دوو چالاکی خوێندکاری کورد لەتاران دەستبەسەر کران

زایینی: ١٩-٠٩-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٤/٠٦/٢٨ - ١٣:١٠ تاران
دوو چالاکی خوێندکاری کورد لەتاران دەستبەسەر کران
کوردستان میدیا: هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێران لەدرێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی چالاکانی خوێندکاری، دوو خوێندکاری کوردیان لەتاران دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاوی، "سیامەک ملامحەممەدی " و " مێهربان کشاوەرز"خوێندکارانی کورد لەتاران لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.

ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا" رایگەیاندووە کە "سیامەک مەلا محەممەدی" خەڵکی مەهاباد و "مێهربان کشاوەرز" خەڵکی مەریوانە.

هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیم دوای هێرش کردنەسەر خانووی ئەو دوو خوێندکارە و شکاندنی قفڵ و دەرگای ژوورەکانیان ئەو خوێندکارانیان دەستبەسەر و کامپیوتێر و کەرستەی شەخسیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەستبەسەرکران و چارەنووسی ئەو دوو خوێندکارە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

ماوەیەکە شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکران، بانگهێشت و سەرکوتی چالاکانی خوێندکاری و مەدەنی لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستی پێ‌کردووە.