کوردستانی رۆژهەڵات لە ٣ مانگدا/ کوژران و برینداربوونی ٦٨ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی راستەوخۆی و تەقینەوەی مین

زایینی: ٢٥-٠٦-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٤/٠٤/٠٤ - ١٧:٤٦ تاران
کوردستانی رۆژهەڵات لە ٣ مانگدا/ کوژران و برینداربوونی ٦٨ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی راستەوخۆی و تەقینەوەی مین
کوردستان میدیا: دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ژێردەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامیی ئیران هەروا بەرەو خراپتربوون دەڕوات و لە ماوەی ٣ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٦٨ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم و تەقینەوەی مین کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت‌بەستن بە ئامارە بڵاوکراوەکانی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٧ هاووڵاتیی کورد لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران و تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێڕاق کوژراو و هەروها ٥١ هاووڵاتیی دیکەش بەو هۆیانەوە لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا بریندار بوون.

کوژران و برینداربوونی ٦٨ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی بەهاری ئەمساڵدا لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوودا، ٤٣ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم و تەقینەوەی مین کوژراو و بریندار ببوون.

بەپێی ئەم راپۆرتە، لە ماوەی ٣ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٣ کۆڵبەر بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم لە سنوورەکانی کوردستان کوژراو و بریندار بوون کە لەو هەژمارەدا ٨ کەس کوژراو و ٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە ماوەی ٣ مانگی بەهاری ساڵی رابردوودا هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامی بە تەقەی راستەوخۆ لە کۆڵبەرانی کورد لە سنوورەکانی کوردستان، ٨ کۆڵبەریان کوشتبوو و هەروەها ٣ کۆڵبەری دیکەش بەو هۆیەوە بریندار ببوون.

لەو پێوەندیەدا، تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم لە هاوڵاتیانی مەدەنیی کورد لە رێگەوبان و ناو شارەکانی کوردستان لە ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کوژراو و بریندار بوونی ٤٣ هاووڵاتیی کوردی لێ کەوتووەتەوە کە لەو هەژمارەدا ٥ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

ئاماری کوژراو و بریندارکرانی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن هێزە نیزامیەکانی رێژیمەوە بە تەقەی راستەوخۆ لە بەهاری ئەمساڵدا بە نیسبەت بەهاری ساڵی رابردوو کە ١٢ کەس بەو هۆیەوە ببوونە قوربانی، بەرزبوونەوەی ٢٥٨%ی نیشان دەدات.

راپۆرتی ئاماری ــ شیکاریی ئاژانسی کوردپا هەروەها باس لە کوژرانی ٤ هاووڵاتی و برینداربوونی ٨ هاووڵاتیی دیکەی کورد بە هۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکان لە ماوی ٣ مانگی بەهاری ئەمساڵدا دەکات.

لە بەهاری ساڵی١٣٩٣ی هەتاویدا، ٢٠ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراو و بریندار بوون کە ٤ کەسیان کوژراو و ١٦ کەسی دیکەش بریندار ببوون.

بەپێی زانیارییەكان ٦ میلیۆن هێكتار لە خاكی ئێران بە مین چێندراوە و بەپێی دوایین ئامارەكان سەرجەم ١٦ میلیۆن مین لە سەرتاسەری ئێراندا بوونی هەیە و چوار پارێزگای ئیلام، كرماشان، كوردستان و ئورمیە ‌بەهۆی روانینی ئەمنیەتی و سنووریی‌بوون زیاترین رێژەی مینی چێندراویان هەیە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا پەیماننامەی ئۆتاڤا، کە تایبەت بە قەدەغەکردنی بەکارهێنان، کڕین و فرۆشتنی مینی دژە نەفەرە، واژۆ نەکردووە و بۆ هەڵگرتنەوەی ١٦ بۆ ٣٠ ملوین مین لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، کرماشان، ئیلام و ئورمیە و خوزستان، هیچ هەوڵێکی نەداوە.

رێژیمی ئێران سەرەڕای ئەویکە، کەمترین هەوڵی بۆ هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکانی سەر سنوور داوە، بەبیانووی رێگری لە "قاچاخ"، رۆژانە لە ناوچە سنوورییەکان مین دەچێنێت و کۆڵبەران و هاووڵاتییانی مەدەنی دەبنە قوربانی.