ڕاسان و پشتیوانانی

زایینی: ٠٦-١٢-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٩/١٦ - ١٠:٥٩ تاران
ڕاسان و پشتیوانانی
کەریم پەرویزی

ڕۆژی پێنج‌شەممە ١١ی سەرماوەز، ١ی دێسامبری ٢٠١٦ لە ئەنستیتۆی فەڕانسە بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک، کۆڕێک بەڕێوە چوو کە پرۆفیسۆر ستێفان لاکروا بەڕێوەی برد و تێیدا باسی لە سیاسەتە ستراتژیک و بناغەییەکانی عەرەبستان و هەروەها ستراتژیی ئەو وڵاتەی لە ناوچەکەدا کرد.

لەو کۆڕەدا ستێفانی لێکۆڵەر و ئاکادمیک، بە شێوەیەکی زانستی و ورد دەستی خستە سەر ئەو خاڵە گرنگانەی سیاسەت و داڕشتنی دەسەڵات لە وڵاتی عەرەبستان و بۆ من کۆڕێکی گرنگ و جێگای لێ‌وردبوونەوە و فێربوون بوو.

لێرەدا مەبەستم نیە کە بڕۆمە نێو وردەکاریی باسەکانی ئەو پرۆفیسۆرە و قسەکانی دووپاتە بکەمەوە، بەڵام مەبەست لە یەک خاڵی گرنگی باسەکانی ئەو کۆڕە بوو کە پێویست بە ڕاوەستان و بیر لێ‌کردنەوە دەکا.

لە باسەکانی پرۆفیسۆر ستێفاندا هاتبوو کە؛ سیاسەتی ستراتژیکی عەرەبستان لە سەر بنەمای هاوپەیمانی لەگەڵ ئامریکا داڕێژراوە و ئەمە یەکێک لە چوار کۆڵەکەی سەرەکیی سیاسەت و دەسەڵاتداریی ئەو وڵاتە پێکدێنێ. بەڵام لە دوای هاتنە سەرکاری ئیدارەی ئۆباما و کشانەوەی هێزەکانی ئامریکا لە عێراق و کەمکردنەوەی هێزیان لە ناوچەکە، عەرەبستان پیداچوونەوەی بە سیاسەتەکانیدا کرد و بڕیاری دا کە خۆی راستەوخۆ دژی مەترسییەکانی سەر ئەو وڵاتە بوەستێتەوە و هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانیی دیکەی دا.

تا ئێرە شتێکی ئاسایی دێتە بەرچاو، بەڵام گەر لە کرۆکی باسەکە ورد ببینەوە، هەندێک شتی ئەساسیمان پی دەڵێ.

یەکەم خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ستراتژیی دەسەڵاتداریی عەرەبستان لەسەر ئەساسی هاوپەیمانیی لەگەڵ ئامریکا داڕێژراوە و یەکەم هاوپەیمانی ناوچەیی ئامریکا عەرەبستان بوو. ئەمە لەکاتێکدایە کە دەسەڵاتی عەرەبستان لەگەڵ خەڵکانێک لە نێو عەرەبستان بەرەوڕوویە کە ئامریکا بە سەرچاوەی خراپە لە جیهاندا دەناسن! بەڵام بەرژەوەندیی وڵاتی عەرەبستان و ستراتژیی ئەو وڵاتە گرێدراوە بە شتێکەوە کە لەگەڵ ئیدئۆلۆژیی خەڵک یەک ناگرێتەوە. بەڵام لە نێو نەتەوەی کورددا هەن کەسان و ڕەوتگەلێک کە سیاسەت و دەسەڵاتداری و تەنانەت بزاڤی ڕزگاریخوازیش بە ئیدئۆلۆژیەکی زۆر چەقبەستوو دەبەستنەوە و پێیان وایە کە تۆزقاڵێ لە دێڕەکانی نێو کتێبەکانی دووسەد ساڵ پێش ئێستا دوور بکەویەوە، ئەوە لە درگای جەهەننەم نزیک دەبیتەوە!

خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە وڵاتێکی وەکوو عەرەبستان، بە داهاتی ساڵانەی نەوتیی لانیکەم ١٨٠ میلیارد دۆلار و لانی زۆر ٣٦٠ میلیارد دۆلار و داهاتی بە دەیان میلیاردیی پیشەسازی و حەج و عومرە و ... و هەروەها بە سەردان کردنی ساڵانە دەیان میلیۆن موسڵمان لە تەواوی دونیاوە و هاوپەیمانیی لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان و زۆر شتیتر، کاتێک ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی پێکدێ، بە دوای هاوپەیمانی نوێ دەگەڕێ و هەست بەو پێویستیە دەکا کە بەرژەوەندییەکانی بە ڕێگای دیکەوە دابین بکا.

بەڵام لە نێو کورد و بەتایبەتی کوردی ڕۆژهەڵاتدا، پەیدا دەبن کەسانێک کە دەڵێن، ڕاسانی ڕۆژهەڵات دەبێ تەنیا لەسەر شانی بەشێک لە خەڵکی کوردی ڕۆژهەڵات بەڕێوە بچێ و نابێ بەدوای هیچ پشتیوان و هاوپەیمانێکدا بگەڕێ و تەنانەت لە نێو خودی کوردیشدا دەبێ بەگژ هەموو کەسدا بچێتەوە و دەبێ گەر باسیان کرد کە کورد پێوەندیی بە فڵان شوێنەوە هەیە و یان ڕاسان بە دڵی فڵانە شوێنە، دەبێ هەر زوو هەڵوێست دژی هەموو دونیا و هەموو جیهان بگرێ تاکوو بیسەلمێنێ کە ڕاسان، سەربەخۆیە!

ڕاسانی ڕۆژهەڵات ئیرادەی گەلی کوردە بۆ بەگژدا چوونەوەی ستەمکار و سەرەڕۆیی زاڵ بە سەر کوردستاندا و بۆ گەشەکردن و بەهێزبوونی ڕاسان، پێویستی بە دۆزینەوەی دۆستی زیاترە، نەک بەدوژمنکردنی هەموولایەک.