بەردەوامیی چالاکییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بە بۆنەی یادی کۆماری کوردستانەوە

زایینی: ١٨-٠١-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٥/١٠/٢٩ - ١١:٣٤ تاران
بەردەوامیی چالاکییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بە بۆنەی یادی کۆماری کوردستانەوە
کوردستان میدیا: چالاکییەکان بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان درێژەی هەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قارەمانانی دێموکرات لە شار و گوندەکانی کوردستان بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە دەبەن و ڕێز لەو ڕۆژه مێژووییه دەگرن.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ بۆ ڕێزگرتن لە ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان، ٢٥٠٠ تراکتی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان و هەروەها ڕاسانی ڕۆژهەڵاتیان بڵاو کردووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو چالاکییانەدا، ٥٠٠ سی‌دی لە وتەکەنی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و فیلمی پێشمەرگەکانی ڕاسان و وێنەی شەهیدانی ڕاسانیان بڵاو کردووەتەوە و دروشمی پێوەندیداریان بەم بۆنەوە نوسییوە.

دروشمی وەک "ڕاسان هەڵگری ئامانجه پیرۆزەکانی کۆمارە، پیرۆز بێ ٢ی ڕێبەندان ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، ڕاسان هێزی پێشمەرگە و هێزی گەلە، ٢ی ڕێبەندان درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختەوەریی کوردانە، دێموکرات هێمای ڕاسانی ڕۆژهەڵاتە، ژنان لە ڕیزی پێشەوەی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتدان و پێشمەرگە بوون ئیرادەی ژیانە" نووسیوە.

قارەمانانی دێموکرات لە شاری سەقز، بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە گوندەکانی "قاراوا و ئەحمەدئاوای سەروو" لە دەکەوێتە سەر جاددەی سەقز ـ بۆکان، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە گوندی ئەویهەنگی ژاوەرۆی مەریوان، بۆ پێشوازی لە ٢ی ڕێبەندان به هەڵواسینی بەنێر، نووسینی دروشم و هەروەها هەڵدانی ئاڵای کوردستان ساڵڕۆژی کۆماری کوردستانیان بەرز ڕاگرتووە.

قارەمانانی دێموکرات هەروەها نامەیان لە حەوشی جاش و بەگرێگیراوان هاویشتووە و داوایان لێکردوون کە چەکی ڕێژیم دانێنن و بگەڕێنەوە باوەشی گەل.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە دزەی مەرگەوەڕی ورمێ، بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە گوندی "خوراسب" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە و بە ئاشکرا و لە پێش چاوی خەڵک دروشمیان نووسیوە کە ئەوەش بووەتە مایەی خۆشحاڵیی خەڵک.