دوو چالاکی کرێکاریی کورد بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران

زایینی: ١٦-٠٤-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٤/٠١/٢٧ - ١٨:٣٠ تاران
دوو چالاکی کرێکاریی کورد بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران
کوردستان میدیا: لە درێژەی رەوتی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، دەزگای دادوەری رێژیمی ئێران، دوو چالاکی کرێکاریی کوردی بە ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دادگای ئینقلابی شاری سنە، "یەدوڵـڵا سەمەدی" و "ئیقباڵ شەبانی" دوو چالاکی کرێکاریی کوردی خەڵکی شاری "سنە"ی بە ٥ سال زیندانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرد.

پێشتر ئەم دووهاووڵاتییە کوردە بە ٥ مانگ زیندان و ٣٠ زەربە شەلاق مەحکووم کرابوون و هەنووکە حوکمەکەیان بۆ ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو گۆڕدراوە.

لەم پەیوەندییەدا هەواڵدەریی "ئیلنا"ی سەر بە رێژیمی ئێران رایگەیاندووە، حوکمی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە کۆتایی مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوو بڕاوەتەوە.

یەدوڵـڵا سەمەدی و ئیقباڵ شەبانی کە بە ریز سەرۆک و لێکۆڵەری ئەنجوومەنی سنفی کرێکارانی شاری "سنە"ن، سەرەتای رێبەندانی سالێ رابردوو بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتیی" لە دادگای ئینقلابی سنە دادگایی کراون.

دادستانی سنە، بە هۆی بەشداریی یەدوڵـا سەمەدی و ئیقباڵ شەبانی لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە کۆبانێ لە رەزبەری ساڵی رابردوودا، شکایەتی لێ کردوون.

هەروەها ئەم دوو چالاکە کرێکارە رایانگەیاندووە: "هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان لە کۆبوونەوەی هەیئەتی ئەنجوومەنی سنفی کرێکارانی نانوایانی سنە بەشدارییان کردووە".

پێشتریش، عەلی خۆشنمەک چالاکی سیاسی کورد دانیشتووی شاری مەریوان لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە ٣ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

عەلی خۆشنمەک چالاکی سیاسی کورد بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە سیاسییەکانی دژبەری رێژیمی ئێران و پرۆپاگەندا دژی نیزام" بە ٣ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا.

کازیوە.ر