حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە: ئیعدامە سیاسیەكانی كوردستان مەحكووم دەكەین

زایینی: ٠٥-٠٣-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٣/١٢/١٤ - ١٧:٤٦ تاران
حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە: ئیعدامە سیاسیەكانی كوردستان مەحكووم دەكەین
کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، ئیعدامە سیاسییەکانی کوردستان لە لایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە مەحکووم دەکەن.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

رژیمی سێدارە لە ئێران جارێكی دیكە دەستی دایە جینایەت لە كوردستان. بەدوای ئیعدامی شەش كەس لە تێكۆشەرانی كوردستان لە هەفتەی رابردوودا، بەرەبەیانی دوێنێ جارێكی دیكە شەش زیندانی عەقیدەتیان بە دوای ئەشكەنجە و ئازارێكی زۆر و لێ سەندنی ئیعتیرافی زۆرەملی بردە بن پەتی سێدارە. ئێمە وێرای مەحكووم كردنی ئەو ئیعدامانە و دەربڕینی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی ئەو جینایەتە، رایدەگەیەنین رژیمێك كە لە تاوانكاری و پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ریزی پێشەوەی دیكتاتۆرییەكانی جیهانە، رژیمێك كە لە ژمارەی ئیعدامەكان لە قەدەر دانیشتوان لە دنیادا یەكەمە، رژیمێك كە بۆ هێشتنەوەی حوكمی نگریسی خۆی ئامادەیە هەموو سات وسەودایەك لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا بكا بەڵام وڵاتەكەی خۆی كردووەتە زیندانێكی گەورەی شارۆمەندان، بۆی نییە كە لە كۆنفرانسەكانی مافی مرۆڤدا زماندرێژی بكا و رای گشتی جیهان بەڵاڕێ دا بەرێت.

ئێمە سەرنجی رای گشتی كوردستان و ئێران و جیهان و هەموو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بۆ مەحكووم كردنی ئەو تاوانانەی رژیمی كۆماری ئیسلامی رادەكێشین و داوا دەكەین كە ئەو رژیمە بۆ وەستاندنی ئیعدامەكانی كوردستان و لابردنی بارودۆخی ئەمنییەتی و ئازاد كردنی زیندانی سیاسی بخەنە ژێر گوشارەوە.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
١٤ی رەشەممەی ١٣٩٣ی هەتاوی
٥ی مارسی ٢٠١٥ی زایینی