ڕێژیمی ئێران پێشی بە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی كوردەكانی خوراسان گرت

زایینی: ٠٥-١٠-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٤/٠٧/١٣ - ١٢:٣١ تاران
ڕێژیمی ئێران پێشی بە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی كوردەكانی خوراسان گرت
كوردستان میدیا: لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پێش لە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی كوردەكانی خوراسان ناسراو بە فێستیڤاڵی پیرانی "چەنگی" گیرا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، فێستیڤاڵی پیرانی "چەنگی" كە هەموو ساڵێك لە شاری قووچان لە باكووری خوراسان بەڕێوە دەچوو و لەو فێستیڤاڵەدا هۆنەرمەندانی كوردی ئەو ناوچەیە و بە تایبەتی كەسایەتییە ناسراوەكانی بواری مۆزیكی كۆنی ئەو ناوچەیە تێیدا بەشدار دەبوون، ئەمساڵ پێشی پێ گیراوە و ئیزنی بەڕێوەچوونی نادرێت.

بەپێی زانیارییەكان، ئەمساڵ لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەكەدا، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم و فەرمانداریی شاری قووچانەوە ئیزنی بەڕێوەچوونی نەدراوە و ئەوەش لە كاتێكدایە كە تێچوویەكی زۆر بۆ ئەو فێستیڤاڵە لەلایەن كوردانی ئەو ناوچەیەوە سەرف كراوە.

لەو فێستیڤاڵەدا كە ساڵانە بەڕێوە دەچوو، ڕێز لە گەورە هونەرمەندانی كۆچ كردووی كوردی ئەو ناوچەیە، وەك "ئیسماعیل سەتارزادە"، "حاج سلێمان قوربانی" دەگیرا هەروەها هونەرمەندانی كوردی ئەو ناوچەیە تێیدا بەشدار دەبوون.