راگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكرات لەپێوەندی لەگەڵ هەوڵە تیرۆریستییەكانی ئەم دوایانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران

زایینی: ١٠-٠٨-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٤/٠٥/١٩ - ١٣:٢٣ تاران
راگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكرات لەپێوەندی لەگەڵ هەوڵە تیرۆریستییەكانی ئەم دوایانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران
کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەپێوەندیی لەگەڵ هەوڵە تیرۆریستییەكانی ئەم دوایانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان !
كۆڕ و كۆمەڵە مرۆڤ‎ دۆستەكان !
نوێنەرانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان !
نوێنەرانی دیپلۆماسی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان !

بە پێی ئاگاداركردن‌و راگەیاندنی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران شەوی هەینی لەسەر شەممە رێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، چەند بۆمبێكی بەهێز لەلایەن رایەڵەیەكی تیرۆریستی دەزگای ئیتلاعاتی رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە دزەكردن بۆ نێو ریزەكانی كۆمەڵە لە یەكێك لە ئۆرگانەكانی شوێنی نیشتەجێ‌بوون و مانەوەی بنەماڵە ‌و ئەندامانی كۆمەڵە چێندرا كە بە خۆشیەوە پێش تەقینەوە دۆزرایەوە ‌و لەلایەن تیمی پسپۆرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پووچەڵ كرانەوە. هاوكات لەگەڵ ئەوە راگەیەندرا كە هەوڵی تیرۆری یەكێك لە ئەندامانی رێبەریی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانیش پووچەڵ كراوەتەوە بێ‌‎گومان لە ئەگەری سەركەوتنی ئەو پیلانانەدا زیانی گیانی‌و ماڵی بەرچاوی بەدواوە دەبوو.

ئێمە وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ ئەو لایەنانە و مەحكوومكردنی ئەو بۆمبدانان ‌و هەوڵە تیرۆریستیانە وەبیر دێنینەوە كە هاوكات ‌و پێش رێككەوتنە ناوكییەكەی نێوان كۆماری ئیسلامی ‌و گرووپی ١+٥ رامانگەیاند بوو كە رێژیمی كۆماری ئیسلامی بە دوای ئەو رێككەوتنەدا هەم دەستە ‌و تاقمە تیرۆریستییەكانی بەستراوە بە خۆی بەهێز دەكا كە ئەوەش ئاڵۆزی زیاتری ناوچەی لێدەكەوێتەوە ‌و هەم دەستی بۆ كاری تیرۆریستی ‌و تەقاندنەوە لە رێگای بەكرێگیراوانیەوە ئاوەڵاتر دەكا ‌و لەو بارەوە هۆشداریمان دا‌و هەموو لایەكمان ئاگادار كرد كە بەداخەوە ئێستا بەكردەوە دەبینین.

بۆیە لەو پێوەندییەدا كۆڕ ‌و كۆمەڵە نێونەتەوەییەكان، وڵاتانی ١+٥ و گشت لایەك لە مەترسی كارە تیرۆریستییەكانی كۆماری ئیسلامی بەگشتی و بۆسەر بنكە‌و بارەگاكانی هێزەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان‌و ... بە تایبەتی ئاگادار دەكەینەوە‌و چاوەڕوانین كە لە هەر رێگایەكی مومكینەوە بەر بە كردەوە تیرۆریستییەكانی كۆماری ئیسلامی بگرن ‌و ئەو راستییە لەبەرچاو بگرن كە كۆماری ئیسلامیی ئێران بە بێ‌‎بۆمبی ناوكیش لە نێوەڕۆكی خۆیدا بۆ كۆمەڵگای جیهانی، وڵاتانی ناوچە و خەڵكی ئێران مەترسیدارتر.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٩ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی
١٠ی ئوتی ٢٠١٥ی زایینی