ئاسایشی هەرێمی کوردستان: داعش دژی پێشمەرگە چەکی شیمیایی بەکار هێناوە

زایینی: ١٦-٠٣-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٣/١٢/٢٥ - ١٦:٥٩ تاران
ئاسایشی هەرێمی کوردستان: داعش دژی پێشمەرگە چەکی شیمیایی بەکار هێناوە
کوردستان میدیا: شۆرای ئاسایشی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاندووە کە داعش لە مانگی ژانویەدا لە گازی کۆلۆر وەک چەکی شیمیایی لە کامیونێکی خۆکوژیدا دژی پێشمەرگە کەڵکی وەرگرتووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٣ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، شۆرای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە نموونە و لێکۆڵینەوەکانی تاقیگە لە خۆڵی ناوچەکە و جلی پێشمەرگەکان دوای تەقینەوەی ماشێنی بۆمب‌رێژکراو لە رێکەوتی ٢٣ی ژانویە لە نزیک شاری موسڵ دەرکەوتووە کە گازی کۆلۆر وەک چەکی شیمیایی دژی پێشمەرگە بەکار هاتووە.

بە وتەی شۆرای ئاسایش نزیک بە ٢٠ پوکەی چەکی شیمیایی لەو کامیونەی تەقیبووە؛ دیتراوەتەوە، دوای ئەو تەقینەوەیە دەیان پێشمەرگە تووشی سەرگێژە، هێڵنج و لاوازی جەستەیی بوونە.

پێتر ساوزاک وتەبێژی رێکخراوی پێشگرتن لە بەکارهێنانی چەکە شیمیاییەکان کە چاودێریی لەسەر پرۆژەی لەناوبردنی ئەنباری چەکە شیمیاییەکانی سووریە دەکات وتوویەتی کە بۆ لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە داوایان لێ نەکراوە و هەتا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆ ئیدعایەی شۆرای ئاسایشی هەرێمی کوردستانی تەئید نەکردووە.

گازی کۆلۆر دەبێتە هۆی هەناسەبران و کەڵک وەرگرتن لەو گازە وەک چەکی شیمیایی بۆ شەڕی یەکەمی جیهانی دەگەڕێتەوە و بەپێی کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی کەڵک وەرنەگرتن لە چەکی شیمیایی ساڵی ١٩٧٧ی زایینی قەدەغە کرا.

گرووپی تێرۆریستی داعش هاوینی ساڵی رابردوو چەندین ناوچەی کە باکووری عێراق کۆنتڕۆڵ کرد و هەتا ئێستا بە دەیان جەنایاتی ئەنجام داوە.

ژوان. ک