محەممەد مەسعوودی زیندانیی سیاسی: "دەنگی گریان و هاواری ژنان و کچان و هەروەها کوڕان و پیاوان کە لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوون، ئێستایش هەر لە ناو مێشکمدا دەزرینگێتەوە"

زایینی: ١٦-٠٤-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠١/٢٧ - ١٨:٤١ تاران
محەممەد مەسعوودی زیندانیی سیاسی:
بەشی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دیمانەیەکی لەگەڵ محەممەد مەسعوودی زیندانیی سیاسی کە ئێستا نیشتەجێی وڵاتی دانمارکە پێکهێناوە کە سەرنجتان بۆ دەقی تەواوی ئەو دیمانەیە ڕادەکێشین.

سەرەتا خۆت بە خوێنەران بناسێنە؟

من محەممەد مەسعوودی ناسراو بە "ڕێبوار" و لە‌دایکبووی ١/٦/٦٤ی هەتاوی لە شاری جوانڕۆ و لە بنەماڵەیەکی مڕۆڤدۆست و نیشتمانپەروەر و خەباتگێڕ و بەناوبانگ چاوم بە دونیا هەڵێناوە. سەرەتای خوێندنم هەتاکوو دیپلۆم هەر لە جوانڕۆ بووم و دوای ئەوە لە ساڵی ٨٦ لە زانکۆی هەمەدان لە ڕشتەی باستان شناسی و مێژوو شناسی قەبووڵ بووم، بەڵام بە هۆی گیرانم و بۆ زیندان چوونم مافی خوێندنیان لێ ئەستاندم و نەمتوانی دڕێژه بە خوێندنم بدەم .

هەروەها من ئەندامی نهێنیی حیزبی دیمۆکڕات بووم. ساڵانێکی زۆر وەکوو لایەنگر بووم، بەڵام لە ساڵی ٨٨ەوە بە شانازییەوە و بە فەرمی بووم بە ئەندامی نهێنی و دەستم بە کار و چالاکیی حیزبی کرد و لە ڕۆژه تایبەتەکانی حیزبدا پۆستێر و تراکتی حیزبیم لە نێو شار و گوندەکاندا بڵاو دەکردەوە و زۆر بە داخەوە ساڵی ٩٢ لە لایەن هێزه لیباس شەخسیەکانی ئیتلاعاتی ئێڕانەوە دەستبەسەر کرام و بۆ ماوەیەکی زۆڕ لە ژێڕ ئازار و ئەشکەنجە نامرۆڤانەکانی رێژیمی دژه کوڕدی جمهوڕی ئیسلامیی‌دا بووم.

چۆن و بە چ هۆکارێک کەوتیتە زیندان؟

من بە هۆی کار و چالاکیی تەبلیغی دژی جمهووری ئیسلامی و هەروەها ئەندام بوونم لە حیزبی دێموکراتی کوڕدستانی ئێران و دەربڕینی بیڕوڕای ئازاد و خەبات بۆ بە دەستهێنانی سەرەتاییترین مافی ئینسانیی خۆم کەوتمه زیندان.

چ تاوانێکیان خستبووە پاڵ تۆ؟

بەڵاڕێدا بردنی گەنجان و لاوانی شار و گوندەکان و هاندانیان بۆ ڕۆیشتن بۆ نێو حیزب و هەروەها کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر جاش و نیشتمانفرۆشەکان و لەسەر بنکە و بارەگاکانی ڕێژیم لە نێو شار و گوندەکان و فیلم و ڕاپۆرت هەڵگرتنەوە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٨٨ی تاران و هەروەها فیلم هەڵگرتن لە مەڕاسیمی شەهید "سانێع ژاڵه" و بڵاو کردنەوەی لە نێو خەڵکدا و بەڕێ کردنی بۆ ئەندامانی حیزب و وێنە گرتن لە کۆشکەکانی خامنەیی لە تاران و... هتد. بە هەموو ئەم شتانە تاوانبار کرام.

لەسەر بنەمای دانپێدانانی خۆت بوو، یان ئەوەی کە بەزۆڕ بەسەریاندا سەپاندبووی؟

من قەت قەت ئێعترافم بە کار و چالاکییەکانم نەکرد. چوونکە ئەگەر ئێعترافم بکردایە ئاوەهایان لێ نەدەکردم. لە ژێڕ ئەو ئازار و ئەشکەنجانەدا تووشی ئەو هەموو نەخۆشییە نەدەبووم و تا ئێستاش هەر لە زینداندا بووم و چوونکە حەزم نەدەکرد کە ئەوانەی وا لەگەڵم کاریان دەکرد بگیرێن. چوونکە دواجار ئەوانیش وەکوو من بوون و منیش نەمدەویست جەرگی دایکانی دیکە وەکوو جەرگی دایکم بسووتێ و تووشی ئازار و ئێش و ئەشکەنجە بن. قەت ئێعتڕافم نەکرد و هەموو ئەو ئازار و ئەشکەنجانەم بە شانازی و بە تەواوی وجوودمەوە قبووڵ کرد و بۆ گەیشتن بە ئازادی و ئامانج و ئاواتەکانم نەچوومە ژێر باری زوڵم و ستەمی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران.

چۆن کەوتیتە داوی ئیتلاعات و گیرای؟

چوونکە من لە ڕشتەی باستان شناسی دەرسم دەخوێند، کەسێک بە ناوی ئاغای محەممەدی زەنگی بۆ باوکم لێ‌دا و گوتی: ژمارە تەلەفۆنی جەنابتم لە زاواکەتان کە ئینسانێکی بەناوبانگە لە مەنتەقەدا وەرگرتووە و گوتوویانە کە کوڕەکەی ئێوە بە ناوی محەممەد باستان شناسی دەخوێنێت و منیش ئەمەوێ بڕێک پڕسیاڕی لێ بکەم و بزانم باستان شناسی چۆن ڕشتەیەکە و هەر بەو بۆنەوە نیزیک بە شەش مانگێگ لەگەڵ یەکدا پەیوەندی و هاموشۆمان هەبوو، تا شەوی ١٩ی ڕێبەندانی٩٢ زەنگی بۆ لێ‌دام و گوتی؛ کتێب و جزوە و شتەکانم بۆ بێنە ئەمەوێ لەگەڵ خۆم بیبەم بۆ زانکۆ و کاتێک منیش بۆم برد، لە لایەن ئەو و سێ کەسی دیکە لە هێزه لیباس شەخسییەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرام.

کەس هەبوو ڕاپۆڕتی لێ‌ دابێتی؟

زۆڕ بەداخەوە, ڕاپۆڕت زۆڕ بوو لە لایەن ئەو کەسانەی وا خاوەنی کافی نێت و کۆپی بوون. چوونکە من زۆربەی پۆستێر و تراکتەکان کە لە حیزب وەرمدەگرتن بە ئیمەیل بۆیان بەڕێ‌دەکردم و منیش مەجبوور بووم کە زۆرتر بچم بۆ کافی نێت. هەرچەند جێگاکەم دەگۆڕی بەڵام هەر ڕاپۆڕتیان لەسەر دەدام. ئاخر چەند جارێکیش کە پۆستێر و تراکت بە دەستی خەڵکەوە دەبینرا و شۆعار نووسەکان لە نێو شار دەبینران، یان کاتێک چالاکییەکان لە تیشک تی‌ڤی بڵاو دەبوونەوە، بانگیان دەکردم. لەگەڵ باوکم دەڕۆیشتم و دەیانگوت؛ "ئەمانە کاری تۆیە" و منیش دەمگوت؛ نە ئەمانە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ من نیە، ئیتڕ وازیان لێ دەهێنام.

ئایا کەس ڕووبەڕووی خۆت قسەی لە سه‌ر کردی؟

کاتێک لە زیندانی ئیتلاعات بووم کەسێک هات ڕووبەڕوو ئێعترافی لەسەر کردم. لەبەر ئەوەی چاوبەنم لە چاو بوو نەمناسی کێیە. بەڵام من گوتم ناتناسم و قسه‌کانیم قبوول نەکرد. ئەو ڕۆژه ئەشکەنجەیەکی زۆر کرام و چوار ددانی پێشەوەم شکیا.

لە لایەن کام لقی دادگاوە سزا دراوی؟

من لە لایەن شوعبەی دووهەمی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی شاری کرماشان و هەروەها شوعبەی یەکەمی دادگای ئینقلابی شاری ڕوانسەرەوە سزا درام.

سزاکەت چە‌ند و چۆن بوو؟

پۆستێر و تراکتەکانیان لە ماڵمان دەرەێنا و ئەو کەسیشە ئیعتڕافی لەسەر کردم و ڕاپۆرتانیشم لە سەر درابوو، بەڵام چوونکە دانم بە ئەندام بوونم لە حیزبی دیموکڕات دا نەنا و بنەماڵەیشم پارەیەکی زۆر بەرتیلیان دابوو، شەش مانگ سزایان بۆ بڕیمەوە.

چەندەت زیندانی کێشا و لە کوێ زیندانی بووی؟

٦ مانگ لە زیندانی "دیزڵ ئاباد" بووم، و دوو مانگیش لە زیندانی ئیتلاعات لە "مەیدان نەفتی کرماشان"دا بووم. سێ جاربردمیان بۆ ئەوێ، یەکەم‌جار ٢٣ شەو و دووهەم‌جار ٢١ شەو و جاری سێهەم ١٨ شەو لەوێ زیندانی بووم و چەند جارێکیش هەردەم بە مەبەستی پرسیار و لێپێچینەوە دەستبەسەریان کردم.

دۆخی نێو زیندانەکان چۆن بوو؟

دۆخی زیندانەکان زۆڕ ناخۆش و پیس بوو. کاتێک لە زیندانی ئیتلاعات بووم، لە ژووڕێکی تاکەکەسی‌دا بووم. تەنیا کاتێک کە مێزەکەم کۆکردباوە دەمتوانی لاقم ڕاکێشم. جاڕی وا هەبوو دەیانبردم بۆ ژوورێکی زۆڕ تەنگ کە نەمدەتوانی بۆ ماوەی ٩ کاتژمێر و بگرە زیاتریش لاقم ڕاکێشم، یا خۆ بۆ جێگای وایان دەبردم کە نەمدەتوانی بۆ ماوەیەکی زۆڕ دانیشم و هەر لە سەر لاقم ڕادەوەستام. هەفتەیەک یان ١٢ ڕۆژ جارێک دەیانبردم بۆ حەمام و ژوورە‌کەشم گەلێ سارد بوو. بۆنی میز و پیسایی نێو ژوورە‌کەم نەیدەهێشت بخەوم یا خۆ نانێک بخۆم. هەرچەند نانەکەشیان هیچ نەبوو.

تەنیا یەک لەتە نان بوو لەگەڵ بڕێک په‌نیر و ... هیچ مافێکم نەبوو. تەنانەت سەرەتاییترین مافەکان کە زیندانییەک ئەبێ بیبێت. یەکەمجار کە لە بازداشتگای ئیتلاعات بووم، دوای ١٦ ڕۆژ، یەکجار بردمیان بۆ هەوا خۆری کە تەنیا ئاسمانم لێوە دیار بوو. ئەو هەواخۆرییە ١٢میتر بوو، دوو دووبینیشی تێدا بوو. لە سەر دیوارەکە بە ئێسپرێی شین لە دەوری ئەو فیشەکانەی کە بە زیندانیانی پێشووەوە نرابوون و ئاسەواریان لەسەر دیوارەکە مابوویەوە، خەتیان کێشا بوو. لەبەرئەوەی کە لە باری ڕۆحی و دەروونییەوە ورەم دابەزێ، کە هەتا ئێستاش بیرکردنەوەی زۆر ئازارم دەدات. دەنگی گریان و هاواری ژنان و کچان و هەروەها کوڕان و پیاوان کە لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوون، ئێستایش هەر لە ناو مێشکمدا دەزرینگێتەوە و کاتێک لە لێپێچینەوە دەگەڕامەوە لە ژێر چاوبەندەکەمەوە بینینی دەمپایی منداڵانەی بچووک کە هی منداڵی ئەوکەسانە بوون کە لەوێ دەستبەسەر کرابوون فرمێسکی پێ‌دەڕشتم. یا خۆ کاتی لێپێچینەوە، لە ژوورەکانی دیکەوە دەنگی گریان و هاواری زیندانییەکان و قسه‌ی ناخۆش و ناحه‌زی لێپێچەرەوەکان زۆر لەسەر مێشکم کاری دەکرد و زۆر زۆر عه‌زابی دەدام...، دواتر کاتێک بردمیان بۆ زیندانی "دیزڵ ئاباد"، ماوەیەکی زۆڕ لە قەرەنتینەی "دیزڵ ئاباد"دا مامەوە. سەختترین و تاڵترین ڕۆژانی زیندانم بوو. لەوێ زۆر بێ‌ڕێزییان پێدەکردم، تەنانەت ئیجازەی ئەوەیشم نەبوو بە کەس بڵێم من سیاسییم و لەسەر دێموکرات گیراوم...

تۆ لە بەندی سیاسی بووی؟

ئەو کاتەی کە من لە زیندان بووم، ساڵی ٩٢و٩٣، هەموو بەندەکان تێکەڵ بوون و ئەوانەیش کە وەکوو من سیاسی بوون، هەم لەو بەندەدا بوون هەم لە بەندەکانی دیکە و من لە بەندی (٥)ی "دیزڵ ئاباد" بووم، کە بێجگە لە من دوو کەسی سیاسیی دیکەیش لەوێ بوون و تەنیا لەبەر ئەوەی کە لە باری ڕۆحی و ڕه‌وانییەوە ئازارم بدە،ن خستمیانە نێو ئەو کەسانەی وا جینایەتکار و پیاوکوژ و قاچاقچی و دز بوون و بەرپرسی بەندەکە بە کەسانێک کە حوکمی ئەبەدیان بوو، بڕێک ئیمتیازاتیان وەکوو تەلەفۆن کردن و سیگار کێشان و بەکار هێنانی مادە هۆشبەرەکانیان پێ‌دەدان کە ئازارم بدەن و هەمیشە لەگەڵم بەشەڕ دەهاتن و منیش نە ئیجازه‌ی قسه کردنم هەبوو و نە دەمتوانی جوابیان بدەمەوە. ئیجازه‌ی مولاقات و تەلەفۆن کردن بۆ بنەماڵەکەمم نەبوو. هەرچەند وەزعم زۆر زۆر خراپ بوو لە باری جەستەییەوە، نەیاندەهێشت بچم بۆ دوکتور یان خود حەبێکم بدەنێ کە ئێشەکانم کەم بکاتەوە. جار جار وایان لێ دەکردم کە لە نێو خەویشدا شان و لاقم دەردەچوو و نەمدەتوانی بخەوم، بەڵام نەیاندەهێشت بچم بۆ لای دوکتور و منیش مەجبوور بووم تەحەمول بکەم و بە یارمه‌تیی کوردانێک کە لە نێو بەندەکەدا بوون، شان و لاقم بخەمەوە جێ.

بۆ وەرگرتنی دانپێدانان چ جۆرە ئەشکەنجەیەکیان دای؟

من لە زیندانی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە مەیدانی "نەفتی کرماشان"، چەندین جار ئەشکنجه دراوم. ئەو ئەشکەنجانە کە ئاماژەیان پێ دەکەم زۆرتر لە سەر كەسانی سیاسی تاقی دەكرێنەوە. بۆ نموونە وەكو: لێدان بە باتۆم، زەربە لێدان لە شوێنە ھەستیارەكانی جەستەی مرۆڤ، لێدان لە نێو دەمم كە بووە ھۆی شكانی چەندین ددانم، ھەڵواسین بە دەستی گرێدراوەوە بۆ ماوەی ٣ كاتژمێر. شكاندنی مەفسەلەكانی جەستەم و بە تایبەتی لاقم، دانی خواردنی زۆرە ملی كە دیار نەبوو چین و بۆ دەبێ بیخۆم كە بە ھۆی خواردنیانەوە من بۆ ماوەیەكی نادیار بێ‌ھۆش دەبووم، لێدانی دەرزی كە نەم دەزانی چییە و بە زۆر لە منیان ئەدا و ...ھتد.

لە ڕاستیدا ڕەفتارێكی تەواو دژی مرۆڤانەیان لە دژی من و ھەموو زیندانیانی سیاسی كورد بەكاردەھێنا و كاتێك كە منیان بۆ لێكوڵینەوە دەبرد، لە سەرەتادا دەست و چاوی منیان دەبەست و دەبوو من سەرەتا ناوی "نھێنی" خۆم و ناوی حیزبەكەم بە ئارامی شی بکردایەتەوە و ئامانجیان لەو كارە ترساندنی من بوو و دواتر لە لایەن ئەوانەوە دەدرامە بەر لێدان و ئەشكەنجە و زۆرجار بە ھۆی ئەو ئێشەوە كە بە ھۆی ئەشكەنجە تووشی من ببوو، دەكەوتمە سەر زەوی و ئەوان بە بێ‌ڕێزی كردن بە من و بنەماڵە و حیزبەكەم، ھەوڵیان دەدا لە بواری دەروونییەوە تێكم‌بشكێنن و لە ڕاستیدا بەو كارەی ئەوان زۆر تێكدەچووم.

زۆر جاریش كەسی لێپێچەر لە ژووری لێپێچینەوە، بە ڕووتی پرسیاریان لە من دەكرد و سووكایەتیان بە من دەكرد و زۆرجار ھەڕەشەی ھێنانی بنەماڵەکەمیان دەكرد و دەیانگوت كە ئەو ڕەفتارانە لە گەڵ ئەواندا ئەنجام دەدەن.

ھەر بە ھۆی ئەو ھەموو بێ‌ڕێزییە كە بە منیان كردووە، ئێستاش بە ھاتنی ناوی كۆماری ئیسلامیی ئێران و بیستنی دەنگی كەسێك کە بە فارسی قسە بكات، لە باری دەروونییەوە تێكدەچم و ئەو كاتە ناخۆشانە دێنەوە بیرم كە ئازار و ئەشكەنجە دەدرام.

بەڵام ھەمیشە ئەوەم دەزانی كە ھۆكاری سەرەكیی ئەو ئەشكەنجەیە كورد بوونی من و حەزی مرۆڤی كورد بۆ دێموكراسی و مافی بەرانبەرە و ھەروەك ڕێبەری شەھیدمان دوكتور قاسملووی گەورە فەرموویەتی: "گەڵێك ئازادی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا" و ئەو ئەشكەنجەیەی سەر جەستەی من، نرخێك بۆ ئازادیی نەتەوەی منە.

ئایا ئاسەواری ئەشكەنجە بە سەر جەستەتەوە ماون؟

بەڵێ، ئەو نەخۆشین و ئاساوارانەی كە بە ھۆی ئەشكەنجەی ڕێژیمەوە لە سەر جەستەم ماونەتەوە زۆرن و تەنیا ئاماژە بە سەرەكیترینیان دەكەم.
لەنێوچوونی مەفسەلەكانی لاق و پشتم، ددانە شكاوەكانم و نەخۆشینی ڕۆحیی و ڕەوانی كە تا لە ژیاندا مابم لەگەڵم دەمێننەوە.

لە وڵاتی دانمارك بە ھۆی كاریگەریی برینەكانتەوە نەشتەرگەری كراوی؟
كاتێك گەیشتمە دانمارك ڕەوشی ساغلەمی و جەستەیی من باش نەبوو و لە ڕاستیدا ژیانم لە مەترسیدا بوو.

پاش گەیشتنم بە دانمارك و ئەوكاتەی كە لە كەمپی "ھادرسلۆ" بووم، بۆ لای دوكتور بەڕێ كرام. دوكتورەكان كاتێك بەسەرھاتی منیان زانی و پاش پشکنینێکی زۆری پزیشكی، بڕیاری نەشتەرگەرییان بۆ دام.

ھۆكاری سەرەكیی ئەو كارە، لەكاركەوتنی جەستەم بوو و وام لێھاتبوو كە نەمدەتوانی بە دروستی بجووڵێمەوە و توانای ئەنجامدانی ھیچ كارێكم نەبوو و ھەر بۆیە لە ڕێكەوتی ٥/٧/٢٠١٦ یەكەم نەشتەرگەرییان لە نەخۆشخانەی شاری "سنۆبۆرك" لە سەر لاقم ئەنجام دا و پاش سێ مانگ لە ڕێكەوتی ٣/١٠/٢٠١٦ بۆ جاری دووھەم لە ھەمان نەخۆشخانە نەشتەرگەرییان لەسەر شانم ئەنجام دا و لە ڕاستیدا من ژیانی خۆم قەرزداری وڵاتی دانماركم كە زۆر زەحمەتیان بۆ من كێشاوە و منیان لە مردن و ئیفلیج بوون ڕزگار كرد.

ھەڵسوكەوتی دانماركییەكان لەگەڵ جەنابت چۆن بوو؟

ڕەفتاری خەڵكی ئاسایی و بەتایبەتی دوكتورەكان و ڕۆژنامەنووسەكان لە گەڵ من زۆر باش بوو. لە ڕاستیدا كاتێك كە ئەو ڕەفتارە مرۆڤدۆستانەی ئەوانم دەبینی زۆرم پێ سەیر بوو، چوونكە من بۆ نەتەوەی خۆم و لە وڵاتی خۆمدا بە ھۆی ئەوە كە داوای مافی خۆمم دەكرد ئەشكەنجە دراوم، بەڵام خەڵكی دانمارك زۆر ڕێزیان لە من گرت و ھەموو ھەوڵی خۆیان دا كە من سەلامەتیی خۆم بەدەست بێنمەوە و ھەروەھا میدیاكانی ئەو وڵاتە و بەتایبەتی ڕۆژنامەكانی دانماركی، بوون بە ھاواری ئازادیخوازیی نەتەوەی من و ناساندنی سیمای دژی مرۆڤی ڕێژیمی ئێران، كە چ كارەساتێكیان بە سەر ھەزاران كەسی وەك مندا ھێناوە.

ئایا لە زیندانەكانی ئێراندا پارێزەرت ھەبوو؟

نەخیر من پارێزەرم نەبوو! كاتێك لە دەستی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێراندا بی، پارێزەر ھیچ واتایەكی نییە و زۆرجار كاربەدەستانی ئیتلاعاتی بە منیان دەگوت؛ ئەگەر بمانھەوێ ھەر لێرە دەتكوژین و كەسیش نازانێ بۆ كوژراوی.
تەنانەت تا ماوەیەك دوای گرتنم بنەماڵەکەم نەیاندەزانی كە گیراوم و لە كوێم.

چۆن ئازاد كرای؟

من پاش ئەوەی لە زیندانی ئیتلاعاتەوە ڕەوانەی زیندانی "دیزڵ ئاوا" كرام و پاش تێپەڕاندنی حوكمی زیندان و بە ھۆی ئەوەی كە لە دوای ئەو ھەموو ئەشكەنجەیە لە بواری جەستەییەوە ڕەوشم زۆر خراب بوو، بە دانانی بارمتەیەكی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی كە سەنەدی ماڵی ئێمە بوو لە شاری جوانڕۆ "كە پاش ڕاکردنم لە ئێران، بەداخەوە دەستی بەسەردا گیرا" و ھەروەھا دانی بەرتیلێكی زۆر بە كاربدەستانی رێژیم، ئیزنی مەرەخەسییان بە من دا.

لەو كاتەدا زۆر بە وردی لە ژێر چاوەدێری ڕێژیمدا بووم، و ھەر چەند مانگێك دەبوو بچم و خۆم بە ئیتلاعات بناسێنم و واژۆ بكەم. دیارە دوای ماوەیەك وتیان كە دەبێ ھەموو حەفتەیەك سەردانی ئیتلاعات بكەم.

بەگشتی چ ماوەیەك لە زینداندا بووی؟

بەگشتی من ٨ مانگ لە زیندانی ئیتلاعات و "دیزڵ ئاوا"دا بووم، كە لە ساڵەكانی ٩٢ و ٩٣دا بوو.

بە ھیچ شێوەیەك وازیان لە من نەدەھێنا و ھەر لە نێو زینداندا بە ھۆی ئەو ئێش و ئازارانەوە "فێ"م لێ دەهات.

ئێستا بارودۆخت چۆنە؟

ئێستا لە باری جەستەییەوە كەمێك باشترم. بەڵام هەر لە ژێر چاودێریی دوکتورەکاندام.

چوونكە لە باری رۆحی و ڕەوانییەوە باش نیم. كاتێك ئەو ڕۆژانەی زیندان دەكەونە بیرم، زۆر عەزاب دەكێشم. بە ھۆی ئەو ڕێژیمەوە ئازار و ئەزیەتی زۆرم بینیوە.

بەگشتی ئەگەر باسێك یان شتێك لە سەر زیندان ھەبێ كە بە پێویستی بزانی، بۆمان باس بكەی؟

لە وڵاتێكی ساختە بەناوی ئێران و لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمێكی دیكتاتۆری وەك ڕێژیمی مەلاكان، ھەموو بێڕێزییەك بە مرۆڤەكان دەكرێت و ڕۆژانە خەڵك بە شێوەگەلی جۆراوجۆر لەنێو دەبرێن. بە تایبەتی ئەگەر زیندانییەكی كورد بكەوێتە دەستی ئەو ڕێژیمە كە بە ھۆكاری سیاسی و نەتەوەیی گیرابێ، ئەوە ھەموو تاوانێك لە دەرحەق ئەو كەسە بە ڕەوا دەزانن.

ھیچ كاتێك لە بیرم ناچێ كە كاتێك منیان بۆ بە نێو دادگا دەبرد، لە دادگا و لە پێش چاوی دایك و باوكم بە منیان دەگوت: "حەرامزادە".

زۆر قورس و ناخۆش بوو كە لە بەرانبەر دایك و باوكتدا بەو وشانە بانگت بكەن و ڕەنگە بەقەدەر ھەموو ئەو ئەشكەنجانە كاری لە من كرد.

لەو كاتەدا فرمێسك لە چاوانی باوك و دایكم دەھاتە خوارەوە و ئەو فرمێسكانە تەنیا فرمێسكی بێ‌دەسەڵاتی نەتەوەیەك بوون كە بە دەست ڕێژیمێكی داگیركەر وەك ئێران زۆڵمی لێ دەكرێت.

تەنانەت جارێك باوكم وەڵامی كابرای دایەوە و وتی كوڕم حەرامزادە نییە و كابرای ئیتلاعاتی دەنگی بەرز كردەوە و وتی: ھەر كەسێك بە كۆماری ئیسلامی خەیانەت بكا حەرامزادەیە!!

ئەو ئێش و ئازارانەی كە دایك و باوكم بە ھۆی منەوە بینیویانە قەت ناتوانم لەبیر بكەم و تا مردن لەگەڵ من دەبن. باوكم ھەر بە ھۆی ئەو ھەموو فشارانەوە تووشی جەڵتەی دڵ بوو و بەداخەوە ڕەوشی باش نییە و بە بینینی لەو دۆخەدا، زۆر عەزاب دەكێشم.

ھەموو ئەو گوشارانە بۆ ئەوە بوو كە من ناچار بە دانپێدان بكەن كە بە خۆشییەوە لەو كارەدا سەركەوتوو نەبوون.

سەرەڕای ھەموو ئەو ناخۆشیانە، زۆر خۆشحاڵم كە ڕەنج بە خەسار نەبووم و توانیم سەری خۆم، بنەماڵە و نەتەوەكەم بەرز ڕاگرم و تا دوا ھەناسە درێژەدەری ئەو ڕێگایە دەبم.

پێکهێنانی دیمانە: بەشی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی دانمارکی حیزب