بەیاننامەی پشتیوانی لە كەمپەینی 10ی خاكەلێوە رۆژی شەهیدانی كوردستان

زایینی: ٠٧-٠٤-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩١/٠١/١٩ - ١٣:١٤ تاران
بەیاننامەی پشتیوانی لە كەمپەینی 10ی خاكەلێوە رۆژی شەهیدانی كوردستان
كوردستان ‌میدیا: یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەكدا پشتیوانیی خۆی لە كەمپەینی 10ی خاكەلێوە رۆژی شەهیدانی كوردستان راگەیاند.

دەقی بەیاننامە:

هاونیشتمانانی بەرێز!
خەڵكی تێكۆشەری كوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی یەكیەتیی لاوان!



هەموو لایەك ئاگادارین كە كۆمەلێك لە دڵسۆزان و نیشتمانپەروەرانی نەتەوەكەمان لە هەولێكی ماندووی نەناسانەدا كەمپەینێكیان وەرێخستوە تاكوو 10ی خاكەلێوە ساڵرۆژی شەهیدكرانی پێشوای ناوداری نەتەوەكەمان" قازی محمد" وەك رۆژی شەهیدانی كوردستان لە هەموو بەشەكان بە رەسمی بناسرێت و یادی بەرز رابگیردرێت.


325.jpg



دیارە لەمێژ ساڵە حیزبی رێبەری بزوتنەوەی نەتەویی – دێموكراتیكی خەڵكی كوردستان حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ژێر رێنوێنی رێبەری شەهید كاك د.قاسملوو ئەو رۆژەی وەك رۆژی شەهیدانی كوردستان دیاری كردووە و یەكیەتیی لاوانیش لەو كاتەوە هەموو سالێك لە 10ی خاكەلێوەدا یادی شەهیدانی سەربەرزی كورد و كوردستان بەرز راگرتووە، ئێمە لە یەكیەتیی لاوان هەرچەند لە كۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی هەرچوارپارچەی كوردستان ، هاورێ‌ لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانی كوردستانی ئێران داوامان كرد كە 10ی خاكەلێوە وەك رۆژی شەهیدانی كوردستان دیاری بكرێت و پێشنیارەكە بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی بەرز كراوەتەوە، پشتیوانی خۆمان بۆ كەمپێنی 10ی خاكەلێوە دەردەبرین و ئامادەی هەموو هاوكارییەكین و داوا لەسەرجەم لایەنە پێوەندیدارەكان بە تایبەت بەرێز سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و بەرێز پارلمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسیی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی هەموو بەشەكانی كوردستان دەكەین لە سەرخستنی ئەو ئەركە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا یارمەتیدەرمان بن.


یەكیەتی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
هەیئەتی ئیجرایی
19/1/91