دوو كۆڵبەری شێرناخی لە ئاكامی بۆردومانی فڕۆكە شەڕكەرەكانی ئەرتەشی توركیە، گیانیان لەدەست دا

زایینی: ١٣-١٢-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٤/٠٩/٢٢ - ١٩:٠٠ تاران
دوو كۆڵبەری شێرناخی لە ئاكامی بۆردومانی فڕۆكە شەڕكەرەكانی ئەرتەشی توركیە، گیانیان لەدەست دا
كوردستان میدیا: لە ئاكامی بۆردومانی فڕۆكە شەڕكەرەكانی ئەرتەشی توركیەدا، دو هاووڵاتیی كۆڵبەری ناوچەی قلەبانی سەر بە شێرناخ گیانیان لەدەست دا.

بەپێی زانیارییەكان، لە ئاكامی بۆردومانی فڕۆكە شەڕكەرەكانی ئەرتەشی توركیەدا، دو هاووڵاتیی خەڵكی "شیفرەزان"ی سەر بە ناوچەی "قلەبان"ی شێرناخ كە بۆ بژیوی ژیانیان كاری كۆڵبەریی سەر سنووریان دەكرد، گیانیان لەدەست داوە.

كوشتنی ئەم دو كۆڵبەرە كوردە، ناڕەزایەتیی توندی خەڵكی شێرناخی لێ‏كەوتەوە و ئەو ڕووداوەش لە لایەن خەڵكی باكووری كوردستانەوە، وەك درێژەی ڕووداوی ڕوبوسكی لێك درایەوە كە تێیدا ٣٤ هاووڵاتیی كوردی شێرناخ لە ئاكامی بۆردومانی فڕۆكە شەڕكەرەكانی ئەرتەشی توركیەدا گیانیان لەدەست دابوو. ناوی ئەو دوو كۆڵبەرە كوردە، خورشید ئۆڵماز و مەجید ئۆڵماز ڕاگەیەندراوە.