مستەفا هیجری: لە ئەگەری رێکەوتنی ناوکی، دەستی رێژیمی ئێران بۆ نانەوەی کێشە و ئاژاوە ئاوەڵاتر دەبێت

زایینی: ١٩-٠٤-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٤/٠١/٣٠ - ١٢:٠٢ تاران
مستەفا هیجری: لە ئەگەری رێکەوتنی ناوکی، دەستی رێژیمی ئێران بۆ نانەوەی کێشە و ئاژاوە ئاوەڵاتر دەبێت
کوردستان میدیا: ژمارەی ٤٧٤ی رۆژنامەی"ئاوێنە" لەگەڵ مستەفا هیجری، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وتووێژێکی لەبارەی رێکەوتنی لۆزان، دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە و بەتایبەتی کوردستان و کۆمەڵێک بابەتی پێوەندیداری دیکە پێک هێناوە.

دەقی ئەم وتووێژە بەم چەشنەیە:


ئاوێنە: مەسەلەی گرنگی ئەمڕۆ رێكەوتنی لۆزانی نێوان ئێران‌ و رۆژئاوایە، بەبڕوای تۆ ئەم رێكەوتنە ئێران و ناوچەكەش بەرەو چ ئایندەیەك دەبات؟

مستەفا هیجری: ناتوانین ئەوەی هاتوەتە دەست پێیبڵێن رێكەوتن، بەڵام وەكو تەوافوقێكی گشتییە بریار وایە تاكو مانگی تەموزی داهاتو هەمو لایەنەكان لەسەر خاڵەكانی ئەو بەیاننامەیە كە لەلایەن وەزیری كاروباری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف ‌و سەرۆكی سیاسەتی یەكیەتی ئەورووپا خوێندراوە ئەوكاتە دەبێتە رێكەوتنێك، كە خۆیان پێیدەڵێن رێكەوتنی كۆتایی ‌و ئیمزا بكرێت. ئەگەر ئەوە بێتەدی بێگومان ئەوا دەتوانێت ببێتە هۆی ئاڵوگۆر هەم لە ئێران ‌و هەم لە ناوچەكەش، بە بۆچونی ئێمە ئەو تەوافوقە ئەگەر جێبەجێ بكرێت لابردنی ناوە بەناوەی گەمارۆكانە لەسەر كۆماری ئیسلامی ئێران، هەلومەرجی خەڵك لە ناوخۆی ئێران كە لەگەڵ قەیرانێكی گەورەی ئابوری روبەروی بۆتەوە، وردە وردە ببوژێتەوە كار و كاسپی بۆ خەڵك پەیدا بێت، ئەوەش بۆ خەڵكی ئێران دەستكەوتێكە، هەر بۆیە دوای ئەوەی ئەو بەیاننامەیە راگەیەندرا، خەڵكی شارەكان لە تاران ‌و هەندێك شاری دیكەش رژانە سەر شەقامەكان، بە تایبەت لاوەكان دەستیان كرد بە خۆشی بەو ئامانجەی بەوە بگەن كە گەمارۆكان لابچن ئەوانیش لە رووی ئابورییەوە كاریان دەستبكەوێت بۆ ئەوەی ژیانیان باشتر بێت، بەڵام لایەنێكی تری ئەو مەسەلە ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامی ئێران بە داهاتێكی زیاتر كە چاوەڕوان دەكرێت لە فرۆشی نەوت‌ و لاچونی گەمارۆكان دەستی كەوێت دەستی پڕتر دەبێت بۆ ئەوەی لەناوچەكە دەستێوەردانی زیاتر بكات، یارمەتی زیاتری هاوپەیمانانی خۆی لە ناوچەدا وەكو حزبوڵای لوبنان ‌و سوریا ‌و ئێستاش حووسیەكانی یەمەن ‌و گرووپە تیرۆرستەكانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات، بەو شێوەیە كێشە و ئاژاوەی زیاتر لە ناوچەكە بنێتەوە، بەڵام لە رووی بوژانەوەی ئابورییەوە پێمان وانیە ئەو بووژانەوەیە ئەوەندە بەرین نابێت كە ئابوریی كۆماری ئیسلامی ئێران راستبكاتەوە ‌و زۆر بەرەو پێشی بەرێت ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نرخی نەوت لە دونیادا دابەزیوەن كۆماری ئیسلامیش ٤٠% داهاتەكەی لە هەناردەكردنی نەوتە، ئەگەر ئەو نەوتەی ئەویش بێتە بازار بڕێكیتریش دادەبەزێت، جگە لەوە كۆماری ئیسلامی ماوەیەكی زۆری دەوێت چاڵە نەوتیەكانی نۆژەن بكاتەوە ئەو كەرەستانەی دەمێكە لە كار كەوتون دەبێت چاك بكرێنەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە سیستەمی بەڕێوەبردنی ئابووریی وڵات لە كۆماری ئیسلامی ئێراندا وەك باقی سیاسەتەكانی سەقەتە، لە دەورانی ئەحمەدی نەژاد بەرمیلی نەوت لە ١٠٠ دولار زیاتری دەكرد، نەوتێكی یەكجار زۆریان فرۆشت، بەڵام ئابوریی خەڵكەكە هەر خراپ بو.


ئاوێنە: ئایا دوای هەڵوێستی پاكستان بەرامبەر بە یەمەن كە لە بەرژەوەندی ئێران بو، دوای سەردانی ئەردۆغانیش بۆ تاران، ئەم رێكەوتنە هەژمونی ئێران بە سەر ناوچەكەدا زیاتر ناكات؟

مستەفا هیجری: ئەگەر ئەو تەوافوقە لە مانگی تەموز ئیمزا بكرێت هەژمونەكەی زیاتر دەكات چوونكە وەك ئاماژەم پێدا دەستی پڕتر دەبێت لە بواری ئابورییەوە، هەروەها كۆماری ئیسلامیش زۆر هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی هەژمونی خۆیی زیاتر بكات، لەبەر ئەوەی لە یاسای بنچینەیی كۆماری ئیسلامی ئێراندا یەكێك لە ئامانجە هەرە گرینگەكانیان هەناردە كردنی شۆڕشی خۆیانە، ئەوەی هەتاكوو ئێستا كردویەتی شۆڕشی بۆ عێراق، سوریا، یەمەن، لوبنان ‌و زۆربەی شوێنەكان هەناردە كردووە، بەهێز بوونی ئابوریی ئێران دەستی واڵاتر دەكات كە دەرئەنجامەكەی كێشە ‌و ئاژاوەی زیاتر لەو ناوچە دایە.


ئاوێنە: ئەگەر ئەم رێكەوتنە سەر بگرێت، كاریگەرییەكانی لە سەر رۆژهەڵاتی كوردستان و هێزە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەكانی وەك ئێوە چی دەبێت؟

مستەفا هیجری: لەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچەیە كاریگەری هەیە كە رەنگە خەڵكەكە لەرووی ئابوورییەوە هەندێك ببوژێتەوە، رۆژهەڵاتی كوردستان كە ئێستا لە ژێر گەمارۆییەكی ئابوریی سەختدایە بێكاری زۆرە و داهات كەمە، بۆیە خەڵكی ئەو ناوچەیە تۆزێك لە رووی ئابووری دەبوژێنەوە هەروەها لە دەرئەنجامدا هەم لە ناوخۆی كوردستاندا ‌و لە هەموو ئێراندا كاتێك پێویستییەكانی خەڵك لە بواری ئابوورییەوە دابین بو، ئەوسا بیر لە مەسەلەی پێویستی دووهەمی ژیانی دەكەنەوە كە ئازادییە، هەر چەندە خەڵكی كوردستان تاكوو ئێستاش لەگەڵ ئەوەی لە ژێر زەبروزەنگ بونە بەڵام لە هەموو كاتێكدا ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە كۆماری ئیسلامی نیشانداوە، بەڵام لە هەمان كاتدا ئێمە چاوەڕێ دەكەین ئەو ناڕەزایەتیە زیاتر بێت ئەوەش بەقازانجی خەڵك تەواو دەبێت.


ئاوێنە: ئەوەندەی ئێوە چاودێرن هەست دەكەن هەژمونی ئێران بە سەر هەرێمی كوردستاندا لە سایەی شەڕی داعشدا زیاتر و گەورەتر بووە؟

مستەفا هیجری: بەڵی دیارە كۆماری ئیسلامیی ئێران پێش شەڕی داعشیش لە سەرانسەری عێراق ‌و كوردستانیشدا نفوزی خۆی هەبوو و دەستێوەردانی دەكرد، بەڵام بێگومان دوای شەڕی داعش ئێران دەسەڵاتەكەی زیاتر بووە.


ئاوێنە: سیاسەتی حیزبەكانی هەرێم بەرامبەر بە هەژمونی ئێران بە سەر عێراق‌ و ناوچەكەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

مستەفا هیجری: ئەو پەیوەندیانەی كە حیزبەكانی كوردستانی عێراق لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەنێكی لاوازەوەیە ئەوەش بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە لە ناوخۆی حیزبە سیاسییەكان یەكگرتویی نییە دژایەتی یەكتری دەكەن زۆر جاری وا هەیە لە جیاتی بیركردنەوە لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێم زۆرتر دژایەتی یەكتر دەكەن، ئەوەش فەزایەكی گونجاوتری خوڵقاندووە بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران بتوانێت نفوزی خۆی لە ناو كوردستانی عێراق زیاتر بكات كە ئاكامەكەی هەم بە زەرەری خەڵكی كورد هەم بە زەرەری خودی حیزبەكان دەشكێتەوە.


ئاوێنە: ئایا سیاسەتی یەكیەتی ‌و پارتی بەرامبەر بەئێران، زەختی لە سەر كوردی رۆژهەڵات ‌و هێزە سیاسییەكانی وەك ئێوە پێك نەهێناوە؟

مستەفا هیجری: تاكوو ئێستا ئێمە بۆ خۆمان وەكوو حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ئەو زەرەرەمان هەست پێنەكردووە، ئێمە لە كوردستانی عێراق لە چالاكییەكانمان بەردەوام بوین، پێشمەرگەمان هەبووە ‌و كار ‌و چالاكی دیكەشمان بەڕێوەبردووە، هەر بۆیەش بەربەستێك بۆ ئێمە‌دروستنەبووە، ئەوەش دەزانین كۆماری ئیسلامیی ئێران هەندێكجار گوشاری بۆ حیزبەكانی هەرێم هێناوە بۆ ئەوەی فشاری زیاتر بخەنە سەر ئێمە بەربەست دروست بكەن لەسەر كار و چالاكییەكانمان، بەڵام ئێمە هەستی پێناكەین لەو پێوەندییەدا زەختمان لەسەر بێ‌.


ئاوێنە: هەستتان نەكردووە كە دەستێوەردانی ئێران‌ و ستایشكردنی بەردەوامی قاسمی سلێمانی مەترسی لە سەر ئێوە دروستكردووە لە هەرێمی كوردستاندا؟

مستەفا هیجری: بێگومان، ئێمە هەمیشە مەترسی كۆماری ئیسلامیی ئێرانمان لە سەرە ئەوەندەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرتر بێت مەترسی بۆ ئێمە زیاترە، هەموومان لە بیرمانە كە چەند ساڵ لەمەوپێش لەشكرێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران هات ئەم كەمپەیان تۆپ‌باران كرد، ئێستا دەسەڵاتی ئێران زیاتر بۆ جموجۆڵ ‌و هاتوچۆكانی لە هەرێم زیادی كردووە بۆیە مەترسییەكانی سەر ئێمەش زیادی كردووە.


ئاوێنە: ئایا ئێستا وەك حیزبی دێموكرات لە بەرەكانی شەڕی دژ بە داعشدا بەشدارن؟

مستەفا هیجری : ئێمە ساڵی رابردوو كاتێك داعش هێرشی كرد بۆ گوێر‌ و مەخمور بە حكوومەتی هەرێمان راگەیاند ئامادەین بەرگری بكەین بچینە بەرەكانی شەڕ دژی داعش، لەپێشدا رەزامەندیان نیشاندا ئێمە چەند سەد پێشمەرگەیەكمان ئامادە كرد‌و ناردمان بۆ بەرەكانی شەڕ لەو ناوچەیە، بەڵام بەداخەوە دوای ٢٤ كاتژمێر ئێمەیان ئاگادار كردەوە و وتیان پێویست ناكات ‌و پێیان راگەیاندین هێزەكانتان بگەڕێنەوە! ئێستاش رایدەگەیەنین هەر كاتێك ئەوان داخوازمان لێبكەن هێزەكانمان ئامادەن یارمەتی خوشك ‌و براكانیان بدەن لە بەرەكانی شەڕ ‌و شان‌بەشانی ئەوان دژی داعش بجەنگین.


ئاوێنە: بۆچی بەئێوەیان راگەیاند هێزەكانتان بگەڕێنەوە؟

مستەفا هیجری: پێموایە كۆماری ئیسلامیی ئێران داوای لێكردن كە هێزەكانی ئێمە بەشدار نەبن، لەبەر ئەوەی بەشداری هێزەكانی ئێمە لە بەرەكانی شەڕدا بە بۆچونی كۆماری ئیسلامی دەبێتە هۆی ئەوەی كەوا ئێمە وەكوو حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەنگدانەوەی زۆرتری هەبێت لە دونیادا‌ و لە ناوچەكەدا، هەروەها دەبێتە جۆرێك لە راهێنانی شەڕی پێشمەرگەكانی ئێمە لایەنی كەم ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی دژی ئێران بەشدار نەبوون لەو شەڕە راهێنان دەكەن، هەر بۆیە ئێران بەوە نارەحەت بوو بەوەی ئێمە ئەو دەستكەوتە سیاسییە بەدەست بهێنین، هەربۆیەش گوشاری هێنا بۆ ئەوەی هێزەكانی ئێمە بەشدار نەبن، وەكوو هەمووان دەزانین كاتێك باسی پێشمەرگە دەكرێت لە دونیادا قارەمانییەكەی‌ و نیشتیمانپەروەرییەكەی دەنگی داوەتەوە.


ئاوێنە: ئایا پێتان وایە كە هێزەكانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی كوردستان كەمتەرخەم بون؟

مستەفا هیجری: بەڵی، پێموایە كە حكوومەتی هەرێم‌ و هێزە سەرەكییەكانی هەرێم دەرهەق بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كەمتەرخەم بون، پێشموایە بەو جۆرەی پێویستە یارمەتییان نەكردووە، كورد هەر چەند دابەش كراوین بەدەستی زۆرداری، بەڵام هەموومان یەك نەتەوەین، لایەنی كەم قوڵایی ستراتیژیەتی كوردستانی عێراق دەتوانێت بێتە قوڵایی ستراتیژیەتی پارچەكانی دیکە ‌و پێویستە یارمەتی بكرێن، بەڵام بەداخەوە لەو پەیوەندییەدا چ وەك حكوومەتی هەرێم چ وەكوو هێزە سەرەكییەكانی هەرێم وەكوو پێویست یارمەیتان نەكردین.


ئاوێنە: بەپێی چاودێریی ‌و ئەزمونی خۆتان پێتان وایە كە دروستكردنی حەشدی شەعبی هاوشێوەی سوپای پاسداران‌ و بەسیج بۆ ئایندەی كوردستان ‌و عێراقیش جێی مەترسییە؟

مستەفا هیجری: بێگومان، ئێمە پێمان وایە كە دروستكردنی حەشدی شەعبی ‌و پەروەردە كردنیان چەك پێدانیان ‌و بەرێوەبردنیان لەلایەن فەرماندەكانی عەسكەری ئێرانەوە بۆ داهاتووی هەم عێراق هەم كوردستان زەرەر و زیانی هەیە ،ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كۆماری ئیسلامیی ئێران نەك هەر لەباری سیاسییەوە بەڵكوو لەباری عەسكەریشەوە دەستێوەردانەكانیان لە داهاتوودا زیاد دەكات ،هەروەها حەشدی شەعبیش هەروەكو بیستومانە ئەو شوێنانەی شەڕیان لێكردوە، بەڵام بۆ خۆشیان بوونە مایەی كوشتار‌ و وێران كردن، ئەوەش پیلانێكە ئێران بۆ عێراق جێبەجێی دەكات.


ئاوێنە: مەسەلەی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بە كوێ‌گەیشت، باس لەوە دەكرێت كە ئۆجەلان رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی بارزانی سەرۆكایەتی كۆنگرەی نەتەوەیی بكات؟

مستەفا هیجری: لە راستیدا لەگەڵ ئەوەی ئێمە بانگێشت كرابوین بۆ كۆبوونەوەیەك كە دەوری دوو ساڵ لەوە پێش بۆ رێكخستنی كۆنگرەی نەتەوەیی پێك هات نوێنەری ئێمەش لە كاروباری بەرەوپێبردنی پێك هێنانی كاری كۆنگرەكە بەشدار بوو هەر ئەو كاتە دەمانزانی ئەو كۆنگرەیە سەر ناگرێت بە دەلیلی ئەوەی كە پەیوەندی نێوان هێزەكانی كورد زۆر تەندروست نەبوو، هەر بۆیە كۆنگرەكە سەری نەگرت، ئێستاش هەر بە هۆی ئەو كێشە و دوبەرەكییەی هێزەكانی كورد بەگشتی ‌و بەتایبەتی پەكەكە ‌و پارتی لەلایەك‌ و ئەو كێشە‌و ناخۆشییەی نێوان پارتی‌ و یەكیەتی تاكوو ئێستا چارەسەر نەكراوە، هەربۆیە پێمان وایە هەوڵدان بۆ بەستنی ئەو كۆنگرەیە لە ئێستادا بێسودە، لە حاڵەتێكی واشدا ئەگەر ببەسترێت دەبێتە كۆنگرەی حیزبێك كە ئەوەش سودێكی بۆ كورد نابێت، هەروەها دەبێتە كەرەسەیەك بۆ حیزبێك كە ئامانجەكانی خۆی بەرەو پێشبەرێت.


ئاوێنە: بەڕێزتان وەك سكرتێری حیزبی دێموكرات ‌و كەسایەتییەكی خاوەن ئەزمون تا چەند لەگەڵ ئەوەدان گۆڕانكاریی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمدا بكرێت یا خود بە پێچەوانەوە مانەوەی بارزانی لەو پۆستەدا بەپێویست دەزانن؟

مستەفا هیجری: ئێمە بە بێ ئەوەی لەو پەیوەندییە موافق بین یان موخالیف پێمان وایە كە دەبێت دەستوری حكوومەتی هەرێمی كوردستان چ رێگایەك دەدات ئەوە هەڵبژێرن واتا رێگای یاسایی بێت، بەڵام گومانیشی تێدا نیە لە هەلومەرجی ئێستادا هەرێمی كوردستان روبەرووی كۆمەڵێك كێشە‌وگرفت بۆتەوە لەلایەك لەگەڵ بەغدا تاكوو ئێستا نەیتوانیوە كێشەی ئەو گەمارۆ ئابوورییە لەسەری داناوە هەلیبگرێت لەلایەكی ترەوە توشی شەڕی داعش بووە لەلایەكی ترەوە ئەو كێشەی لە نێوان هێزە سیاسییەكان هەیە كێشەی دیاریكردنی سەرۆكی هەرێمیش بێتە كێشەكی دیکە ئەوەش بە قازانجی كورد نازانین، هەر بۆیە پێمان وایە دەبێت بە رێگایەكی یاسایی ‌و بە سازانێكی هەمە لایەنە بتوانن ئەو مەسەلەیە چارەسەر بكەن، ئەو كاتە كێ‌بەپێی ئەو یاسایە دەبێتە سەرۆكی هەرێم ئێمە پیرۆزبایی لێدەكەین هەر لە ئێستاشەوە هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین.