وتووێژی‌ گۆڤاری‌ "سڤیل" له‌‌گه‌‌ڵ به‌ڕێز "مسته‌‌فا هیجری"

زایینی: ٠٥-٠٤-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩١/٠١/١٧ - ١٨:٥٨ تاران
وتووێژی‌ گۆڤاری‌
ک/مــــــــــــیدیا: گۆڤاری حه‌فتانه‌ی "سڤیل" ژماره‌ 126، وتووێژێکی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مسته‌فا هیجری سکرتێری گشتیی حدک ئێران پێکهێناوه.

سڤیل: کۆیە

ده‌قی ته‌واوی وتووێژه‌که‌:

مستەفا هیجری، سکرتێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەو دیمانەیەدا لەگەڵ (سڤیل)، باس لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکات، هاوکات باس لە بەرەکەی‌تری حیزبی دێمۆکرات دەکات و دەڵێ ئەوان کەمینە بوون مافی ئەوەیان نییە بەناوی حیزبی دێمۆکراتەوە کار بکەن، بۆیە تا ناوەکەیان نەگۆڕن هەماهەنگیان لەگەڵ ناکەین بۆ دروست کردنی بەرە.

سڤیل: لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەوە دەست پێ دەکەین، ئێران لە کوێی ئەو گۆڕانکارییانە دەبینی؟

مستەفا هیجری: پێم وابێ ئەو گۆڕانکارییانەی لانی‌کەم لە ماوەی ساڵی رابردوو لە ناوچەکەدا هاتۆتە پێش، کۆماری ئیسلامی ئێرانی خستۆتە پەلەقاژە، نیشانەکانی ئەو پەلەقاژەیەش، ئەو یارمەتییانەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەهەموو شێوەیەک پێشکەش بە دەوڵەتی سووریه‌ی دەکات، چونکە سووریه‌ ئێستا تەنیا دەوڵەتە، کە وەک دۆست و هاوپەیمانی ئێران لەناوچەکەدا ماوەتەوە. لە باری سیستمی حوکمڕانی و دەسەڵاتداریشەوە زۆر لە یەکتر نزیکن، بۆیە ئێران هەوڵی زۆر دەدات بۆ مانەوەی رێژێمی سووریه‌. پێم وابێ نەمانی ئەو حکوومەتەی ئێستای سووریه‌، کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بارودۆخی ئێران و ئێرانیش تاکە دۆستی خۆی لە ناوچەی عەرەبیدا لەدەست دەدات، بۆیە ترسی لێ نیشتووە.

سڤیل: بەڵام گەر جموجۆڵ و خرۆشانێک لەناوەوەی ئێراندا نەبێت، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هی سووریه‌ش بەتایبەت چ کاریگەریەکی لەسەر ئێران دەبێت؟

مستەفا هیجری: ئەوە بەتەواوەتی راستە، دەبێ لەپێشدا جموجۆڵەکە لەناوەوە بێت، بەڵام پێم وابێ ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەرییان دەبێت، بۆ ئەوەی لەئێرانیشدا ئەم جموجۆڵە دەست پێبکات. کێشەی خەڵکی ئێران ئەوەیە، کۆماری ئیسلامی ئێران جگە لەوەی زەبر و زەنگی زۆری نواندووە بۆ سەرکوت کردنی داخوازییەکانی خەڵک، ئابووری و نانی خەڵکیش بەدەستی ئەو رێژێمەیە، ئەمەشی کردۆتە فشارێکی زۆر قورس لەسەر خەڵکەکە، بەهۆی ئەمەشەوە توانیویەتی هه‌تا ئەندازەیەک بەرگری بکات لەخۆپێشاندان و جووڵانەوەی ناوخۆ، بەڵام ئەمە هەروا نامێنێتەوە، بە رووخانی حکوومەتی سووریه‌ و ئەم فشارەی لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە لەسەر ئێران هەیە، بەتایبەت لەمانگی حوزەیرانەوە، کە بڕیار وایە ناردنی نەوت بۆ وڵاتانی ئورووپایی کۆتایی پێبێت، هەموو ئەمانە کاریگەرییان دەبێت لەسەر لاواز بوونی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکەکە زیاتر تەشجیع بن و بتوانن داخوازییەکانی خۆیان بە شێوەیەکی ئاشکرا دەرببڕن و جووڵانەوەکەش لە ئێراندا شکڵ بگرێت.

سڤیل: لەبابەتی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا و رۆژئاوا بەگشتی بەردەوام هەڕەشە لە ئێران دەکەن و ئێرانیش سوورە لەسەر بەردەوامی پێدانی، لەدۆخێکی وادا ئەگەری جەنگێک لەناوچەکە لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا هەیە؟

مستەفا هیجری: پێم وایە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن، لە رێگای فشاری ئابووریی و سیاسی، هه‌تا کۆماری ئیسلامیی ئێران بەچۆکدا بێنن، بەتایبەت لەبارەی پیتداندنی ئورانیۆمەوە، بەڵام هه‌تا دواین قۆناغ و هه‌تا ئەنجامی ئەو تاقیکارییانە دەرنەکەوێت، پێم وانییە ئەوان لە فکری دەستێوەردانێکی نیزامی بن لە ئێراندا، بەڵام خەریکە ئاکامی ئەم هەوڵ و تەقەلایەی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی وردە وردە بەرەو کۆتایی دەچێت، واتە لێی نائومێد دەبن و دەگەنە ئەو قەناعەتەی کە کۆماری ئیسلامی بە کاری دیپلۆماسی و گەمارۆی ئابووری بە چۆکدا نایەت و وڵامی داخوازییەکانیان ناداتەوە، هەر لەو رۆژانەدا ئوباما رایگەیاند، کە تێکۆشانی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێراندا خەریکە بەرەو بنبەست دەچێت، بۆیە گەر ئەوان بە تەواوەتی بێ‌ئومێد ببن، بەتایبەت لە دوای مانگی حوزەیرانەوە، کە هەناردە کردنی نەوتی ئێرانیش دەبەسترێت، هەوڵەکانیش هەروا بێ‌ئاکام بن، ئەوا ئەگەری دەستێوەردانێکی نیزامی لەئێراندا دێتە ئاراوە.

سڤیل: کەواتە لەگەڵ ئاماژەی زیادبوونی فشارە دەرەکی و ناوخۆییەکان لەسەر رێژێمی ئێران، حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەو پەرتەوازەییەیانەوە دەتوانن چ شتێک بکەن و بەرنامەیان بۆ ئەم قۆناغە تازەیە چی دەبێت؟

مستەفا هیجری: منیش پێم وایە ئەمە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی جووڵانەوەی کوردە لە کوردستانی ئێراندا، بەتایبەت لەو هەلومەرجەدا کە چاوەڕوانی گۆڕانکاری لەناوچەکە و لە ئێرانیشدا دەکرێت، لەو نێوەندەشدا هەندێک هەوڵ و تێکۆشان لەئارا دان، واتە ئێمە نائومێد نەبووین لەوەی بتوانین هاوکاری لەگەڵ هێزە کوردییەکانی‌تری ئێراندا بکەین، لەشێوەی پلاتفۆرم و بەرنامەیەکی هاوبەشدا، چ بۆ ماوەی فەرمانڕەوایەتی کۆماری ئیسلامی و چ بۆ قۆناغی دوای رووخانی ئەم رێژێمە. سەبارەت بەم بابەتە ئێمە لەگەڵ هەندێک لە رێکخراوە کوردییەکانی ئێران لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا لە دەرەوەی ئێراندا و لەگەڵ ئوپۆزسیۆنی ئێران بەگشتی پێوەندیی و راوێژ و مه‌شوەرەتمان هەیە، بەڵام ئەمە تەواو نییە و دەبێ زیاتر هەوڵ بدەین یەکگرتووتر بین سەبارەت بە رووداو و گۆڕانکارییەکانی ئێران.

سڤیل: ئەم جیابوونەوە و ئینشیقاقە زۆرەی نێو حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هۆکارەکەی چییە؟

مستەفا هیجری: من هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگێڕمەوە، کە ئێمە خەڵکی شەرقین و هێشتا نەگەیشتووینە ئاستی تێگەیشتن لە مانا و ناوەڕۆکی دێمۆکراسی. هەرکامێکمان قسەمان لەگەڵ بکەن، خۆمان بە دێمۆکرات دەزانین، بەڵام کاتێک دێتە سەر مەسەلەی هەنگاوی عەمەلی، دەردەکەوێت کە باش لێی حاڵی نەبووین. پێم وابێ لە پێوەندی دەگەڵ حاڵی نەبوون لە دێمۆکراسی، مەسەلەی لەبەرچاو گرتنی قازانج و بەرژەوەندی گرووپی و تاکەکەسی و تەحەممولی یەکتر نەکردن، تەحەممول نەکردنی رای گشتی، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆکاری ئەوەی ئەم ئینشیقاقانە بێنە پێشەوە، دەنا لانی‌کەم ئەو ئینشیعاباتەی لە پێنج، شەش ساڵی رابردوودا روویان داوە، هیچ کامێکیان لەسەر مەسەلەی ئایدۆلۆژی و باوەڕی سیاسی و ئەم جۆرە مەسەلانە نەبووە.

سڤیل: تەنانەت ئەم جیابوونەوەیەش کە لە نێو حزبەکەی ئێوەدا روویدا، ئەمەشیان هەر لەبەر هۆکاری ئایدۆلۆژی و بیروباوەڕی سیاسی نەبووە؟

مستەفا هیجری: ئەمەش هەر یەکێکە لە هۆکارەکانی حاڵی نەبوون لە دێمۆکراسی، چونکە مەعمولەن وایە، کاتێک لەحزبێکدا گرووپێک دەڕۆن و ئینشیعابێک روو دەدات، ئەمە شتێکی ئاساییە، بەڵام لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا وانییە، کە ناو و سیمبول و هەموو نیشانەکانی ئەم حیزبەش لەگەڵ خۆیاندا بەرن، ئەمەش گیر و گرفتێکە و بە هۆی حاڵی نەبوون لە دێمۆکراسی هاتۆتە پێشێ.

سڤیل: بەڵام لایەنی بەرامبەریش بە هەمان شێوەی ئێوە، پێیان وایە لە حیزبدا دێمۆکراسی و رێز گرتن لە رای جیاواز نەبووە....

مستەفا هیجری: بەڵام ئێمە کۆنگرەمان بەستووە و کاتێکیش ئەم کۆنگرەیە بەستراوە، ئەوانەی جیا بوونەتەوە لە حیزبدا بوونە و زۆرینەش بوونە، کۆنفرانسە حیزبیەکان لە ژێر کونترۆڵی ئەواندا بەڕێوە چووە، ئەو بەرنامە و راپۆرتی کۆنگرانەی ئامادە کراون، هەمووی لەژێر کونترۆڵی ئەواندا بووە،هه‌تا راپۆرتی کۆنگرەش خوێندراوەتەوە و راپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرە پێشکەش کراوە و قسەی لەسەر کراوە، هیچ کێشەیەک نەبووە، کێشەکە ئەو دەمە ساز بووە، کە هەڵبژاردن کراوە بۆ رێبەرایەتیی حزب و ئەوانە نەیانتوانیوە لە حزبدا ببنەوە بە زۆرایەتی، ئەگەر بیانتوانیبایە ببنەوە بە زۆرایەتی وەک کۆنگرەکانی پێشوو، ئەوا هیچ کێشەیەک نەدەبوو، بەڵام بە بۆچوونی ئەوان لەبەر ئەوەی نەیانتوانیوە ببنەوە بە زۆرینە، بۆیە دێمۆکراتی نەبووە، بە بۆچوونی ئەو گرووپ و برادەرە قەدیمانەی ئێمە دێمۆکراسی بە مانای ئەوەیە تەنیا قازانج و بەرژەوەندی ئەوان رەهایەتی بکرێت، ئەگەرنا دێمۆکراسی نییە، ئەگەرنا هەر ئەو کۆنگرەیەی پێشتر ئەوانی وەک زۆرینە هەڵبژاردووە و لە رێبەرایەتیی حیزبدا جێگیر بوونە، ئەوانی وەک زۆرینە هەڵنەبژاردۆتەوە، ئەگەرنا هیچ مەسەلەیەکی‌تر لە گۆڕێدا نەبووە. واتە ئێمە هیچ شتێکمان نەکردووە، ئێمە وەک گرووپێکی کەمینە بووین لە رێبەرایەتی حیزبدا و دەسەڵاتێکی ئەوتۆشمان نەبووە ئیعمالی دیکتاتۆری بکەین، پۆستە سەرەکییەکانی وەک سکرتێر و بەشەکانی دیکە بەشێکی زۆری لەدەسەڵاتی ئەواندا بووە.

سڤیل: کە ئێوە گرووپێکی کەمینە بوونە، چۆن دوای کۆنگرە زۆرینەی دەنگەکانتان بەدەست هێناوە و بوونەتە زۆرینە؟

مستەفا هیجری: بە دەلیلی ئەوەی حیزب لەو ماوەیەدا لە کار و تێکۆشانی ئەوان ناڕازی بووە، بۆیە هاتووە لەکۆنگرەدا ویستوویەتی ئاڵوگۆڕێک پێکبێنێت، هه‌تا وەکوو حزبەکە کارامەتر و چالاکتر بێت، لە ئەنجامیشدا هەموو ئەوانەی پێشتر لە رێبەرایەتیی حیزبدا بوون، هەموویان هەڵنەبژێردراونەتەوە.

سڤیل: ماوەیەک پێش ئێستا راتگەیاندبوو، ئەوانەی لەحزب جیابوونەتەوە، بەئامادەبوونی لایەنی سێیەم دەتوانن بێنەوە ناو حیزب، مەبەستت لەلایەنی سێیەم کێ بوو؟

مستەفا هیجری: ئەو کات باسم کرد، تەرەفی سێیەم هەر لایەنێکە ئەوان پێیان باش بێت، دەتوانێت بێت چاودێری بەسەر کاروباری کۆنگرەدا بکات، بۆ ئەوەی جگە لە دوولایەنەکەی ئێمە، چاودێرێکیش هەبێت شاهێدی بدات، کە کۆنگرەکە بەپێی بەرنامەیەکی دێمۆکراتی بەڕێوەچووە، تاوەکو ئەوان ئەگەر جارێکی‌تر کەوتنەوە کەمایەتی، نەڵێن زوڵممان لێکراوە و بزانن کە بەرنامەکە بە شاهێدی لایەنی‌تر بە دروستی بەڕێوەچووە، جا ئەم لایەنە هەر کەسێک بێت گرنگ نییە، با هەر کەسێک بێت، کە ئەوان پێیان باش بێت.

سڤیل: ئەوان هیچ وڵامێکیان بۆ ئەم دەسپێشخەریەی ئێوە هەبووە؟
مستەفا ه‌یجری: بەداخەوە تاکوو ئێستا هیچ وڵامێکمان وەرنەگرتۆتەوە.
سڤیل: ساڵانێکە باس لە زەروورەتی دروست کردنی بەرەیەک بۆ حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات دەکرێت، ئەگەر هێندە پێویستە بۆچی هەنگاوی بۆ هەڵناهێنن؟

مستەفا هیجری: جا ئاخر دەبێ هەنگاوی بۆ هەڵێنین، ئێمە لەگەڵ ئەو رەفیقانەی خۆمان کە جیابوونەتەوە باسمان کردووە، تەنیا ئاڵوگۆڕێکی زۆر سەرەتایی لەناوەکەیاندا بکەن، ئێمە ئامادەین پێوەندییەکانمان لەگەڵیان ئاسایی بکەینەوە، گەر نەشتوانین وەک حزبێک پێکەوە کار بکەین، دەتوانین وەک دوو حیزب لەگەڵ یەکتر هاوکاری بکەین، دەتوانین باس لە مەسەلەی پێکهێنانی بەرە و بوونی هاوکاری لە نێوانماندا بکەین، کە ئێستا زۆر پێویستە. ئێمە کە لەگەڵ ئەواندا پێوەندییەکی راستەوخۆ و رەسمیمان نییە، لەبەر ئەوە نییە کە جیابوونەتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە ئەوان دەستیان بەسەر ناو ناونیشان و سیمبولەکانی حزبی دێمۆکراتدا گرتووە، رۆژنامەی کوردستان و ئۆرگانە حزبییەکان و ناونیشانی حیزب و هەموو شتێکیان بۆخۆیان هەڵگرتووە، لەحاڵێکدا بەپێی پێڕەو و پرۆگرامی حیزب، کە ئەو کات بە رەزامەندی ئەوان بڕیاری لەسەر دراوە، ئەوان لەو پێڕەوە لایان داوە، واتە ئێستا ئەوان ناتوانن حزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بن، چونکە بەپێی ئەو پێناسەیەی لە پێڕەوی حیزبدا بە رەزامەندیی هەموو لایەک و لە کۆنگرەیەکدا بڕیاری لەسەر دراوە، ئەوان کە رۆیشتوون، کەمینەیەکی زۆر کەم بوونە، لە 23 کەسی ئەندامانی رێبەرایەتیی حزب، ئەوان 7-9 کەس بوونە، بۆیە ئەوان ناتوانن ببنە حیزبی دێمۆکرات، ئیشکالاتەکە لەوەدا بووە، کە ئەوان هه‌تاکوو ئێستاش ئەمەیان قه‌بووڵ نەکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئەو داوایەمان هەر خستۆتە بەر نەزەری ئەوان و بەر نەزەری خەڵکیش، کە ئێمە جگە لەوە هیچ کێشەیەکی‌ترمان نییە، ئەگەر ئەوان باوەڕیان بە پێویستی ئەم هاوکاری و هەماه‌ەنگی و بەرەیە هەیە، دەبێ بتوانن لەم پێناوەدا ئەم هەنگاوە بنێن، ئێمەش هیچ گیر و گرفتێکی‌ترمان لەگەڵ ئەواندا نییە.

سڤیل: واتە سەرەڕای ئەوەش کە ئەوان ناو و سیمبولەکانی حزبیان بردووە، ئێوە هەر ئامادەن هەماهەنگیان لەگەڵدا بکەن؟

مستەفا هیجری: ئەگەر ئەوان ناوەکەیان نەگۆڕن، تاکوو ئێستا بڕیارمان ئەوەیە، کە هەماهەنگییان لەگەڵ ناکەین، هەماهەنگی بەو مانایەی بتوانین پێکەوە بەرەیەک پێکبهێنین، ئەگەرنا لە هەندێک کۆڕ و کۆبوونەوە لەگەڵ حزبە ئوپۆزسیۆنەکانی ئێراندا لەدەرەوەی وڵات، جۆرێک لە هەماهەنگی و راوێژ لەنێوانماندا هەیە.

سڤیل: لەدۆخێکی وادا کە ئەگەری گۆڕانکاری لە ئێراندا هەیە، پێوەندی ئێوە لەگەڵ ئەمریکادا چۆنە؟ پێت وایە ئەمریکا هاوکاری ئێوە بکات؟

مستەفا هیجری: ئێمە وەک حیزبی دێمۆکرات پێوەندیمان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە، چ لە کوردستان و چ لە ئەمریکا، بۆ راوێژ و ئاڵوگۆڕی را و بۆچوون سەبارەت بە بارودۆخی ئێران و ناوچەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ یارمەتییەکی ئێمەیان نەداوە.

سڤیل: بێینە سەر باسی هەڵبژاردنەکانی ئێران، بەپێی راپۆرتەکان هەرچەندە رێژەی بەشداری لەو هەڵبژاردنانە بەگشتی کەم بوو، بەڵام ئەم رێژەیە لە ناوچە کوردییەکاندا زۆرتر بوو وەک لە ناوچەکانی‌تری ئێران، لە کاتێکدا کۆمەڵێک لە حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات داوایان لە خەڵک کرد بایکوتی هەڵبژاردن بکەن، بەتایبەت لە شاری مەهاباد رێژەی بەشداری کردن بە بەراورد بە ناوچەکانی‌تر زۆر بوو، بۆچی داوای حیزبەکان بۆ بایکوت کردنی هەڵبژاردن کاریگەریی لەسەر خەڵک نەبوو؟

مستەفا هیجری: گەر بەگشتی تەماشا بکەین، ئەم داواکارییەی حیزبەکان کاریگەری هەبووە، بەڵام لە مەهاباد کاریگەریەکەی کەمتر بووە، هۆکاری ئەمەش دوو سێ شتی بنەڕەتی بووە، یەکەم هەڵبژاردنەکانی پارلمان وەک هەڵبژاردنی سەرکۆماری نییە، لە هەڵبژاردنی پارلماندا کۆماری ئیسلامی هەمیشە تێکۆشاوە جۆرێک لە کێبڕکێ لە نێوان کاندیدەکاندا پێکبهێنێت، بۆ نموونە کەسێک لەو ناوچەیە هەڵدەبژێرێت، کە کورد و نەتەوەکانی‌تری تێدایە، لە ئازربایجانی رۆژئاوا کورد و تورکی تێدایە، یەکێک لە کوردەکان و یەکێک لە تورکەکان دادەنێت، ئەمانە دەکەونە بەربەرەکانێی یەکتر، تاوەکو هەر لایەنێک کاندیدی خۆی هەڵبژێرێت، یاخود لەنێوان خەڵکی دێهات و خەڵکی شاردا، یا لە نێوان شیعە و سوننەکاندا، تاوەکو ئەو کێبڕکێیە بسازێنێت، خەڵکەکەش چونکە زیاتر خەڵکێکی ئیحساسین، لەو بابەتەدا هەر لایەنە و هەوڵ دەدات کاندیدی خۆی هەڵبژێرێت. دووهەم هۆکار ئەوەیە، ئێستا کۆماری ئیسلامی نانی خەڵکی بە دەستە، لە کاتی هەڵبژاردندا پەیام دەنێرێت، بۆ نموونە ئەم جارەیان دەیان هەزار (ئێس ئێم ئێس)ی بۆ شارە کوردییەکان ناردووە، بۆ نمونە بە دووکاندارەکان گوتراوە، ئەگەر بەشداری نەکەن و ناسنامەکەتان مۆری بەشداری کردنی هەڵبژاردنی پێوە نەبێت، رێگاتان پێ نادەین دوکانەکانتان بکەنەوە و مۆڵەتەکانتان بۆ تازە ناکەینەوە، ئەوەی خوێندەوارە پێیان دەڵێن رێگاتان پێنادەین بگەڕێنەوە دانیشگا و بخوێنن، یان ئەوانەی خەریکن خوێندن تەواو دەکەن، پێیان دەڵێن گەر ناسنامەتان ئەو مۆرەی پێوە نەبێت، دوایی کارتان پێنادەین، بارودۆخی ئێرانیش بەداخەوە ئێستا وای لێهاتووە، ئەگەر رێژێم یارمەتییان نەدات، خەڵک ژیانیان نییە، کار و داهاتیان نییە، ئەمانەش کاریگەرییان هەیە. مەبەستم ئەوەیە ئەو خەڵکانەی دەنگیان داوە، لەبەر ئەوە نەبووە، کە کۆماری ئیسلامیان خۆش دەوێت، بەڵکو لەبەر ئەم ‌هۆکارانەیە. لەلایەکی‌تریشەوە کۆماری ئیسلامی تەنیا خۆی دەزانێت چەندە خەڵک بەشداریی کردووە، خۆ هیچ چاودێرێکی بیانی لەوێدا نەبوونە، هه‌تا بزانین چەند کەس بەشداریی کردووە، هەر لەخۆڕا خۆی رایدەگەیەنێت، بۆ نمونە دەڵێ لە مەهاباد زیاتر لە 50%ی خەڵک بەشدارییان کردووە، دیارە لەو راگەیاندنەشدا کۆماری ئیسلامی دەزانێت، کە مەهاباد ناوەندی کوردایەتییە، شاری یەکەم کۆماری کوردییە و خەڵکەکەی سیاسەتکارە و پشتیوانی حیزبی دێمۆکراتن و هەمیشە لە هەڵبژاردنەکاندا وڵامی داخوازی و داواکاری حیزبی دێمۆکراتیان داوەتەوە، رێژێمی ئێران دەیەوێت نیشانی بدات، کە نەخێر لەو شارەشدا بەشداریی خەڵک زۆرە، بەو مانایەی خەڵک وڵامی داخوازیی حیزبی دێمۆکرات و حیزبە کوردییەکانی‌تری نەداوەتەوە، بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکان.

سڤیل: کەواتە ئێوە گومانتان لە راگەیاندنی ئەو ئەنجامانە هەیە، سەبارەت بە بەشداریی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنەکان؟

مستەفا هیجری: بەڵێ سەد دەر سەد گومانمان ‌هەیە، چونکە کۆماری ئیسلامی رێگە نادات چاودێرانی بیانی بەشداربن لەچاودێری کردنی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکاندا، بۆیە خۆی چی پێخۆش بێت، هەر ئەوە رادەگەیەنێت و هەر ئەوەش لە سندووقەکانی دەنگدان دا دێنێتە دەرێ.

سڤیل: هیچ تێبینییەکتان لەسەر هەڵوێستی ئوپۆزسیۆنی فارس لە ئێراندا هەیە؟

مستەفا هیجری: بیر و بۆچوونی فارسەکانیش گۆڕانی بەسەردا هاتووە و وەک ساڵانی پێشوو نەماوە، ساڵانی پێشوو کە داخوازی خودموختاری یا ئوتۆنۆمی بۆ کورد دەکرا، یان ئێستا کە دروشمەکە بۆتە پێکهێنانی سیستمێکی سیکۆلاری دێمۆکراتی فیدڕاڵ لە ئێراندا، لەو پێوەندییانەی ئێمە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی دەرەوەدا کە لەگەڵ ئوپۆزسیۆنی فارسی ئێران هەمانە، هەموویان سیستمی سیکۆلاریان قه‌بووڵە، فیدڕالیزمیشیان قبوڵە، بەڵام ئێستا کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەواندا ئەوەیە، کە ئەوان داوا دەکەن فیدڕالیزمی ئوستانی یان پارێزگاکان بێت، بەڵام داخوازی ئێمە فیدڕالیزمی نەتەوەیی جوگرافییە. ئێستا حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەرەیەکی هەیە لەگەڵ 16 حیزبی نەتەوەکانی‌تری ئێران، کە عەرەب و بلوج و تورک تێیدا بەشدارن، هەموومان داخوازییمان ئێرانێکی دێمۆکراتی فیدڕاڵە، کە فیدڕاڵیزمیەکەی لەسەر بنەمای جوگرافیایی و نەتەوەیی بێت. ئێمە بۆ ئەوە کار دەکەین و لەگەڵ فارسەکانیشدا باسمان کردووە، پێمان گوتن ئەگەر ئێوە لە خەمی پاراستنی سنوورەکانی ئێران و تەواوەتی خاکی ئێران دان وەک خۆیان دەڵێن، دەبێ کارێک بکەن نەتەوەکانی‌تری ئێران، کە زۆربەی حەشیمەتی ئێران پێکدێنن، رازی بن، رازی بوونیشیان بە مانای ئەوەیە، کە لە نێو خۆیاندا حکوومەتێکی ناوخۆییان هەبێت، کە واتە بۆ پاراستنی چوارچێوەی ئێران دەبێ ئەوان رێوشوێنێکی تازە بگرنەبەر، کە جیا بێت لەوەی رێژێمی شا و رێژێمی ئیسلامی گرتوویەتیانەبەر، ئەمیش ئەو پێشنیارەیە کە پێمان داون. ئێستا ئێمە لەسەر ئەو مەسەلەیە لەگەڵ 3-4 گرووپیان لەدیالۆگ داین، تا بتوانن رازیان بکەین، کە مەسەلەی فیدڕالیزمی جوگرافی و نەتەوەیی قه‌بووڵ بکەن، دیارە ئەوان بەشی زۆریان لەوە نیگەرانن، کە مەسەلەی فیدڕاڵیزمی جوگرافیایی نەتەوەیی ببێتە هۆی دابەش بوونی ئێران، باوەڕ و متمانەیان نییە، ئێمەش وەک نەتەوەکانی‌تری ئێران باوەڕمان بەوان نییە، کە ئەگەر مافە سیاسییەکانمان لەچوارچێوەی ئێرانێکی لەم شێوەیەدا گرەنتی نەکرێت کە دەمانەوێت، سبەینێ گرووپێکی‌تر بە ناوێکی‌تر لە تاراندا حاکم بێت و دووبارە زاڵ بێتەوە بەسەرماندا. واتە بێ متمانەییەکە لە هەردوو لایەندا هەیە. ئێمە هەوڵمان بۆ ئەوەیە ئەم دیواری بێ متمانەییە نەهێڵین و وردە وردە حاڵییان بکەین، کە ئێمە ‌هەموومان ئێرانین و هەمووشمان بۆ ئێران دڵسۆزین، بەڵام کاتێک دەتوانین ئێران بپارێزین، کە هەموومان هەوڵی بۆ بدەین و هەمووشمان وەک یەک مافمان هەبێت،. ئەمە رەوتی وتووێژ و دیالۆگێکە، کە ماوەی 2-3 ساڵە ئێمە لەگەڵ ئوپۆزسیۆنی فارسی ئێرانی هەمانە.

سڤیل: کە دەڵێی ئێمە مەبەستت تەنیا حزبی دێمۆکراتە، یا هەموو حیزبە کوردییەکانی ئێران؟

مستەفا هیجری: لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵدا، تەنیا ئێمە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان هەین، بەڵام لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی‌تردا حیزبەکانی‌تریش بەشداری دەکەن.

سڤیل: ئەی حیزبە ئوپۆزسیۆنە فارسە ئیسلامییەکان بەشدار دەبن لەم کۆبوونەوە و دیالۆگانە، وەک موجاهدینی خەڵق؟

مستەفا هیجری: نەخێر موجاهدین بەشدار نین، بەداخەوە ئەوان تاکو ئێستاش بەتەنیا ماونەتەوە، تا ئێستاش هیچ گۆڕان و ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە بیر و بۆچوونی سیاسییاندا رووی نەداوە، ئێستاش باوەڕیان بە هاوکاری هێزە سیاسییەکان نییە، تەنیا بۆ خۆیان هەڵدەسووڕێن و بەرنامەیان هەیە، لە هیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا حزووریان نییە. ئەوەی راستی بێت لە نێو هێزە ئوپۆزسیۆنەکانی ئێرانیشدا خۆشەویست نین، ئەوانیش زۆر پێیان خۆش نییە لەگەڵیاندا پێوەندییان هەبێت.

سڤیل: سەرۆکی هەرێم داوای بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکات بۆ یەکخستنی گوتاری سیاسی کورد لە هەر چوار پارچە، پێت وایە ئەو کۆنگرە نەتەوەییە سەرکەوتوو بێت، یا چ کاریگەرییەکی دەبێت؟

مستەفا هیجری: من پێم وابێت بۆ ئەوەی کورد لە هەر چوار پارچە بە شێوەیەکی گشتی یەک خیتابی ‌هەبێت، ئەمە هەنگاوێکی دروست و بە کەڵکە، بەڵام لێرەشدا دەبێ ئەمە لەبەرچاو بگیرێت، کە هەلومەرجی بەشەکانی کوردستان وەکوو یەک نییە، تەنیا دەتوانرێت داخوازیەکی گشتی هەبێت، دەنا کە دێینە سەر هەندێک وردەکاری، بارودۆخەکە فەرق دەکات، بۆ نمونە بارودۆخی کوردستانی تورکیه‌ لەگەڵ کوردستانی عێراق و سووریه‌ و ئێران فەرقیان هەیە، سیستمی حوکمڕانی لەو وڵاتانەدا فەرقیان هەیە، بۆیە کە دێینە سەر وردەکارییەکان جیاوازیی هەیە، بەڵام لە شێوەی گشتیدا دەتوانن هەموویان یەک گوتار و داخوازی گشتییان هەبێت، من ئەوە بەشتێکی موسبەت دەزانم.


سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی هه‌فته‌نامه‌ی گۆڤاری سڤیل