بارمتەی قورس بۆ ئازادکردنی کاتیی رۆژنامەنووسێکی زیندانیی کورد داوا دەکرێت

زایینی: ١٣-٠٤-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٤/٠١/٢٤ - ١٧:٤٢ تاران
بارمتەی قورس بۆ ئازادکردنی کاتیی رۆژنامەنووسێکی زیندانیی کورد داوا دەکرێت
کوردستان میدیا: دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بۆ ئازادکردنی کاتیی کاوان محمەدپوور، رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی سەردەشت داوای بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی لە بنەماڵەی ناوبراو کرد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دادوەری پەروەندەی کاوان محەممەدپوور تەمەن ٢٨ ساڵ، سەرنووسەری سرویسی کۆمەڵایەتیی دوو حەفتەنامەی "کۆمەڵگەی کوردستان" کە دوو حەفتە پێش ئێستا بۆ ئیدارەئ ئیتلاعاتی ئورمیە گوازرابووە، بۆ ئازادکردنی کاتیی ئەو رۆژنامەنووسە کوردە داوای بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنییان لە بنەماڵەی ناوبراو کردووە.

ئەو بڕە پاریەی کە دادگای ئینقلابی مەهاباد داوای کردووە هەتا ئێستا لەلایەن بنەماڵەی "کاوان"ـەوە جێبەجێ نەکراوە.

کاوان محەممەدپوور رێکەوتی ٦ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد بانگهێشت و دەستبەسەر و پاشان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە راگوازرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان دوای دەستبەسەرکرانی ناوبراو لەپ‌تاپ و کەلوپەلی شەخسی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

کاوان محەممەدپوور خوێندکاری رشتەی کۆمەڵناسی لە زانکۆی پەیامی نووری مەهاباد، هاوکاری رۆژنامەی "شەرق" و "ئیبتکار" و سەرنووسەری بەشی ئەدەبیی گۆڤاری ٧ی تیری سەردەشت بووە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە بیست مانگ لە وەئەستۆگرتنی قووەی موجرییە لەلایەن حەسەن رۆحانییەوە بەڵام هەتا ئێستاش ٤٦ رۆژنامەنووس و وێبنووس لە زیندانەکانی ئێران لە دەستبەسەری دان.

رێکخراوی هەواڵنێران بێ‌سنوور رایگەیاندوو، زیندانیانی بواری راگەیاندەکان لە ئێراندا بێ هێچ پاساوێک دەستبەسەر و لە دادگایی کردنی نادادپەروەرانە بە حووکمی قورس سزا دەدرین.

بەپێی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەنووکە ٥ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی کورد لە زیندانەکانی ئورمیە، مەریوان، مەهاباد و ئێڤینی تاراندا دەستبەسەر کراون.

محەممەد سەدیق‌کەبوودوەند بەرپرسی پەیامی مەردۆم، مەسعوود و خوسرەو کوردپوور لە ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان، کاوان محەممەدپوور لە دوو حەفتەنامەی کۆمەڵگەی کوردستان و عەدنان حەسەن‌پوور لە حەفتەنامەی ئاسۆ ئەو رۆژنامەنووسانەن کە لە زیندان دان.

گادر .د