کۆی بەرهەمە شێعرییەکانی میرزای هەورامی چاپ و بڵاو کرایەوە

زایینی: ٠١-٠٩-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٤/٠٦/١٠ - ١١:٥١ تاران
کۆی بەرهەمە شێعرییەکانی میرزای هەورامی چاپ و بڵاو کرایەوە
کوردستان میدیا: کۆی بەرهەمە شێعرییەکانی "میرزای هەورامی"، بەرهەمی شێعری "مەلامحەممەد میرزایی" بڵاو کرایەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرهەمی شێعری "مەلا محەممەد میرزایی" ناسراو بە "میرزای هەورامی" لەچاپ درا.

شێعری ئەو کتێبە لە دوو بەشی جیا پێکهاتووە و بە دوو زاراوەی هەورامی و سۆرانی هۆنراوەتەوە، کە سەرجەم ٤٠٠ لاپەڕەی لەخۆ گرتووە.

بەشی هەورامی ئەو کتێبە "سەوزەی کۆساڵان" و بەشی سۆرانییەکەی "زەردیی خەزانە"ـە.

9937.jpg
میرزای هەورامی

ئەو بەرهەمە شێعرییە لە ماوەی ٣٠ ساڵدا هۆنراونەتەوە کە شێعری ئایینی و کۆمەڵایەتی لەخۆ گرتووە و رەهەندی کۆمەڵایەتی ئەو بەرهەمە زیاتر باس لە پرسی لاوان و شێعری منداڵان دەکات.

یەکەمین بەرهەمی بڵاوکراوەی میرزای هەورامی لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاویدا بە ناوی "سەوزەی کۆساڵان" بە زمانی هەورامی لە چاپ درا.

میرزای هه‌ورامی ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی، لەهه‌ورامانی تەختی کوردستانی رۆژهەڵات لەگوندی "کەماڵا" چاوی‌ بە دونیا هەڵیناوە و خوێندنی ئایینی له لادێیەکانی ئێران و عێراق تەواو کردووە و له دواییدا بووه به پێشنوێژی مزگه‌وته‌کانی ناوچه‌ی سنه.

ناوبراو هاوکات له‌گه‌ڵ وانەوتنەوە و ئیمامه‌تدا نووسینی دیوانی شێعرەکانی ده‌ستپێکردوه که یەکەمین بەرهەمی شێعری به ناوی (سه‌وزه‌ی کۆسالان) ناسرا که بریتیه له شیعره هه‌ورامیه پاراوه‌کانی ئه‌م شاعیره کوردە.

هه‌روه‌ها کتێبی "مه‌ولانا ئه‌بووبه‌کری" موسه‌نیفی چۆری به ناوی (سراج الطریق) که مه‌ترسی لەناوچوونی لەسەر بووو سه‌ر له‌نوێ نووسیه‌وه و لەچاپ درا.

هەروەها بەرهەمی شێعری(زه‌ردی خه‌زان)یش که بە زاراوەی سۆرانی هۆنراوەتەوە ساڵی١٣٩٢چاپ کراوه.