مستەفا هیجری: بۆ یەکگرتنەوە لەسەر خاڵە سیاسییەکانی کۆنگرەی ١٣ وەک بنەمای دانیشتنەکان رێک کەوتووین

زایینی: ٠٢-٠٢-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٣/١١/١٣ - ١١:١٤ تاران
مستەفا هیجری: بۆ یەکگرتنەوە لەسەر خاڵە سیاسییەکانی کۆنگرەی ١٣ وەک بنەمای دانیشتنەکان رێک کەوتووین
کوردستان میدیا: ئاژانسی ئانادۆڵۆ، لە سەرەتای مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، وتووێژێکی لەگەڵ مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات پێک هێناوە و تیایدا باس لە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات و هەروەها بارودۆخی ناوچەکە کراوە.

دەقی ئەم وتووێژە بەم چەشنەیە:

سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، مستەفا هیجری لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی پرسی یەكگرتنەوەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەڵێت :
" دەمانەوێت بە وردی بچینە كارەكەوە و نامانەوێت دوای یەكگرتنەوە جیابوونەوەی دیكە دروست ببێتەوە".

مستەفا هیجری لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:
 "ئەوەی لەبارەی یەكگرتنەوەوە باسی لێوەدەكرێت شتێكی تازە نییە، درێژەی ئەو هەوڵ و تێكۆشانانەیە كە نزیكەی دوو ساڵە دەستمان پێكردووە، دوای ئەوەی لە دوایین كۆنگرەماندا یەكێك لە راسپاردەكان بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ یەكگرتنەوە، ئیدی هەوڵەكانمان چڕتر كردەوە و لێژنەیەكمان پێكهێنا و لەگەڵ هاوڕێیان چەند جارێك دانیشتووین تا ئاستی سكرتێری هەردوولا". 

دواتر ئاماژەی بەوەدا کە:
 "رەنگە ئەم هەفتەیە دانیشتنێكی دیكە لە نێوان هەردوو دەفتەری سیاسی بە ئامادەبوونی هەر دوو سكرتێر بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی چوارچێوەی كارەكە و وردەكارییەكانی بەگشتی باس بكەین و دواتر لێژنەكانمان درێژەی پێبدەن".

سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە درێژەی قسەكانیدا لەبارەی ئەو پرسەوە دەڵێت هەردوو لایەن رێك كەوتوون كە خاڵە سیاسییەكانی پەسەندكراوی دوایین كۆنگرەی حزبەكەیان پێش ئەو جیابوونەوەیە بكەنە بنەما لە وتووێژەكانیان و لەو پێناوەشدا لەسەر ناوی حیزب و ئارمەكەیان و چەند شتێكی دیكەش رێك كەوتوون.

لەگەڵ ئەوانەشدا بۆ دیاریكردنی كات بۆ یەكگرتنەوەكە، مستەفا هیجری دەڵێت:
"پێشبینی كردنی كات زەحمەتە".

ئەو هێمای بۆ ئەوەش كرد كە ئێران بەو یەكگرتنەوەیەی ئەوان قەڵسە و پێیان خۆش نابێت، لەوبارەیەوە دەشڵێت:
 "ئەسڵەن خودی جیابوونەوەكە ئەگەر راستەوخۆش نەبێت بە ناڕاستەوخۆ دەستی ئێرانی تێدابوو، كۆماری ئیسلامیی ئێران نەك بۆ حیزبی دیموكرات كە حزبێكی سەرەكییە لە رۆژهەڵات، یەكگرتوویی كوردی لە هەموو بەشەكاندا پێ ناخۆشە و هەموو كار و تێكۆشانی لە هەموو بەشەكان بۆ جودایی و بەگژ یەكدا كردنی كوردە".

سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجری كە حزبەكەی یەكێكە لە كۆنترین حیزبەكانی كوردی بەرهەڵستكاری كۆماری ئیسلامی ئێران لەو هەڤپەیڤینەییدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە بوونی هەواڵگریی ئێران لە هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت ئەوان زانیاریی تەواوییان لەبەردەستە كە ئێران مۆڵگەی سیخوڕیی زۆری لە هەرێم هەیە و دەڵێت:
" ئێران لە رێگەی هەردوو كونسولخانەكەی لە هەولێر و سلێمانی و زۆر شوێنی دیكەی نهێنیی بوونی هەواڵگریی هەیە، بوونی كۆماری ئیسلامی لە هەموو شوێنێك بۆ هەواڵ وەرگرتن نییە، بەڵكو بۆ تێكدانە، چوونكە ئێران لە رێگەی باڵیۆزخانەكانییەوە دەیەوێت بزانێت چۆن دەتوانێت جیاوازیی بخاتە نێو حزبەكان و یاری بكات بۆ بەرژەوەندیی خۆی".

لەبارەی شەڕی "داعش"ـیشەوە دەڵێت پێش شەش مانگ لەمەوبەر نزیكەی پێنج هەزار لە ئەندامانی سوپای قودس پەڕیونەتەوە بۆ كوردستانی عێراق، ئەوە جگە لە ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەران و پسپۆڕان كە كار بۆ مەشقپێكردنی سوپای عێراق دەكەن، دەشڵێت بەشی زۆری ئەوانە بە ناوی پاراستنی مەزارگەكانی شیعەكان لە كەربەلا و نەجەف و سامەڕا هاتوون، بە رای ئەو ئەو هێزانە لە ناوچە جێ ناكۆكیەكانی جەلەولا و سەعدییە و چەند ناوچەیەكی دیكەش جێگیر كراون.

مستەفا هیجری لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و بە دیاریكراوی بۆ سەر مەخموور و گوێڕ و نزیكبوونەوەیان لە هەولێر بۆ یەكەم جار پێش چەند مانگێك لەمەوبەر دەڵێت ئێران داعشی لە هەولێر نزیك كردەوە بۆ تەمبێ كردنی كورد كە ماوەیەك بوو باسی سەربەخۆییان دەكرد، دەشڵێت:
"هاتنی داعش بۆ هەولێر و نزیكبوونەوەیان لە مەخمور و گوێر لەلایەن ئێرانەوە بەرنامەرێژیی بۆ كرابوو، ئێران ویستی ئەوان بێنە ئێرە و كورد تەمبێ بكات، چونكە لەو ماوەیە و پێشتریش كورد زۆر باسی ریفراندۆم و سەربەخۆییان دەكرد و كۆماری ئیسلامی ئەوەی زۆر پێ ناخۆش بوو ویستی كورد سزا بدات". 
باس لەوەش دەكات پاش پێكانی ئەو ئامانجەی ئێران و سەرۆكایەتی هەرێم  و حكومەتی هەرێمیش وایان بڵاوكردەوە كە ئێران یەكەم وڵات بوو یارمەتیی هەرێمی دا لە شەڕی دژ بە داعش.
 
مستەفا هیجری بۆ ئەو قسانەی كە دەیانكات زوو زوو دەیگوت بەپێی زانیارییەكانییان، ئەو گوتیشی: 
"زانیارییەكانمان باس لەوە دەكەن ئێران مەشق بە پەنابەری ئەفغانی دەكات و دواتر دەیناننێرێتە نێو ریزەكانی داعش".

سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجری لە درێژەی هەڤپەیڤینەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی هۆكاری كشانەوەی هێزەكانییان لە شەڕی دژ بە داعش پاش بەشداربوونێكی كورت دەڵێت: 

"ئێمە وەكوو حیزبی دیموكرات ئێستا هیچ هێزێكمان لەشەڕی دژ بە داعش لە باشووری كوردستان بەشدار نییە، لەبەر ئەوەی ئێمە لەسەرەتای هێرشەكانی داعش بۆ سەر گوێڕ و مەخمور و نزیكبوونەوەیان لە هەولێر ئامادەیی خۆمان بۆ ناردنی هێز بۆ شەڕەكە دەربڕی و بەرپرسانی هەرێم داوایان لێكردین و بەدەمیانەوە چووین، بەڵام دوای ماوەیەكی كورت داوای كشانەوەیان لێكردین و كشاینەوە".

لەمەڕ هۆكاری ئەو كشانەوەیەش مستەفا هیجری دەڵێت:
"ئێران پێی خۆش نییە هێزەكانی حزبە كوردییەكان  دەربكەون و رەنگە ئەو كشانەوەیەش هەر لەسەر داوای ئێران بووبێت".

مستەفا هیجری دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ئێستادا بە گونجاو نازانێت و هەلومەرجی سیاسی و ناوچەیی بە لەبار بۆ ئەو كردیەیە نابینێت و دەڵێت: 

 "دوای روخانی رژێمی پاشایەتی و خۆ راگەیاندنی بە ئاشكرای حزبی دیموكرات خەباتی چەكداریمان وەكوو شێوەیەكی خەبات لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران زانی نەك وەكوو ئامانج و یەكلاكەرەوە، بۆیە خەباتی چەكداریی خوێناویمان لە گەڵدا بردە پێشەوە، ئێستاش ئەگەر بوار هەبێت دیسان دەكرێت خەباتی چەكداری وەكو یەكێك لە شێوەكان كەڵك لێ وەربگرین، ئەگەر هەلومەرجە سیاسی و ناوچەیی رێگە بدات رەنگە وەكوو شێوەیەك لە شێوەیەكان كەڵكی لێ وەربگرین، بەڵام ئێستا ئەو هەلومەرجە بۆ ئێمە لەبار نییە، ناتوانیین لێرە دابنیشین و بچین لە ئێران خەباتی چەكداری بكەین".

هیجری لەبارەی پرسی كۆنگرەی نەتەوەییشەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت بەرژەوەندیی حزبایەتی هۆكاری دواخستنییەتی، لەو رووەوە گوتی:
" لەكاتێكدا هێزی كورد هەمووی پارچە پارچەیە و هەمووی لە بیری پێكهێنانی بەرژەوەندی و قازانجی خۆیەتی نەك بەرژەوەندیی نەتەوەیی، ئەوا كۆنگرەی نەتەوەی نابەسترێت، كۆنگرەی نەتەوەی دەبێت لەسەر بنەمای قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوەیی پێكبێت، ئێستا بۆ بەرژوەندیی حزبی و گرووپ و دەستەیە، تا ئەو كاتەی ئەو رەوتە بەردەوام بێت پێكهێنانی كۆنگرەی نەتەوەیی سەرناگرێت، ئەگەر سەریش بگرێت لە بەرژەوەندیی یەك دوو لایەن دەبێت، پێشتریش هەر بەو هۆیەوە كۆنگرەكە سەری نەگرت، بۆیە گەشبین نیم لەبەستنی لەبەر بەرژوەندیی حزبی".

هیجری، پارتی و پەكەكە بەتایبەت ئەمەی دوای بەوە تۆمەتبار دەكات كە دەیانەوێت هیژموونیی خۆیان بەسەر كۆنگرەی نەتەوەییەوە دەربكەوێت، دەشڵێت:
"هەر لایەنێك بیەوێت كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ بەرژوەندیی خۆی بخاتە ژێر هەژموونی خۆی ئەوا سەرناگرێت".

لە كۆتایی قسەكانیدا سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران مستەفا هیجری سەركەوتنی كۆبانیی لە دژی داعش بە گرنگ هەڵسەنگاند و گوتی بە سەركەوتنی خۆیانی دەزانن و هیوای ئەوەشی خواست ئەو سەركەوتنە سەرەتایەك بێت بۆ شكست پێهێنانی داعش لە هەموو خاكی كوردستان.