سەردانی سكرتێری گشتیی حیزب لەبنەماڵەی شەهید ‌و بریندارەكانی رووداوی کێلەشین

زایینی: ١٦-٠٧-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٤/٠٤/٢٥ - ١٧:٢٥ تاران
سەردانی سكرتێری گشتیی حیزب لەبنەماڵەی شەهید ‌و بریندارەكانی رووداوی کێلەشین
کورستان میدیا: مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكرات پاش گەڕانەوەی لەسەفەرە دیپلۆماسییەکەی دەرەوەی وڵات، بەمەبەستی هاودەردی دەربڕین سەردانی بنەماڵەی شەهید و بریندارەکانی رووداوەکەی کێلەشینی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات لەسەردانێکدا بنەماڵەی شەهید قادر کەریمی و قوربانیانی شەڕی کیلەشینی لە ناوەندی ٣ی کوردستان بەسەر كردەوە.

مستەفا هیجری لەسەردانەكەیدا وێڕای سەرەخۆشی ‌و هەواڵپرسی لەبنەماڵەی شەهید قادر ‌و پێشمەرگە بریندارەكان، رایگەیاند، هەتا حیزبی دێموكرات‌ و گەلی كورد مابێ، نابێ‌هەست بە بێكەسی خۆتان بكەن.

هیجری ئەوەشی خستووەتەڕوو، راستە رووداوی لەدەستدانی شەهید قادر ‌و برینداربوونی پێشمەرگەكان بۆ هەموومان جێگای داخ ‌و كەسەرە بوو، بەڵام لەهەمان كاتدا مایەی شانازیین بۆ حیزب ‌و گەلەكەمان.

سکرتێری گشتی حیزب وتوویەتی: ئەو شەهید و بریندارانە سەرفرازیان بۆ خۆیان و حیزبەکەیان تۆمار کرد چونكە ئامادە بوون لەپێناو وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی ـ دیموكراتیکییەکانی نیشتمانەكەیاندا لەهیچ چەشنە فیداكارییەك درێخی نەكەن.