ئامەد/ بە تەقەی پۆلیس دو هاووڵاتیی مەدەنی كوژران

زایینی: ١٥-١٢-٢٠١٥ - هەتاوی: ١٣٩٤/٠٩/٢٤ - ١١:٤٢ تاران
ئامەد/ بە تەقەی پۆلیس دو هاووڵاتیی مەدەنی كوژران
كوردستان میدیا: لە شاری ئامەد بە ئامانجی مەحكووم كردنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە ناوچەی "سوور"ی ئامەد، خەڵكی ئامەد دەستیان بە خۆپیشاندان كرد و لەدژی ئەو بڕیارە ناڕەزایەتییان نیشان دا.

بە ئامانجی مەحكووم كردنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە ناوچەی "سوور"ی ئامەد، خەڵكی ئامەد دەستیان بە خۆپیشاندان كرد، بەڵام ئەوان بەرەوڕووی هێرشی توندی پۆلیس بوونەوە و لە ئاكامی پێكهاتنی شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوانیاندا، پۆلیس تەقەی لە خەڵك كرد و دوو خۆپیشاندەر كوژران. ناوی كوژراوەكان "شیار سەلمان" و "شەڕدڵ چەنگیز" ڕاگەیەندراوە.

هەروەها لە ئاكامی هێرشی هێزە ئەمنییەكانی توركیەدا، سێ كەسیش بریندار بوون، كە یەكێكیان ژنێكە بە ناوی "عایشە ئایتەكین" و ناوی دوو بریندارەکەی دیكەش "ئەنگین كایار" و "شەعبان پارلامش" ڕاگەیەندراوە، كە ئەو سێ كەسە لە ناوچەی "ڕازان" بریندار كراون.

لە گەڕەكی "نوور"ی ناوچەی "جزیرێ"ش منداڵێكی تەمەن ١٥ ساڵان، بە ناوی "مەولدە ئیگدی" بە هۆی کەوتنی گوللەیەك لە سەری، بە توندی بریندار بووە كە ئێستا لە ژێر چاودێریی چڕی پزیشكیی‏دایە.

تا ئێستا بە سەدان كەس لە كاتی پێكهێنانی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر دەركردنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ و هاتنە دەرەوە، بە گوللەی ڕاستەوخۆی پۆلیسی توركیە بریندار كراون و كوژراون، كە زۆر جار قوربانییەكانی ئەم هێرشانە، منداڵانی كەم تەمەنن.