دەنگی بێدەنگەکان لە مانگرتنەکەی بەردەوامە

زایینی: ٠٦-٠١-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٥/١٠/١٧ - ١٢:٠٧ تاران
دەنگی بێدەنگەکان لە مانگرتنەکەی بەردەوامە
کوردستان میدیا: سەعید شێرزاد ئەو زیندانییە سیاسییەی زیاتر لە چوار حەوتووە لێوی خۆی دووریوە و مانی لە خواردن گرتووە، لە وەڵامی داخوازی شکاندنی مانگرتنەکەی لە لایان کەسوکاری زیندانیانی سیاسییەوە گوتوویە: "ئیزنم بدەن لەبەر دەنگی بێدەنگانی نێو بەندەکان، لەم مانگرتنە بەردەوام بم!".

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، ١٤ زیندانیی بەندی ٤ ی ساڵۆنی ١٢ی زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج و لە زیندانیانی هاوبەندی سەعید شێرزاد، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی خەڵکی کرماشان کە بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین لە دۆخی نالەبار و ناستانداردی نێو زیندانەکان زیاتر لە مانگێکە لێوی خۆی دووریوە و مانی لە خواردن گرتووە، لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتگیرییان لە داخوازەکانی ناوبراو کردووە و داخوازاکانیان بە "سینفی و یاسایی" لەقەڵەم داوە.

هاوبەندییەکانی سەعید شێرزاد لەو ڕاگەیەندراوەدا باسیان لەوە کردووە کە؛ بەڕیوەبەرایەتی زیندان، ڕێکخراوی زیندانەکان و دادستانیی تاران، داخوازە سینفییەکانیان پشتگوێ دەخەن و جەختیان لە سینفی و یاسایی بوونی داخوازەکانی سەعید شێرزاد کردۆتەوە و دەنگی خۆیان داوەتە پاڵ دەنگی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگرتووە.

سەعید شێرزاد، چالاکی سیاسی و ئەندامی "کانوونی داکۆکی لە منداڵانی کار و سەرشەقام"، زیاتر لە مانگێکە لە زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایی لە دۆخی ناستاندارد و هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ زیندانییەکان و بنەماڵەکانیان لێوی خۆی دووریوە و مانی لە خواردن گرتووە. ناوبراو گوتوویە: "ئەمەم کردووە بۆ ئەو ئازیزانەی کە لەم ڕۆژانەدا گیانیان لە مەترسیدایە و دەنگیان ناگاتە گوێی هیچکەس، دەنگی لێدان و کوشتوبڕ، سووکایەتییەکان، سەرکوتەکان و مەرگە بێدەنگەکان لە زیندان".

ناوبراو ئاماژەی بە سووکایەتی مەئموورەکانی زیندان بە بنەماڵەی زیندانییەکان، دەستبەسەرکردنی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، کوشتوبڕی زیندانییەکان و بێبەش کردنیان لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەرمانی کردووە.

شایانی باسە کە؛ لە ساڵۆنی ١٢ و بەندی ٤ی زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج، زیاتر لە ٦٠ زیندانیی سیاسی ڕاگیراون کە لەو ڕێژەیە، ٢٠ کەسیان تاوانی "محاربە" واتە دژایەتی لەگەڵ خودا دراوەتە پاڵیان و سزای قورسی ئێعدام یان زیندانی درێژ ماوەیان بەسەردا سەپاوە.

سەعید شێرزاد تەمەنی ٢٨ ساڵە و لە ١٨ی جۆزەردانی ١٣٩٣دا دەستبەسەر کراوە و زیاتر لە ٢ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا ڕاگیراوە. ناوبراو لە خەرمانانی ١٣٩٤دا لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشدا دادگایی کرا و بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و دەستتێکەڵ کردن بە نیەتی کردەوە لەدژی تەناهیی وڵات" سزای پێنج ساڵ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپا.