مستەفا هیجری: هەڵاواردنی نەتەوە بندەستەکانی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار

زایینی: ١١-٠٣-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٥/١٢/٢١ - ١١:٢٠ تاران
مستەفا هیجری: هەڵاواردنی نەتەوە بندەستەکانی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار
کوردستان میدیا: وتاری مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە كۆبوونەوەیەكدا لە پارلەمانی سووییس لە پێوەندی لەگەڵ "نەتەوە ستەملێكراوەكان و كەمینەكانی ئێران".

دەقی وتارەکە:

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنەسەر دەسەڵاتەوە، بە یاساییکردنی ئایینی فەرمیی (شیعەی ویلایەت فەقیهی) و زمانی فەرمیی (فارسی) سیاسەتی هەڵاواردن و پەراوێزخستنی ئەوانی دیکەی خستە بەرنامەی کارییەوە و تا ئێستا ڕۆژبەرۆژ زیاتر تێکۆشاوە ئەم سیاسەتە بە شێوەیەکی نەرم ئەفزاری و سەخت ئەفزاری بەرەوپێش بەرێ. ئەم سیاسەتە هەموو بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەی ئەو نەتەوانەی گرتووەتەوە کە هەڵگری بیروباوەڕی ئایین و زمانی فەرمی و یاسایی وڵات نین، بە جۆرێک کە شوێندانەریی نەرێنیی ئەم سیاسەتە لەسەر ئەو نەتەوانە کە پێکهێنەری لانیکەم نیوەی حەشیمەتی ٨٠ میلیونیی ئێرانن، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

تا ئێستا ئەوەی زۆرتر لەسەر ئەو نەتەوانە باس کراوە پێکهێنانی فەزای زۆر ئەمنییەتی لە ناوچەکانی نیشتەجێ بوونی ئەوان و هەڵکشانی ژمارەی لە سێدارەدان و زیندانی کردنی درێژخایەن لەسەر چالاکانی سیاسی و لاوەکانیان بووە و دنیا کەمتر شارەزایی لەسەر ئاسەواری سیاسەتی هەڵاواردنێک هەیە کە ڕێژیم دەرحەق بەو نەتەوانە پێڕەوی دەکا، کە بۆ خۆی ژینۆسایدێکی سپییە کە کۆماری ئیسلامی بە دوور لە چاوی دنیا بەڕێوەی دەبا.

پێشگرتن بە خوێندن بە زمانی دایک هەر ئەوە نیە کە منداڵێک لە جیاتی زمانی دایک زمانێکی دیکە(فارسی) فێر دەبێ، بەڵکوو مەبەستەکە زۆرتر پیلانێکە کە ڕێژیم بە هۆیەوە سیاسەتی یەکسانسازی بەڕێوە دەبا.

منداڵێکی کورد کاتێک لە خوێندن و نووسین بە زمانی خۆی بێبەش دەکرێ، مێژووی نەتەوەی خۆی تەنیا لەو سەرچاوە فارسییانەوە دەخوێنێتەوە کە ناوەند و نووسەرە ڕێگە پێدراوەکانی ڕێژیم بوی دەنووسنەوە، مێژوویەکی چەواشەکراو، و پڕ لە درۆ کە لە ڕاستی بە دوورە، بۆ ئەوەی لاوێک هەنگاو بە هانگاو بەرەو ئەو بۆچوونە بەرن کە لە مێژووی نەتەوەی خۆی بێزار بێ، لە باری کولتورەکەشی هەر بەم شێوەیە. لەگەڵ هەمووی ئەمانەشدا ئەم منداڵە زمانی فارسییەکەی تەواو نیە چوونکە بنچینەی شکڵگرتنی زمان بۆ ئەو، زمانی کوردییە، کە لە ڕۆژی لە دایکبوونیەوە تا دەنێردرێتە خوێندنگە لە بنەماڵەدا گوێی لێ بووە و پێی گەورە بووە. زمانی فارسی بۆ ئەو لە تەمەنی ٥ ـ ٦ ساڵییەوە دەست پێدەکات، بەڵام منداڵە فارسە هاوتەمەن و هاوپۆلەکەی کە لە باری فێربوونی زمانی فارسییەوە کە کاتی چوونی بۆ خوێندنگە ٥ ـ ٦ ساڵ لەو لە پێشترە، هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو منداڵە کوردە فارسییەکەی لەهجەی هەیە و توانایی دەربڕینی هەمیشە لە فارسەکە لاوازتر دەبێ، کە زۆرجار هەست بەکەمی دەکا لە کاتی قسەکردن بە زمانی فارسی، ئەو گرفتە زۆرجار بووەتە هۆی ئەوەی کە هێندێک بنەماڵە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لە کاتی گەورەبووندا ئەو هەستەیان لا دروست نەبێ، لە بنەماڵەدا دەست دەکەن بە فارسی قسەکردن، کە ئەوەش بۆ خۆی کارەساتێکی دیکەیە و سەرەتای توانەوە لە فارسدایە بە (ئاسمیلەبوون)، کە ئامانجی ڕێژیمە.

فاکتەری گەشەی مرۆیی(Human Development Index) کە بریتییە لە سێ فاکتەری ژیانی درێژ وتەندروست، دەست ڕاگەیشتنی ئازاد بە زانست و مەعریفە و ئاستی ژیانی گونجاو، پێمان دەڵێ کە چوار پارێزگای کوردنشین گەشەی مرۆییەکەی لە چ ئاستێکدایە. دیارە ئاستی گەشەسەندوویی کوردستان و بەگشتی ئێران، لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو بەراورد ناکرێ، بۆیە ئەم بەراوردە لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ئێران دەکەین:
ـ بە پێی ئامارە لێڵ و بڕواپێ‌نەکراوەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٦ تا ٢٠٠٦، ناوچە کوردنشینەکانی ئێران واتە چوار پارێزگای کرماشان و ئیلام و کوردستان و ورمێ (ئازەربایجانی ڕۆژئاوا) لە بواری بێکاری و ڕادەی داهاتی ساڵانە و بەشداربوون لە ئیدارەی باڵای وڵات لە نزمترین ئاست و لە پلەی خواری خشتەکەدان و، تەنیا لە پێش دوو پارێزگای بەلووجستان و کۆهکیلۆیەدان. دیارە ڕادەی زۆری بێکاری و کەمبوونی داهاتی ساڵانە و نەبوونی کورد لە بەڕێوەبەریی باڵای وڵاتدا، بووەتە هۆی ئەوەی کە ناوچە کوردنشینەکان لە سێ فاکتەری گەشەی مرۆیی بێبەش بن و لە نزمترین ئاسدا بن و پەراوێز بخرێن.

هەر بە پێی ئەو ئامارە، لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا ڕادەی بێکاری، نەبوونی کورد لە بەشداریی لە ئیدارەی باڵای وڵات و هەروەها نزمیی داهاتی ساڵانەی، پیشاندەری ئەوەیە کە ناوچە کوردییەکان واتە چوارپارێزگای کوردنشین بە شێوەیەکی بڕیاردراو و سیستماتیک پەراوێز خراون و لە نزمترین ئاست واتە پلەی مەترسیدان و، ئەمە لە بنەڕەتدا ڕێگەخۆشکەرە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و گواستنەوەی ناوەندی قەیران بۆ کوردستان و، بیانوو بۆ سەرکووت کردنی خەڵک و دانە پاڵی تۆمەتی جۆراوجۆر وەک بەستراوە بە ئیسرائیل، دوژمنانی ئێران، دژی شۆڕش و ...، بە مەبەستی سەپاندنی سزای قورس بەسەریاندا.

پارێزگای سنه‌ به‌پێی هه‌موو ئاماره ‌دیاریکراوه‌کانی داموده‌زگاکانی ڕێژیم و وتووێژه‌کانی به‌رپرسانی ئه‌م پارێزگایه‌، یه‌کێک له‌ دواکه‌وتووترین پارێزگاکانی ئێرانه‌ وله‌ بواری پێوه‌ره‌کانی گه‌شه‌ی مرۆیی یۆنسکۆ، له‌ کۆتایی خشته‌ی پارێزگاکانی ئێراندایه‌.

"عه‌بدۆلمۆحه‌ممه‌دی زاهێدی" پارێزگاری سنه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی به‌خشدارانی ئه‌م پارێزگایه‌ له‌ سەرەتای ٢٠١٦دا به‌ ڕاشکاوی ده‌ڵێ: "له‌م ساڵانه‌ی ڕابردوودا به‌ هۆکارگه‌لی جۆڕاجۆر ڕه‌وتی گه‌شه‌ی پارێزگای سنه‌ زۆر به‌ کزی پێشڤه‌چوونی به‌ خۆیه‌وه‌ دیوه‌ و، له‌ بواری ئابووری به‌ربه‌ستێکی زۆر له‌به‌رده‌م گه‌شه‌کردنی ئه‌م پارێزگایه‌دا پێکدێ، خه‌ڵکی پارێزگای سنه‌ توانای ئابوورییان زۆر لاوازه‌ و له‌ دابینکردنی بژیوی ژیان تووشی گه‌لێک سه‌خڵه‌تی ده‌بنه‌وه‌(١).

له‌ بواری ڕێگه‌وبانه‌وه‌ به‌ وته‌ی "عه‌‌لی‌ڕه‌زا ئاشناگه‌ر"، جێگری سیاسی و ئه‌منیه‌تیی پارێزگاری سنه‌، "بارودۆخی ڕیگه‌وبان له‌ پاڕیزگای سنه‌ لەچاو شوێنه‌کانی دیکەی ئێران،‌ شایانی باس کردن نیه‌ و، بۆ گه‌شه‌ی ئه‌م پارێزگایه‌ ده‌بێ هه‌وڵی جیدی بدرێت". ئه‌م به‌رپرسه‌ی ڕێژیم له‌ به‌شێکی دیکەی وته‌کانیدا ئاماژه ‌به‌م ڕاستییه‌ ده‌کات که؛‌ "پارێزگای سنه‌ له‌ بواری گه‌وره‌ڕێ، ئۆتووبان، ڕێگه‌ی ئاسن و فڕۆکه‌خانه‌ (بێجگه‌ له‌ شاری سنه)‌ بێبه‌شه"‌(٢).

به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنێک له‌ نێوان پارێزگای سنه‌ (وەک نموونەیەک لە ٤ پارێزگای کوردستان)، ‌و هێندێکی دیکە لە پارێزگاکانی ئێران، دۆخی ناله‌باری پارێزگای سنه‌ سه‌ره‌ڕای گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی، وەک نیشانەیەک لە سیاسەتی هەڵاواردنی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە نیشان دەدا.

له‌ ساڵی ٢٠١٥ی هه‌تاوی بوودجه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی پارێزگای سنه‌ به‌ به‌راورد له‌ گه‌ڵ نێو‌نجی ئەو بوودجەیە کە لە ئیران ١٦له‌ سه‌ده‌، ٤/١٣ بووه‌.

به‌پێی ئاماره‌کان، پارێزگای سنه‌ له‌ بواری ڕێگاوبانه‌وه‌ له‌ ئاستی دوایی خشتەی پارێزگاکانه‌ و له‌ ڕووی کوالێتییه‌وه‌ پلەی ٢٧ی هه‌یه‌.

به‌پێی ئاماری پێوه‌ره‌کانی گه‌شه‌ی مرۆیی ئێران (امارتوسعه‌ی انسانی ایران) بۆ ساڵی ٢٠١١ی هه‌تاوی، له‌ بواری پێوه‌ری هیوا به‌ ژیان(امید به‌ زندگی)، پارێزگای سنه‌ له‌ نێوان هه‌موو پارێزگاکانی ئیراندا له‌ ئاستی٢٧ دایه‌. له‌ بواری پێوه‌ری په‌روه‌رده‌ له‌ ئاستی٢٩ و، له‌ بواری داهات و هیزی کڕین له‌ ئاستی٢٨ دایه‌. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ر سێ پێوه‌ره‌که‌، ئاستی گه‌شه‌ی مرۆیی(توسعه‌ی انسانی) به‌ کۆی گشتی پارێزگای سنه‌ له‌ ئاستی٢٩ دایه(٣).

له‌ بواری کۆمه‌ڵایه‌تی بارۆدۆخی پارێزگای سنه‌ له‌ دۆخێکی نه‌باش دایه‌.

به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵاواردنی ڕێژیم له‌ کوردستان، ئاستی مامناوه‌ندیی خه‌ڵک له‌ بواری ده‌سڕاگه‌یشتن به‌ ژیانێکی ئابڕوومه‌ندانه‌ ڕوو له‌ دا‌به‌زینه‌‌ و، به‌ شێوه‌یه‌کی ڕوون ئه‌م پارێزگایه‌ له‌ نێوان ڕێژه‌یه‌کی زۆرینه‌ی که‌مده‌رتان و، ڕێژه‌یه‌کی که‌مینه‌ی ده‌سڕۆیشتوو دابه‌ش کراوه‌. به‌پێی ئاماره‌کانی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تیی پارێزگای سنه‌، ڕێژه‌ی ته‌ڵاق له‌ ئه‌م پارێزگایه‌ نرخێکی مه‌ترسیداره‌.

به‌رپرسی ده‌فته‌ری کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی پارێزگای سنه‌ له‌ وتووێژێکدا ده‌ڵێ: "بێکاری و تووشبوون به‌ ماده‌سڕکه‌ره‌کان له‌ گرینگترین هۆکاره‌گه‌لی جیابوونه‌وه‌ و ته‌ڵاق له‌ نێو بنه‌ماڵه‌کانی پارێزگای سنه‌یه‌".

به‌رپرسی گشتیی تۆمار کردنی باری کەسێتی (سه‌بتی ئه‌حواڵ) پارێزگای سنه‌ له‌ وتووێژێک له‌گه‌ڵ‌ هه‌واڵنێری ئیلنا ئاشکرای ده‌کات که؛‌ ڕێژی ته‌ڵاق له‌م پارێزگایه‌ بۆ٢/٦٤ له‌ سه‌د به‌رزبووه‌ته‌وه‌ وڕێژی هاوسه‌رگیری بۆ ٩/٩ له‌ سه‌د، دابه‌زیوه‌.

ئەمە کورتەیەک بوو لە دۆخی کوردستانی ئێران کە بە جیددی لە ژێر مەترسیی ئاسمیلاسیۆنی ڕێژیمدایە و دنیا لێی بێدەنگە.

سەرچاوەکان:

١ـ زاهێدی،١٣٩٤وێبسایتی ڕێکخراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پارێزگای سنه‌
٢ـ ئاشناگه‌ر،١٣٩٥، هه‌واڵی ناوه‌ندی کوردستان
٣ـ ‌ناوه‌ندی ئاماری ئێران بۆ ساڵی ٢٠١١