بۆچی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی شۆرای شار ودێ بڕیارێکی دروست و بەجێ بوو؟

زایینی: ٢٣-٠٥-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٣/٠٢ - ١٤:٠٦ تاران
بۆچی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی شۆرای شار ودێ بڕیارێکی دروست و بەجێ بوو؟
ئەلبۆرز ڕووئین تەن

بەر لەوەی بچمە سەر باسەکە، دەمهەوێ ئەو چەندە بڵێم لە کۆماری ئیسلامی‌دا ئەوە کەس یا قانوون نیە کە قسەی یەکەم دەکات، بەڵکو ئەوە تاقمی دەسەڵاتدارە کە هەموو بڕیارێک دەتوانێ دەربکات و کەس ناتوانێ پێشی پێ‌بگرێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو بابەتە پەیوەندی بە کورد و ماف و داخوازی و دەرەتانی گەیشتن بە مافەکانی بێت.

باوەڕ ناکەم کەس هەبێ لەگەڵ ئەو بۆچوونەی سەرەوە دژایەتی بکات، ئەگەر دڵی بۆ مافەکانی کورد لێ‌بدات.

کەواتە ئێمەی کورد دەتوانین بێ یەک و دوو دژایەتی هەموو قەوارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەین، چوونکە تەنانەت ئەگەر لە قانونەکاندا بە ئەساسیشەوە ئەگەر بە ئەندازەی نوکی دەرزییەک ئاماژەی پێ کرابێ یا زۆریشی نووسرابێت، چوونکە ئەو تاقمە دەسەڵاتدارە نەک خۆی سەرووتر لە قانوون دەزانێت، بەڵکوو بە نوێنەری خوا لە سەر ئەرز دەزانێت. تا ئەو شوێنەی کە ئەو تاقمە هەبێ، بە دژی ئێمە دەجووڵێتەوە و حوکمی داگیرکەری هەیە، هەر بۆیە دژ بوونی، ئەخلاقی و دروستە. کە دەبینن ئەو بە هەموو شێوەیەک دژی ئێمە دەوەستێتەوە و ئێمەش دەبێ دژی بوەستینەوە.

لە بەستێنێکی وەهادا دەبینم ڕەخنە دەگیرێ لە بایکۆتی هەڵبژاردنی شۆرای شار بە تایبەتی ئەو شارانەی کە کورد و ئازەری یا کورد و فارسی لێیە کە گوایە بایکۆت هەڵە بووە. ئەوەش بۆتە هۆکاری ئەوەی کە دژایەتی کورد بکرێت یا هەڵاواردن هەبێت. ئەو ڕەخنەیە ئەوەندە کرچ و کاڵە کە پەیڕەوی لە هیچ بنەمایەک ناکەت. بەڵام بۆ ڕوون بونەوەی زیاتر وەڵامی دەدەمەوە.

بایکۆتی هەڵبژاردنی شۆرای شار و دێ هەڵە نەبوو چوونکە هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی سیستماتیک بە دژی گەلی کورد دەکرێت و شۆراکان هیچ دەسەڵاتێکی وایان نیە کە بتوانن ئەو هەڵاواردن یا دژایەتییە بسڕنەوە.

دواتر ئەو کوردانەی کە بۆ کاندید بوون دەبێ بە فیلتەری ئیتلاعاتدا تێپەڕ ببن، کوردێک بەو فیلتەرە تێپەڕ ببێت ناتوانێ و نایهەوێ ئەو هەڵاواردنە بسڕێتەوە.

گەورەترین دەسەڵاتی شۆرای شار هەڵبژاردنی شارەدارە، بەڵام بە گوێرەی یاسای شۆرای شار و و دێ، دوای ئەوەی کە شارەدار بە مەرجی دیاریکراو لە لایەن شۆراوە هەڵدەبژێرێت، دەبێ بۆ ئیمزای حوکمەکەی وەزیری نێوخۆ یا پارێزگار پەسەندی بکات دواتر دەتوانێ ببێ بە شارەدار.

تەنانەت ئەگەر گرفتێک لە نێوان وەزیر و شۆرا یا پارێزگار و شۆرا دروست بوو، ئەوا هەیئەتێکی تر هەیە کە بڕیار دەدات واتە شۆرا ئەو دەسەڵاتەشی نیە.

کەوایە هیوا بەستن بەو شۆرایانە کە بە سودی کورد دژی سیاسەتی هەڵاواردن بوەستنەوە یا بڕیارەکانی بە سوودی کورد بێت، کارێکی هەڵە و بەلاڕێ بردنی داخواز و مافەکانی کوردی لێ‌دەکەوتێەوە. بە تایبەتی ئەگەر ئەو هیوایە لە لایەن کەسایەتی یا هێزێکی شۆڕشگێرەوە دروست ببێت.

بابەتێکی تر ئەوەیە؛ دەڵێن ئەگەر بایکۆت نەکرێت و هەڵبژاردن لەو شارانە بەتایبەتی وەکو ورمێ بە بەڵگەیەک بۆ کورد بوونی بزانین.

ئەو کات ئێمە کورد بوون یا نەبوونی ئەوشارانە دەخەینە نێو گەمەیەکی سیاسی کە بەڕێوەبەر و حاکمەکەی کۆماری تێرۆریستی ئێرانە. ئایا حاکمیەتی ئەو تێروریستە دەبێ قەبووڵ بکەین، بێ‌گومان نا، چوونکە ئەودەمی هەر زوو و بێ‌گرفت پرسیار دەخەینە سەر کورد بوونی ئەو شارانە.

جیا لە هەموو ئەو هۆکارانە گریمان شۆرا بە دروستی و لە هەڵبژاردنێکی دێموکراتیک و بێ‌خەوش دیاری کران دیسان لە بەر ئەوەی مافە نەتەوەییەکانمان، داخوازە ڕەواکانمان لە سیستمی کۆماری ئیسلامی‌دا جێبەجێ ناکرێت، بایکۆت باشترین ڕێگەیە چوونکە داخوازی کورد بە شۆرای شارێک جێبەجێ نابێت، لەکاتێکدا هەموو دەسەڵاتە لۆکاڵیەکان لە لایەن ئەو سیستمە دیاری دەکرێن، شۆرای بێ‌دەسەڵات کورد هەبێت یا نە، چ دبێت؟.

بچووک کردنەوەی داخوازی کورد لە وەها دۆخێکدا بە هەڵبژاردنی شۆرا مانایەکی نیە و ئەویش بە لاڕێ بردنی هێز و وزەمانە. هەر بۆیەش لە سەر بنەمای ئامار و نەتیجەی درۆی کۆماری ئیسلامی ڕەخنە گرتن لە بڕیارێکی دروست و ئەخلاقیی بایکۆت بە دروست نازانم. تەنانەت زۆر جاریش ڕەخنەکە هەڵقوڵاوی کوتان و دژایەتی کردنی یەکترە، ئەگەر نا بۆچی دوای هەڵبژادن بە مانگێک هەموومان دیسان دەبینە هاوڕا سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی و جیاوازیمان نامێنێ لە دروست بوونی هەر گرفتێک پەنا بۆ چەک و خەباتمان دەبەین و نە شۆرا نە نوێنەری مەجلیس و نە ڕێفۆرمخواز بەهانامانەوە نایەت و تەنانەت دژایەتیشمان دەکەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.