لە ماوەی ١٧ ڕۆژدا ٥٦ کەس لە ئێران ئێعدام کراون

زایینی: ٠١-١٠-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٧/١٠ - ١٢:٠٠ تاران
لە ماوەی ١٧ ڕۆژدا ٥٦ کەس لە ئێران ئێعدام کراون
کوردستان میدیا: ڕەوتێکی نوێ لە ئێعدامەکان لە ئێران دەستیان پێکردووە و تەنیا لە ماوەی ١٧ ڕۆژدا ٥٦ کەس لە زیندانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون، کە بۆ هەر ڕۆژێک دەکاتە نیزیک بە ٤ کەس.

هەواڵدەریی هەرانا بڵاوی کردەوە؛ ئەم ئێعدامانە لە شارەکانی شاهروود، گۆرگان، کەرەج، ورمێ، میناب، شیراز و تەورێز ئەنجام دراون.

بە وتەی چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤ، ئەم ڕێژە لە ئێعدامەکان لە وەها ماوەیەکی کورتی زەمەنیدا لە ٢ ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە.

هەر لەم پێوەندییەدا سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەر، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ٨ کەس ئێعدام کران کە سەرجەم ئەو زیندانیانە کورد بوون.

تۆمەتی وەپاڵ دراوی ئەم ئێعدام کراوانە بریتییە لە؛ "قاچاغی ماددە سڕکەرەکان"، "دزی"، "قەتڵ"، و "دەستدرێژی".

ساڵی ڕابردوو لێبووردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە "بەرزبوونەوەی زۆر"ـی ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێراندا نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ئەو دادگایانەی کە ئەم حوکمانە دەر دەکەنی بە "ناسەربەخۆ و لاگیر" وەسف کرد.

بە گوتەی ئەو ڕێکخراوە، ئێران ساڵی ڕابردوو، پاش چین دووهەمین وڵات لە بواری ئێعدامدا بووە.