ناڕەزایەتییەکانی کوردستان/ ٥ هاووڵاتیی کورد لە سەقز دەسبەسەر کران

زایینی: ٠٩-٠٥-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٤/٠٢/١٩ - ٢٢:٠٦ تاران
ناڕەزایەتییەکانی کوردستان/ ٥ هاووڵاتیی کورد لە سەقز دەسبەسەر کران
کوردستان میدیا: لە خۆپیشاندانی هێمنانەی خەڵکی شاری سەقز کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر سەرکوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی شاری مەهاباد و مەرگی گوماناویی کچێکی ئەو شارە رێک خرابوو، ٥ هاووڵاتی دەسبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دەیان کەس لە هاووڵاتییانی شاری سەقز بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی و بۆ پشتیوانی لە خەڵکی شاری مەهاباد، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ، لە گۆڕەپانی ''تەلیس'' (٢٢ بهمن)ی ئەو شارە کۆبوونەوە و بەرەو گۆڕەپانی هەڵۆ رێپێوانی هێمنانەیان ئەنجام دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری ''کوردستان میدیا''ی راگەیاند: هێزەکانی گاردی تایبەت هێرشیان کردە سەر رێپێوانی هێمنانەی خەڵکی شاری سەقز و ٥ کەسیان لێ دەسبەسەر کردن.

هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو دەسبەسەرکراوانەی شاری سەقز بۆ کوردستان میدیا ئاشکرا نەبووە.

ئەو سەرچاوە راشیگەیاند: هێزەکانی یەگانی تایبەتی رێژیم چەندین کەس لەو هاووڵاتییانە کەلەو رێپێوانە هێمنانەدا ئامادە بوون، داوەته بەر کوتان و لێدان.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ناو شاری سەقز بە تەواوی ئاڵۆز و ئەمنیەتی کراوە و هێزە چەکدار و لیباس شەخسییەکانی رێژیم له هەموو شوێنێکدا دەبینرێن.