و سیاسەتمەدارانی ناڕازی لەم رێژیمە بە هیچ كوێیەك نەگەیشتوون و هەر كامەیان بۆ لۆمەكردنی ئەم رێژیمە قارەمانێكن، بەڵام بە كردەوە نەیانتوانیوە هیچ رێكخستنێك پێك بهێنن.
سەیری عێراق بكەن، دوابەدوای رووخانی سەدام، خەڵكی كورد توانیان سەرەڕای هەموو لەمپەرەكانی سەر رێگەیان، لە نێو وڵاتێكی خاپووركراودا دەسەڵاتێكی دێموكراتیكی خۆجێیی دابمەزرێنن و بچنە نێو پرۆسەی دێموكراسییەوە و لە عێراقێكدا كە بۆتە دۆزەخی خەڵكەكەی، نان و كار و ئازادی دابین بكەن، لە كاتێكدا كە ناوچەكانی دیكەی عێراق لە نێو ئاگری بیرتەسكی و نەزانكاری و دەمارگرژیی تائیفی و ئایینیدا دەسووتێن، لە ئەنجامدا داعشەكانی ئێران و عێراق بەستێنێكی لەباریان بۆ گەشە و بەرفراوانكردنی دەسەڵاتی خۆیان بۆ دەڕەخسێت. بەم پێیە باشتر وایە كە بە خۆماندا بچینەوە و بزانین كە ئەوەی هەمانە، بە باش و خراپەوە، بەرهەمی هزر و تێگەیشتنی خۆمانە نەك كەسانی دیكە.

نا بۆ ئێعدام:
دوایین ئاڵوگۆڕەكان لە عێراق و سووریە چۆنن و هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەم بارودۆخە چییە؟

مستەفا هیجری: لە ریزی ئاڵوگۆڕەكانی عێراقدا دەتوانین ئاماژە بە بابەتی داعش بكەین كە ئەگەرچی هێزەكانی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بە لە خۆبردوویی ڕۆژانەوە ئەم بەڵایە لە وڵاتی خۆیان دوور دەخەنەوە، بەڵام لە ناوچەكانی دیكەی عێراقدا بەرگرییەكی ئەوتۆ لە بەرانبەر خۆیاندا نابینن، هەربۆیە خەریكە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بەرفراوانتر دەكەن، لە سوپای عێراقدا هەستی نیشتمانپەروەری بۆ بەرگری لە نیشتمان، گەیشتۆتە كەمترین ئاستی خۆی و پێرسۆنێلی سوپا هەر كامەیان سەر بە گرووپێك، ئایینزایەك و خێڵێكن و خاوەنی نەزمی سوپایەكی یەكگرتوو و تەكووزمەند نین، هەربۆیە لەو باوەڕەدام كە ئاژاوەی داعش بەم زووانە لە عێراقدا كۆتایی نایەت، هەر چەند كە ئێستا هەمووان چاویان بڕیوەتە حكوومەتی داهاتوو كە بڕیارە بەڕێز عیبادی، سەرۆك وەزیرانی نوێ پێكی بهێنێت كە چۆنیەتییەكەی ناڕوونە و هیچ ئاماژەیەك بۆ ئەوە نیە كە لەم ئیمامزادەیەش موعجیزەیەك ڕوو بدات، بە تایبەتی لە بیرمان نەچێت كە دەستڕۆیشتوویی یەكلاییكەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراقدا گەورەترین كۆسپی سەر رێگای سەقامگیری و جێگیربوون و هێمنی لەم وڵاتەدایە، چوونكە بەرژەوندییەكانی ئەم رێژیمە لە رێگەی نانەوەی شەڕی نێوخۆیی و نائەمنی و دووبەرەكییەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی وڵاتانی دراوسێدا دابین دەبێت و ئەگەر ڕۆژێك لە عێراقدا یەكگرتوویی و هێمنی پێك بێت، كۆماری ئیسلامی دەبێ لەو وڵاتە بچێتە دەرەوە. لە سووریەش كە بارودۆخەكە نالەبارترە و هەنووكە داعش لە پێشڕەویدایە.

نا بۆ ئیعدام:
دوابەدوای هێرشی داعش بۆ عێراق و داگیركرانی مووسڵ و هەروەها پاشەكشەی سوپای عێراق لە شاری مووسڵ و كەركووك، پێشمەرگەكانی كوردستان توانیان كەركووك بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و سنوورەكانی كوردستان كۆنترۆڵ بكەن. ئەم پێشهاتانە بوون بە هۆی ئەوەی كە باسی سەربەخۆیی كوردستان لە نێو هێزەكانی مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانیدا بێتە ئاراوە. تا چ رادەیەك هەلومەرج بۆ سەربەخۆیی كوردستان لەبارە؟ خەڵك چ ئاڵترناتیڤێكیان بۆ ژیانی باشتر هەیە؟ هەڵوێستی ئێوە لەم پێوەندییەدا چیە؟

مستەفا هیجری: نزیك بە بیست ساڵ لە پێكهێنانی هەرێمی كوردستان تێپەڕ دەبێت، ئەم حكوومەتە بەردەوام هەوڵی داوە بە سەرنجدان بە یاسای بنەڕەتیی وڵات، كێشەكانی خۆی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، بەڵام لە تەواوی ئەم ماوەیەدا حكوومەتی بەغدا لە هەوڵی كارشكێنی، نانەوەی ئاستەنگ و بەربەست بۆ ئەم حكوومەتەدا بووە. لە دوایین هەوڵی لەم چەشنەدا، بوودجەی یاسایی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە سەرەتای ساڵی زایینیەوە بڕیوە و بەم شێوەیە كێشەی ئابووری و كۆمەڵایەتیی زۆری بۆ كوردستان پێك هێناوە.
ئەوەندەی من ئاگادار بم، هەنووكەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەگەر مافە یاساییەكانی ڕەچاو بكرێن و دەوڵەتی بەغدا سیاسەتی دووركەوتنەوە بەرانبەر بە كوردستان بەڕێوە نەبات، وەك چۆن لەگەڵ عەرەبە سوننەكان هەڵسوكەوتی كردووە، ئەوان بە دوای مانەوە لە چوارچێوەی عێراق و هاوكاری لەگەڵ بەغدادان. ئەگەر كوردەكان خوازیاری سەربەخۆیین، ئەوە رێگایەكە كە بەغدا لە ماوەی دوو دەیەدا خستوویەتییە بەردەمیان. هەربۆیە من پێم وایە ئەگەر وا بڕواتە پێش، كوردەكان پێداگریی زیاتر لەسەر سەربەخۆیی خۆیان دەكەنەوە، ئەوەی كە ئەم داخوازە چۆن دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، باسێكی تێر و تەسەل هەڵ دەگرێت.

نا بۆ ئێعدام: دوابەدوای داگیركرانی مووسڵ لە لایەن داعشەوە بەرەی شەڕ روو لە بەغدا بوو، بەڵام هەروەك ئاگادارن داعش بەرەی خۆی گۆڕی و هێرشەكانی بەرەو كوردستان دەست پێ كرد و زۆرترین هێرشی بۆ سەر شەنگال و مەخموور كرد و كوشتوبڕێكی بێ‌بەزەییانەی لەو دەڤەرانە بەڕێوە برد. هۆكاری ئەم گۆڕینی هەڵوێستە چی بوو؟

مستەفا هیجری: گۆڕینی هەڵوێستی داعش و گۆڕینی رێڕەوی هێرشەكانی بەرەو كوردستان كێشەی زۆری بۆ حكوومەتی هەرێم و هەموو خەڵكی كوردستان نایەوە، بەڵام لە بەرانبەردا كوردەكان توانیان لەو بارودۆخەی كە هاتبووە پێش، كەڵكی باش وەربگرن. لە لایەكەوە سەرنج و پاڵپشتیی جیهان بە تایبەتی رۆژئاوایان بۆ لای خۆیان راكێشا و لەم پێوەندییەدا توانیان چەكوچۆڵێكی پێشكەوتووی زۆر وەربگرن و بابەتی كورد و خۆڕاگرییەكەی لە بەرانبەر داعشدا بكەنە مانشێتی هەواڵەكانی جیهان، لەلایەكی دیكەوە یەكگرتوويیەكی بێ‌وێنە لە نێو نەتەوەی كورد لە سەرانسەری جیهان و لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا پێك هات، بە جۆرێك كە هێزە چەكدارەكانی كوردەكانی هەموو پارچەكانی كوردستان بە حەز و تامەزرۆییەكی زۆرەوە شانبەشانی پێشمەرگەكانی كوردستانی عێراق لە بەرەكانی شەڕ دژ بە داعشدا بەشدارییان كرد.
بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ هێرشەكانی داعش بۆ كوردستان بە بۆچوونی من، كۆماری ئیسلامی رۆڵێكی كاریگەری گێڕا، چوونكە كۆماری ئیسلامی بەپێی زانیارییە باوەڕپێكراوەكان، سەدان كەس لە دەستوپێوەندییەكانی خۆی لە نێو هێزەكانی داعشدا جێگیر كردووە. ئەم دەست‌وپێوەندییانە لە گۆڕینی ڕێڕەوی هێرشی داعشدا بەرەو كوردستان شوێندانەر بوون، ئامانجی رێژیم لەم كارە تەمێكردنی كاربەدەستانی حكوومەتی هەرێم بە تایبەتی بارزانی بوو كە وەكوو سەرۆكی هەرێم زیاتر لە هەموو كەسێك پرسی سەربەخۆیی كوردستانی دەهێنایە گۆڕێ و بەرجەستەی دەكردەوە و لەلایەكی دیكەوە ئەو پێوەندییە باشەی كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیە و رۆژئاوا پێكی هێناوە، هیچكامیان لە راستای دابینكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێراندا نین، بە تایبەتی ئەم ڕێژیمە لە سەربەخۆیی كوردستانی عێراق زۆر تۆقیبوو و هەموومان دەزانین كە دەسەڵاتدارانی رێژیمی ئێران هەر كامەیان بە جۆرێك دژایەتیی خۆیان لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستان راگەیاندووە و یەكێك لە جێگرەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند كە ئەگەر هەرێمی كوردستان درێژە بەو رەوتە بدات، پەشیمان دەبێتەوە كە ئەوە بۆ خۆی هەڕەشەیەكی ئاشكرا بوو.

نا بۆ ئیعدام: لە كوردستانی سووریە داعش هێرشێكی بەربڵاوی دەست پێ كردووە و لە شاری كووبانی زۆرترین تێكهەڵچوون لە نێوان داعش و خەڵكدا هەبووە. هاوكات، ئەو تێكهەڵچوونە لە شنگالیش هەبووە و خەڵكێكی زۆر لەو دەڤەرانە لە سێدارە دراون یان لە كاتی هەڵاتندا بە هۆی برسێتی و تینوێتی گیانیان لە دەست داوە. چ پێوەندییەك لە نێوان هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و كووبانی هەبووە و بە باوەڕی ئێوە ئایا ئەم بابەتە سیناریۆیەكی لە پشتە؟

مستەفا هیجری: بۆ داعش گرینگ ئەوەیە كە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی پێكەوە بلكێنێت و بەم شێوەیە سنوورە هەنووكەییەكان پووچەڵ بكاتەوە تاكوو بەم شێوەیە لە رەوتی هاتوچۆ و گواستنەوەی هێزەكانی خۆیاندا بتوانن بەبێ هیچ كۆسپ و بەربەستێك چالاكی بكەن، داگیركردنی مووسڵ لە عێراق ئەو ئامانجەی داعشی دەستەبەر كرد. شەڕی داعش لە كووبانی لە خاكی كوردستانی سووریە و شەنگال بەشێك لەم ئیستراتژییە سەربازییە و لە پێناوی بەرینتركردنی رێگاكانی پێوەندی لەگەڵ كوردستانی سووریەدایە. بەشێكی دیكەی پرسی هێرش بۆ سەر شنگال و ناوچەكانی دیكەی كوردستانی عێراق وەك ئاماژەمان پێ كرد، دەبێ لە ڕاستای جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامیدا ببینین.

نا بۆ ئیعدام: هەروەك ئاگادارن، هێزە ئیسلامییەكانی ناسراو بە داعش، ژنانی ئیزەدی و مەسیحییان وەكوو دەستكەوتی شەڕ لەگەڵ خۆیان بردووە بۆ فرۆشتن. هەڵوێستی ئێوە لەم پێوەندییەدا چییە؟

مستەفا هیجری: شێوازی هەڵسوكەوتی دڕندانەی هێزەكانی داعش لەگەڵ ناموسڵمانەكان، بە تایبەتی ژنان و منداڵان لە ڕوانگەی ئێمەوە مەحكوومە و ئێمە لەم پێوەندییەدا بە دەركردنی بەیاننامەی فەرمیی دەفتەری سیاسیی حیزب شەرمەزارمان كردووە.

نا بۆ ئیعدام:
بۆ رزگاربوون لە دەستی هێزە ئیسلامییەكان و بە تایبەتی داعش، خەڵك دەبێ چ بكەن؟ گەلۆ ئەم لایەنانە بە هۆی هێرش و پێكدادانە سەربازییەكانەوە لە نێو دەچن یان دەبێ كردەوەی دیكە ئەنجام بدرێت؟

مستەفا هیجری: هێرشە سەربازییەكان دژ بە هێزەكانی داعش و لاوازكردنیان لەم ڕێگەیەوە پێویستە، بەڵام بەس نیە، بەڵكوو دەبێ لە تەنیشت ئەم هێرشانەدا دەسەڵاتە خەڵكتەوەر و دێموكراتیكەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێك بهێنرێن تاكوو هێزی داعش و هەر هێزێكی دژی گەلیی دیكە نەتوانێ لە كەشی خولقاو بە هۆی ناڕازیبوونی خەڵك و سەركوتیان لە لایەن دەسەڵاتە سەرەڕۆكانەوە كەڵكاژۆ وەربگرێت، وەك چۆن لە سەرەتادا خەڵكی سوننە مەزهەبی عێراق پێشوازییان لە هاتنی هێزەكانی داعش دەكرد بە هیوای ئەوەی كە لە ستەمی حكوومەتی دیكتاتۆریی مالكی كە سوننەكانی پەراوێز خستبوو، ڕزگاریان بێت. بە كردەوەش دەبینین كە داعش و تاقمە تیرۆریستی و دژی گەلییەكانی دیكە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو شوێنانەدا كە سەقامگیری و هێمنی و ئازادی نیە، دەسەڵات پەیدا دەكەن.
خەڵك ئەگەر ئازاد بن و لە دیاریكردنی چارەنووسی وڵاتەكەیاندا بەشدار بكرێن تاكوو وڵات ببێتە موڵكی هەموو تاكەكانی خەڵك و خەڵكیش خۆیان بە خاوەنی وڵات بزانن نەك هەر بەستێنێك بۆ داعشەكان پێك نایەت، بەڵكوو تەواوی خەڵك لە وڵات وەك ماڵی خۆیان بەرگری دەكەن.


نا بۆ ئێعدام: ئەركی كۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە بەرانبەر دۆخێكدا كە لە عێراق و سووریە هاتۆتە پێش، دەبێ چ بێت و لەم پێوەندییەدا چ بكات؟

مستەفا هیجری: ئەركی كۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە تایبەتی ڕۆژئاوا بە باوەڕی من ئەوەیە كە لە ئەگەری ناسەقامگیریدا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە ناوەندی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە تاقمانەن، هەتا زووترە یارمەتیی هێزە دێموكراتەكان بدەن تاكوو پێش بەهێزبوونی ئەم تاقمانە بتوانن لە نێویان ببەن. ئەگەر لە سووریە رۆژئاوا لە كاتی خۆیدا كردەوەی خۆی نواندبا، نە بەشار ئەسەد دەیتوانی بە تاقی تەنیا ئەسپی خۆی لە گۆڕەپانەكەدا تاو بدات و درێژە بە كوشتو بڕ و كاولكاری بدات و نە هێزەكانی وەك داعش، كۆماری ئیسلامی و گرووپە تیرۆریستییەكانی دیكە دەیانتوانی لەم وڵاتەدا بەهێز ببن و بمێننەوە.