تەقینەوەی مین، گیانی هاووڵاتییەکی کوردی ستاند

زایینی: ١٧-٠٣-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٣/١٢/٢٦ - ١١:٤٢ تاران
تەقینەوەی مین، گیانی هاووڵاتییەکی کوردی ستاند
کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی دیکە‌ی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین لە کوردستانی ئێران، بریندار و بە هۆی قووڵی برینەکەی گیانی لە دەست دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، "جەلال بەهرام‌زادە"، ٢٤ ساڵە لە پارێزگای کرماشان تووشی رووداوی تەقینەوەی مین بووە و گیانی لە دەست داوە.

ئەو مینە لەناوچەی تەنگەحەمام لەئاوایی "دارخور"‌ی سەربە بەخشی ناوەندی قەسری شیرین تەقیوەتەوە.

لەئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا ٧ سەر لە مەڕ و ماڵاتی ئەو هاووڵاتییە كوردەش لەناو چوون.

لە کاتی تەقینەوەی مین هەروەها، ٧ سەر مەڕو ماڵاتی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ناو چوون.

جێگری سیاسی ـ كۆمەڵایەتیی فەرمانداریی قەسری شیرین وێڕای پشتراستكردنەوەی ئەو هەواڵە رایگەیاندووە لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٩ كەس بە هۆی تەقینەوەی مین و كەرەسە جەنگییەكانەوە لەو شارستانە كوژراو و بریندار بوون.

ماوەیەك لەمەوبەریش، وەرزێڕێكی خەڵكی ئاوایی" تەنگاب كۆنە" بەناوی نوورعەلی سەفەری لەكاتی كاركردندا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لەدەست دابوو.

بەپێی وتەکانی کاربەدەستانی رێژیمی ئێران، ناوچەی سنووری کوردستان هەتا ئێستا لە مینی چێندراوی دەورانی شەڕی رێژیمی ئێران و عێراق خاوێن نەکراوەتەوە و خاوێن کردنەوەی ئەم ناوچانە پێویستی بە ١٠ میلیارد تمەن پارە هەیە.

بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەر دەستدایە، ٦ میلیۆن هێکتار لە خاکی ئێران ١٦ میلیۆن مینی چێندراوی لێ ماوەتەوە و بە هۆی روانگەی ئەمنییەتی و سنووری، زیاترین مینە چێندراوەکان لە ئێران لە پێنج پارێزگای سنووری خوزستان، ئیلام، کرماشان، سـنە و ئورمیە دایە.

کازیوە.ر