تەحریم لە پێناو سیاسەتکردن دا

زایینی: ١٦-٠٥-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٢/٢٦ - ١٤:١٨ تاران
تەحریم لە پێناو سیاسەتکردن دا
ئارەش ساڵح

یەکەم، کۆماری ئیسلامی بەهیچ شێوە لە کوردستاندا لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەتا ئێستا خاوەنی هیچ ڕەوایێک نەبووە و نیە، بەڵام! – لێرەدا بەڵامێک هەیە- ئەویش ئەوەیە کە؛ بەڵام هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن و هیوادار کردنیان بە بەشێک لەو پێکهاتەیە ڕەوایی بۆ دەسەڵات سەرنیا (تەرمیم) دەکاتەوە. ڕەوایی بابەتێک نیە کە یەکجار ڕوو بدات و تەواو بێت، بەڵکوو ڕەوایی لە بەستێنی زەماندا تووشی قەیران دەبێت و قەیرانەکانی چارەسەر دەبن. بۆ وێنە کۆماری ئیسلامی لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ تووشی گەورەترین قەیرانی ڕەوایی خۆی بوو، کەچی لە بەستێنی زەماندا لەو کاتەوە هەتا ئێستا سەرەتا بە سەرکوت و پاشان بە ڕاکێشانی خەڵک بۆ پای سندووقەکانی دەنگدان ئەو قەیرانەی تا ڕادەیێکی بەرچاو چارەسەر کردووە. بۆیە زۆر هەڵەیە ئەگەر تەنیا بڵێین کە کۆماری ئیسلامی ڕەوایی نیە و بەڵامەکەی نەبینین.

دووهەم؛ بابەتی هەڵبژاردن لە ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی کۆمەڵگای تووشی بارێک کردووە کە دەتوانین ناوی بنێین "ڕەدکردنەوەی سیاسەت کردن". لەم بارودۆخەدا بابەتی سیاسەت بەهۆی بابەتی هەڵبژاردنەوە دەکەوێتە پەراوێزەوە. واتە چالاکان و ئەوانەی کە بابەتی سیاسەت بۆیان خاوەنی گرینگییە بە بەشداری لە هەڵبژاردن هەست بەوە دەکەن کە خەریکی سیاسەت کردنن، بۆیە هاوکات لەگەڵ ئەو گوشارەی کە پێکهاتە دەیخاتە سەریان، خۆ لە بابەتی سیاسەت دەپارێزن.

واتە چالاک یان شارۆمەند بە سەرقال بوون بە سێبەری سیاسەت لەسەر دیواری ئەشکەوت - بە تەعبیرە ئەفلاتوونیەکەی- ناتوانێت بیر لە خودی سیاسەت بکەنەوە هاوکاتیش کۆت و زنجیری پێکهاتەش بە ڕادەیێک تووند ئەوانی بەستۆتەوە کە توانای هەڵگەڕانەوە و چاو خشاندن بۆ شوێنێکی دیکەیان نیە.

سێهەم، لە پەراوێز کەوتنی بابەتی سیاسەت بە هۆی بابەتی هەڵبژاردن یان خۆپاراستن لە سیاسەت کردن خۆی لە بزاڤە کۆمەڵایتیەکانیشدا پیشان داوە. بزاڤە جۆربەجۆرەکان و کۆمەڵگای مەدەنی ئەمڕۆ لە کوردستان و لە ئێراندا کەوتوونەتە ژێر ڕکێفی بابەتی هەڵبژاردنەوە و یان بەهۆی ئەو بابەتەوە دوو پارچە و چەند پارچە بوون، یان ئیتر باسێکیان پێ نیە یان چالاکیێکیان نیە مەگەر بابەتی هەڵبژاردن نەبێت.

چوارەم، بەشداری لە هەڵبژاردن یەکەم هەنگاوە بۆ بەردەوام کردنی دۆخی هەنووکەیی. یەکێک لە مەترسیدارترین ئاکامەکانی ڕەد کردنەوەی سیاسەتکردن لەبیر کردنی ڕەخنە لە دۆخی هەنووکەیی و نەمانی خواست بۆ گۆڕانکارییە. ئەوانەی کە هەرجار باس لە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن گەورەترین هۆکار بۆ بەشداری بەوە دادەنێن کە لەئەگەری بەشداری نەکردن دۆخەکە خراپتر دەبێت. واتە بەشداری لە هەڵبژاردن بۆ هێشتنەوەی باری هەنووکەیی کەڵکی لێ وەردەگێردرێت.

پێنجەم؛ ترس ئامرازی فاشیسمە. فاشیسمیش هاوڕێی دەست لەناو دەستی لە تەنگەبەر کەوتنی سیاسەت کردنە. ترس لە کۆچبەر، ترس لە ئامریکا، ترس لە ڕەئیسی و ترس لە ئەحمەدی نەژاد. خۆ بەدەستی ئەو ترسەوە دان لە نێو کۆمەڵگادا یەکەم هەنگاوە بۆ کرانەوەی درگا بەرەوە فاشیسم. لە ساڵی ٨٤ەوە هەتا ئێستا ئیسڵاحتەڵەبەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ وەکوو ئێستراتێژی موهەندێسی کۆمەڵایەتی خۆیان، زیاتر لە هەرکات پەنا بۆ ترس دەبەن. ئەوەی لە دوو دەورەی ڕابردوو و بە هاتنی ڕۆحانی و زیاد بوونی بەنەوشەکان بە سەوزەکان زیادی کردووە پۆپۆلیسمە.

ئەگەر ئەحمەدی نەژاد سیمبۆلی پۆپۆلیسمی ڕاست لە ئێراندا بوو، ئەوا ڕۆحانی سیمبۆلی پۆپۆلیسمی چەپە. پۆپۆلیسم ئامرازێکی تری فاشیسمە، بۆیە ئێستا لەبەر نەبوونی هەستیاریی کۆمەڵایەتی بە نیسبەت نیشانانەکانی فاشیسم، زیاتر لە هەرکات ئەو قسەیە دەتوانین بکەین کە "دەنگی پێی فاشیسم دێت".

شەشەم؛ دەسپێکی ڕاسان و نوێ بوونەوەی خەباتێک کە خاوەنی خواستی گۆڕانکارییە هەڵگری بەرنامەیێک و ئاڵتێرناتیڤێکە کە لە بەهێز بوونی ڕۆڵی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و "بوون بە هێز" کورت دەکرێتەوە. تەحریمی هەڵبژاردن بۆ هێزە کوردستانیەکان کە هێزی پێشمەرگەیان هێناوەتە سەر سنوور و لەو پێوەندییەدا خەریکی دەسپێکردنەوەی خەباتێکی نوێن جووڵەیێکی تاکتیکیە. ئەو جووڵە تاکتیکیە بۆ ئەوە دەکرێت کە یەکەم؛ بەستێنی پێویست بۆ پەرەسەندنی زیاتری ئەو ئاڵتێرانتیڤە لەنێو کۆمەڵگادا بەهێز بکرێت و دووهەم؛ پۆتانسیێلی هێزی مرۆیی و وزەی کۆمەڵایەتی بۆ بەهێزتر کردنی بەڕێوەبەرانی ئەو ئاڵتێرناتیڤە زیاتر بێت.

بۆیە بە تەحریمی هەڵبژاردن ئێمە تەنیا بە دوای ئەوەوە نین کە بڵێین کۆماری ئیسلامی مەشرووعیەتی نیە، بەڵکوو بە دوای ئەوەوەین کە یەکەم؛ پێش بە پرۆسەی سەرنیا کردنەوەی مەشرووعیەتی سیستەم بگرین و دووهەم؛ بەستێنی کۆمەڵایەتی بۆ بیر لە ئاڵتێرانتیڤ کردن، بیر لە ڕەخنەی باری هەنووکەیی و لە یەک وشەدا بیر لە سیاسەت کردنەوە هەموار بکەین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.